پارێزەری "ئاتێنا فەرقدانی"، نیگارکێش و کارتۆنیست، ڕایگەیاند کە ناوبراو لە لایەن دادگای ئینقلابەوە شەش ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنراوە.
"محەممەد موقیمی"، پارێزەری دادگوستەری، لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئیکس (تویتەری جاران) نووسیویەتی: "خاتوو فەرقدانی لە لایەن لقی ٢٦ی دادگای شانۆیی ئینقلاب بە تۆمەتی سوکایەتیکردن بە پیرۆزەکان و بانگەشە دژی نیزام، سزای ٦ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندراوە".
فەرمانە ئاماژەپێکراوەکان ڕۆژی دووشەممە ٢١ی جۆزەردانی ١٤٠٣ی هەتاوی، بەم هونەرمەندە ڕاگەیێندراوە.
ئەو جۆرەی پارێزەری ئاتێنا فەرقدانی نووسیویەتی، دادگای ئینقلاب "بە بیانووی چەندین تاوان، توندترین سزای لە دوو تۆمەتی ئاماژەپێکراودا بۆ جێبەجێکردن داناوە".
بەڕێز موقیمی ٢٦ی خاکەلێوەی ئەمساڵ، دەستبەسەرکردنی پارێزوانەکەی ڕاگەیاند و نووسیبووی کە خاتوو فەرقدانی "دوای دەستبەسەرکردنی بە تووندی لێیدراوە، بە شێوەیەک کە کاریگەرییەکانی لەسەر ڕووخساری دیارە".
بەپێی نووسینی ناوبراو، ئەم کارتۆنیستە ڕەخنەگرە "لە ناڕەزایەتی بە دەستبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە، دانانی بارمتەی قبوڵ نەکردووە و بەم پێیە بۆ زیندانی شاری ڕەی (قەرچەک) گواستراوەتەوە".
خاتوو فەرقدانی لە مانگی جۆزەردانی ساڵی ڕابردووش دوای چوونی بۆ دادسەرای زیندانی ئێڤین، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابو.
ناوبراو پێشتریش پێشینەی چوونە زیندانی هەبووە و بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و کەینوبەین"، "بانگەشە دژی نیزام" و "سووکایەتیکردن بە ڕێبەری و سەرۆک کۆمار" سزای ١٨ مانگ زیندانی بەسەردا سەپێنرابوو کە هەموو ئەو ماوەیەی لە زینداندا بەسەر بردبوو.
ئەم کارتۆنیستە، دەرچووی بواری نیگارکێشی لە زانکۆی ئەلزەهرایە و لە مانگی گەلاوێژی ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی، تۆڕی داکۆکیکاری مافی کاریکاتێریستی نێودەوڵەتی، خەڵاتی بوێریی لەم بوارەدا بە ناوبراو بەخشی.
تێبینییەکەت بنووسە