هاوکات لەگەڵ بڵاو بوونەوەی ڕاپۆرتەکان لەسەر یۆرانیۆمی پیتێنرای ٨٤٪ لە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، بێهروز کەماڵوەندی، وتەبێژی ڕێکخراوی ئەتۆمی ئێران، بەرامبەر ئەم ڕاپۆرتە کاردانەوەی نیشان دا و بانگەشەی کرد: "لێرەدا بە ڕوونی دەردەکەوێت پیلانگێڕیەک لە ئارادایە."
کەماڵوەندی، ئەمڕۆ هەینی ٥ی ڕەشەمە، لە وتووێژ لەگەڵ پرێس تیڤیدا سەبارەت بە ڕاپۆرتی ئەم دواییانەی هەواڵدەریی بلوومبێرگ لەسەر بوونی تەنۆلکەی پیتێنراوی ٨٤٪ لە ئێران وتی: "پیتاندنی ئێمە لە ٦۰٪ دایە. گەر بمانەوێت پیتاندنی زیاتر بکەین ڕایدەگەینین و لەم پێوەندیەدا کێشەیەک نابێت."
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەواڵدەریی بلوومبێرگ لە ڕاپۆرتێکدا لە زمانی دوو دیپلۆماتی ڕۆژئاواییەوە ڕاگەیاند پشکێنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە پشکنینەکانی خۆیان لە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، شوێنەواری یۆرانیۆمی پیتێنراوی تا ٨٤٪ یان، دۆزیوەتەوە.
بەڕێز کەماڵوەندی لە وتووێژەکانی دیکەدا بۆ جارێکی دیکە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بە درووست کردنی" کەشێک بۆ تۆمەتبار کردنی ئێران" و "سیاسیکار" تۆمەتبار کرد و وتی: "بە لەبەرچاو گرتنی ئەزموونی دیپلۆماتکارانەی خۆم هیچ لۆژیکێک لە هەوڵەکانی ئاژانسدا بەدی ناکرێت. لە پشت ئەم بابەتانەوە ئامانجی سیاسی هەیە. ئامانجی ئەوان خراپ نیشان دانی سیمای کۆماری ئیسلامیی ئێرانە."
وتەبێژی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران بۆ پاساو هێنانەوە بەرامبەر ڕێژەی پیتاندنی ئێران لە ڕاپۆرتی ئاژانسدا وتی: "ئەم ئامێرانە (سەنتەرفیوژەکان) زۆر بەخێرایی دەسوڕێنەوە. کاتێک کە خۆراکی ئامێرەکە زیاد دەکات، لە ئەنجامدا ڕێژەی پیتاندنیش زیاد دەکات. ئەمە پرسێکی گرینگ نییە."
دوای ڕاپۆرتی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی دەربارەی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران، گرژییەکان لەسەر زیندوو کردنەوەی ڕێکەوتنی بەرجام سەری هەڵداوەتەوە. ئانتۆنی بلینکێن، وەزیری دەروەی ئەمریکا، ڕۆژی شەمە ۲ی ڕەشەمە وتبووی کە "چیتر بەرجام لە ناو بژاردەکاندا نییە"، لەگە ئەمەشدا وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی یەک ڕۆژ دوای "پلانی جێگرەوە" بۆ بەرجام قسەی کردبوو.
پێشتر بەرپرسانی ئەمریکایی وتبوویان دوای سەرکوتی ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکان لە ئێران و ناردنی چەکی ئێرانی بۆ ڕووسیا بۆ کەڵک وەرگرتن لە دژی ئۆکراین، لە ئێستادا زیندوو کردنەوەی بەرجام بۆ کۆشکی سپی گرینگییەکی ئەوتۆی نییە.
تێبینییەکەت بنووسە