بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی کوردپا، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا هەواڵ گەلێک سەبارەت بە دەرکرانی دەیان کەس لە کرێکارانی شارەداری سەقز بڵاوکرایەوە کە هەندێ کەس ئەمەیان بە ئاکامی "گوشاری ناوەندە باڵادەستەکان" زانیوە و ژمارەیەکیش بە ناوی "دیاری سەیروسەمەرەی شارەداری سەقز بۆ کرێکارەکانی" ناویان لێ بردووە.
بەپێی ڕاپۆڕتەکەی کوردپا کە ڕۆژی ٩ی گوڵانی ١٤٠٣ی هەتاوی بڵاوی کردووەتەوە، ڕێژەی ئەم کرێکارانە ١١٧ کەس بووە و لە بەشە جۆراوجۆرەکانی، خزمەتگوزاری، جوانکاری و سەوزایی کاریان کردووە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هەندێک لەم کرێکارانە لەسەر ڕاسپاردەی ئەندامانی شۆرای شار، جێگرەکانی شارەداری یان فەرماندار لەسەر ئەم کارانە دانراون و ئێستا دوابەدوای دروستبوونی ناکۆکی لە نێوان شارەدار و هەندێک لە ئەندامانی شۆرای شار و فەرمانداردا، ئەم کرێکارانە بوونەتە قوربانی بەرپرسانی ناوبراو لە پارێزگاری کە بە گەورەکردنەوەی بابەتەکە بوونەتە هۆی دەرکردنی ئەم کرێکارانە.
پێشتر کاناڵی تێلێگرامی "سەقز ڕووداو" کە بۆ یەکەمین جار ڕاپۆرتی لەمبارەوە بڵاو کردەوە نووسی ئەم کارە "لەژێر گوشاری ناوەندە باڵادەستەکان"دا کراوە. ئەم میدیایە ڕێژەی کرێکارە دەرکراوەکانی ١٥٠ کەس ڕاگەیاندبوو.
کاناڵی تێلێگرامی "ئەنجومەنی کرێکاران و وەستاکارانی بانە"، ڕێژەی ئەم کرێکارانەی ١٧٠ کەس ڕایگەیاند و لە بەرەبەری ڕۆژی جیهانی کرێکاردا ئەوەی بە "دیاری سەیروسەمەرەی شارەداری سەقز بۆ کرێکارەکانی" ناو برد و نووسی، شارەداری سەقز دەستدرێژی کردووەتە سەر سفرەی ١٧٠ کرێکاری زەحمەتکێش و لە کار دەری کردوون.
ئەم ئەنجومەنە لە درێژەدا، هۆکاری ئەم کارەی "ناکۆکی و قەیرانی ڕێکخراوەیی" ڕاگەیاند.
ئەم کرێکارانە بە قەراردادی ٨٧ ڕۆژە لە بەشەکانی سەوزایی، جێبەجێکردن و نیگابانی کاریان کردووە.
تێبینییەکەت بنووسە