هاوکات لەگەڵ دەرکردنی بڕیاری لە سێدارەدان بۆ "جەمشید شارمەهد"، زیندانی دوو ڕەگەزنامەیی ئێرانی-ئاڵمانی، لە وڵامی ئەم بڕیارەدا وەزارەتی دەرەوەی ئاڵمان، دوو کارمەندی باڵوێزخانەی ئێرانی وەک "دوو تێکدەر" دەستنیشان کردووە و لە ئاڵمان دەریکردن.
وەزارەتی دەرەوەی ئاڵمان ئەمڕۆ چوارشەمە ٣ی ڕەشەمە، لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە، ئاڵمان ئەم دوو کارمەندەی وەک "دوو تێکدەر" دەستنیشان کردووە و داوای لێکردوون ئەم وڵاتە جێبهێڵن. لەم ڕاگەیەندراوەدا وردەکاری زیاتر لەسەر ناسنامە و پێگەی ئەم دوو دیپلۆماتکارە بڵاو نەکراوەتەوە.
دووشەمە ٢ی ڕەشەمە جەمشید شارمەهد، هاوڵاتی ئێرانی-ئاڵمانی، بە تۆمەتی "ئەفساد فیلئەرز لە ڕێگەی پلاندانان و ڕێنوێنی هەوڵە تیرۆریستییەکان" لە لایەن دادگای شۆڕشەوە بڕیاری لە سێدارەدانی بەسەردا سەپیندرا.
وەزارەتی دەرەوەی ئاڵمان بڕیاری لە سێدارەدانی جەمشید شارمەهد بە قبووڵ نەکراو ناو برد و هۆشداری داوە کە جێبەجێ کردنی ئەم بڕیارە "کاردانەوەی توندی" لێدەکەوێتەوە. لەم ڕاگەیەندراوەدا هاتووە کە سزای لە سێدارەدان نەک تەنیا "زاڵمانە، نامرۆڤانە و سووکایەتی پێکردنە" بەڵکوو جەمشید شارمەهد هیچ کاتێک بچووکترین ئیمکانی بۆ دادگاییکردنێکی دادپەروەرانە نەبووە.
هەروەها وەزارەتی دەرەوەی ئاڵمان وێڕای ڕەخنە گرتن لە ڕەوتی دادوەری ئەم دۆسیەیە ڕایگەیاند "سەرەڕای ئەو هەوڵە چڕانەی ئاڵمان لە ئاستێکی بەرزدا داویەتی، کۆماری ئیسلامی ئێران بەڕێز شارمەهدی لە پێوەندی کردن لەگەڵ باڵوێزخانە و هەڵبژاردنی پارێزە بێبەش کردووە و هەروەها لەسەر بەروار و پڕۆسەی دادگایی کردنی حکوومەتی ئاڵمانی ئاگادار نەکردووەتەوە.
پێدەچێت نیگەرانییەکان لەسەر جێبەجێ کردنی ئەم بڕیارە، بووبێتە هۆی ئەوەی ئاڵمان بەم شێوەیە کاردانەوە نیشان بدات. کۆماری ئیسلامی لەم دواییانەدا سەرەڕای ناڕەزایەتی توندی بریتانیا "عەلیڕەزا ئەکبەری"، هاوڵاتی ئێرانی-بریتانیای و لە کاربەدەستانی باڵای پێشوویی وەزارەتی بەرگری کۆماری ئیسلامی بە تۆمەتی "سیخوڕی" بۆ دەزگای ئاسایشی بریتانیا ، لەسێدارە دا.
تێبینییەکەت بنووسە