لە درێژەی سیاسەتە شەڕخوازانەکانی سپای پاسداراندا، ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی هێزی قودسی سپای پاسداران، هەڕەشەی لە حکوومەتی عێراق کردووە کە "ئەگەر عێراق ئەو حیزبە کوردییە چەکدارەکانەی کە لە خاکی کوردستانی عێراقدان چەک نەکات، کۆماری ئیسلامی ئۆپراسیۆنێکی زەمینی بێ وێنە لە عێراق ئەنجام دەدات."
هەواڵدەری "ئەسۆشێتد پرێس" لەم بارەوە نووسیویەتی کە فەرماندەی هێزی قودسی سپای پاسداران، لە سەردانەکەی ئەم دواییەیدا بۆ بەغداد، هەڕەشەی "هێرشی نیزامی" لە حکوومەتی عێراق کردووە.
"ئەسۆشێتد پرێس" هاوکات لەگەڵ بڵاو کردنەوەی ئەم هەواڵە، لە زمانی چەند کاربەدەستێکی عێراق و هەرێمی کوردستان نووسیویەتی، ڕوون نییە ئەم هەڕەشەی قائانی چەندە جیدییە، بەڵام حکوومەتی عێراقی خستووەتە دۆخێکی دژوارەوە.
فەرماندەی هێزی قودسی سپای پاسداران ڕۆژی دووشەمەی حەوتوویی ڕابردوو، بەبێ ئاگادر کردنەوەی پێشوەخت چووە بۆ بەغداد و تا ڕۆژی سێشەمە لە عێراق بوو. سەفەری قائانی بۆ عێراق یەک ڕۆژ دوای هێرشی مووشەکی سپای پاسداران بۆ سەر بارەگای حیزبە کوردییەکان لە خاکی کوردستانی عێراقدا بوو کە سێ کوژراویی لێکەوتەوە.
قائانی جگە لە چەک کردنی حیزبە کوردییەکان داوای لە حکوومەتی عێراق کردووە سەربازانی عێراقی لە سەر سنووری ئێران و هەرێمی کوردستان جێگیر بکرێت.
دەسەڵاتدارانی عێراق وتوویانە هیچ بڵگەیەک لەسەر بانگەشەکانی فەرماندەی قودسی سپا بوونی نییە.
دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی چەندین جار بەبێ خستنەڕووی بەڵگەیەک، حیزبە کوردییەکان کە لە خاکی کوردستانی عێراقدان بە هاندانی ناڕازیان و هەروەها قاچاخی چەک بۆ ناو ئێران تۆمەتبار کردووە.
هەروەها لە کاتی دەست پێکردنی ناڕەزایەتییەکانەوە تا ئێستا کۆماری ئیسلامی دوو جار هێرشی مووشەکی کردووەتە سەر حیزبە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی لە خاکی هەرێمی کوردستاندا.
تێبینییەکەت بنووسە