"عوسمان وارۆل"، پارێزگاری ئاگری لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی "ئانادۆڵو"ی تورکیا وتی، پرۆژەی دانانی دیوار لە ئاگرییەوە تا وان بەرەو کۆتایی دەچێت و لە وان بۆ خوارەوەش بەخێرایی بەردەوامیی هەیە.
پارێزگاری ئاگری وتیشی، ئەو دیوارە تەیار کراوە بە سیستمی کامێرای چاودێری، هەروەها بە درێژایی دیوارەکە تاوەری ڕووناکی و دووربینی شەو لە بە مەودای نزیک بە یەکدی دانراوە.
وارۆل لە کۆتاییدا جەختی لە گرنگیی ئەو پرۆژەیە کردەوە و وتی، دیوارەکە لەشێوەی جادەیەکدا بە پانایی شەش مەتر ساز کراوە کە بەشی هەرە زۆری قیرەتاو بووە.
ئەم پرۆژەیە بەشێکە لە نەخشەڕێگەی حکومەتی تورکیا بۆ ڕێگری کردن لە کۆچی نایاسایی هاوڵاتیان بۆ تورکیا لە سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتەوە.
چاودێران پێشبینی دەکەن کە بە کۆتایی هاتنی کاری پرۆژەکە و دانرانی دیوارەکە، ڕێژەی کۆچی نایاسایی بۆ تورکیا بەڕێژەیەکی بەرچاو دابەزێت.
"سولەیمان سۆیلو" وەزیری ناوخۆی تورکیا ساڵی ڕابردوو لەوتارێکدا کە لە چوارچێوەی "دانیشتنی ساڵانەی شاندی کۆچ" لە ئانکارا پێشکەشی کرد، ڕایگەیاند، تورکیا لەساڵی ٢٠١٦ەوە ڕێگریی لە دوو ملیۆن و ٣٢٧ هەزار هاوڵاتی کردووە کە لە سنوورەکانی باشور و ڕۆژهەڵاتی تورکیاوە پێ بنێنە ئەو وڵاتە.
پرۆژەی دیواری سنووریی تورکیا لەگەڵ ئێران ساڵی ٢٠١٧ لە پارێزگای ئاگرییەوە دەستی پێکردووە و تاوەکو ئێستا لە کۆی ٢٤٢ کیلۆمەتر درێژیی دیوارەکە ١٥٩ کیلۆمەتری دروست کراوە.
تێبینییەکەت بنووسە