لە کاتێکدا هاوڵاتیانی ناڕازی لە ئێران بانگەوازێکی سێ ڕۆژەیان بۆ ئەمڕۆ دووشەمە ٢٢ی ڕەشەمە تا چوارشەمە ٢٤ی ڕەشەمە، بۆ گردبوونەوەی ناڕەزایەتی بڵاو کردووەتەوە، فەرماندەی هێزی ئینتزامی تارانی گەورە هۆشداری داوەتە هاوڵاتیان کە بڕیار وایە لە چوارشەمەسووری ئەمساڵدا جگە لە هێزەکانی ژیر دەسەڵات خۆیان لە هێزە لیباس شەخسییەکانیش کەڵک وەربگرن.
بە وتەی "عەباسعەلی محەمەدیان" کە لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتبووی: "سێشەمە لە کاتژمێر ٣ی پاشنیوەڕۆ، چالاکییەکان و جێگیر کردنی پۆلیس لە شەقامەکان و گەڕەکەکانی تاران دەست پێدەکەن." جگە لە هێزە ئینتیزامییەکان بەڵکوو هێزە لیباس شەخسییەکان ڕووبەڕووی کەسانی "تێکدەر" دەبنەوە.
فەرماندەی هێزی ئینتزامی تاران بەبێ ئاماژە کردن بە چەمکی "تێکدەر" لە ڕوانگەی پۆلیسی ئێرانەوە جەختی کردەوە کە هێزەکانیان بۆ دەستگیر کردنی ئەم کەسانە "لە توانای مزگەوتەکان" و بە وتەی خۆیان گرووپە "خەڵکییەکان" کەڵک وەردەگرن.
وا دەردەکەوێت مەبەستی عەباسعەلی محەمەدیان لە گرووپە خەڵکییەکان، ئەو کەسانە بێت کە لە بنکەکانی بەسیجی گەڕەکەکان ئامادەن و بەگشتی لە تەنیشت مزگەوتەکانەوەن و لە ژێر چاودێری سپای پاسداراندا چالاکی دەکەن.
پێشتر و لە کاتی بزوتنەوەی ناڕەزایەتی خەڵکی ئێران لە شەش مانگی ڕابردوودا، کۆمەڵک ڕاپۆرت لەسەر کەڵک وەرگرتن لە مزگەوتەکان وەک شوێنی دەستگیر کردنی کاتی ناڕازیان و شوێنی ئەشکەنجەدانیان بڵاو کرابووەوە.
کاناڵی "سیئێنئێن"، ماوەیەک لەمەوپێش لە وتووێژ لەگەڵ ١٠ کەس لە شایەتحاڵان و ئەو کەسانەی ئەشکەنجە درابوون، دەستی بە زانیاری لەسەر نزیکەی ٤٠ ئەشکەنجەگای نافەرمی کۆماری ئیسلامیدا ڕاگەیشت کە بەشێکیان لە نێو مزگەوتەکاندا بوون.
هەروەها ئەم بەرپرسە باڵایەی هێزی ئینتیزامی هۆشداری داوەتە هاوڵاتیانی تاران کە دەستگیرکراوان تا "دوای نەورۆز" ماشێنەکانیان لێ زەوت دەکریت.
هەروەها عەباسعەلی محەمەدیان وتوویەتی: "پۆلیس لە ماوەیەک لەمەوپێشەوە خۆی بۆ چوارشەمەسووری ئامادە کردووە" و بانگەشەی کردووە لەم پێوەندییەدا تا ئێستا "٨٠ تۆن کەرەستەی خاو بۆ دروستکردنی کەرەستەی سووتێنەری دەستکرد، چوار میلیۆن پارچە لە هەموو جۆرە کەرەستەیەکی سووتێنەری قاچاخ و نایاسایی"، لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دۆزراونەتەوە و هەر لەم پێوەندییەدا "١٢٤ کەس دەستگیر کراون و ١٧ ئەنبار داخراوە."
نەریتی چوارشەمەسووری یەکێک لە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزی ئێرانییەکانە، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا کۆماری ئیسلامی بەردەوام بە بڵاو کردنەوەی هەواڵ و وێنەی کەسانی سووتاو لە هەندێک لە ڕووداوەکاندا، وەک ڕێوڕەسمێکی مەترسیدار بە خەڵکی ناساندووە.
بەڵام هاوڵاتیانی ئێران لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا بە بڵاو کردنەوەی بانگەواز ڕایانگەیاندووە لە ڕۆژەکانی پێش "چوارشەمە سووری"دا بۆ جارێکی دیکە دەگەڕێینەوە سەر "شەقامەکان".
هاوکات لەگەڵ لێدوانەکانی فەرماندەی هێزی ئینتیزامی تارانی گەورە، هەروەها داواکاری گشتی و شۆڕشی شاری ئەردەستانی ئەسفەهان هەڕەشەی لە هاوڵاتیان کردووە کە ئەگەر "لە چوارشەمەسووریدا جوڵەی نەشیاو ئەنجام بدەن کە ببێتە هۆی تێکدان و ئارامی گشتی"، بەپێی بڕگەی ٦١٨ی یاسای سزادانی ئیسلامی جگە لە ٧٤ قامچی لێدان، بە ٣ یان ١ ساڵ زیندان مەحکووم دەکرێن.
هەروەها ئەم بەرپرسەی دەزگای دادوەرییە ڕوون کردنەوەی زیاتری لەسەر پێناسەی خۆی لە "جووڵەی نەشیاو" نەداوە.
"عەباس بارودوکو" لە درێژەدا هەڕەشەی لە هاوڵاتیان کردووە کە ئەگەر لە کاتی نەورۆزاد پابەندی حیجابی زۆرەملی نەبن، "ڕایدەگەیەنین، لە لایەن چاودێرانی دادوەری و دامودەزگا پەیوەندیدارەکانەوە ڕێکاری پێویست و یەکلاکەرەوە بەرامبەر ئەو کەسانە بگیرێتەبەر".
هەڕەشە کردن لە هاوڵاتیان بە دەستگیر کردن و قامچی لێدان لە لایەن بەرپرسانی دادوەریی و هێزە ئینتیزامییەکانەوە لە کاتێکدا ئەنجام دەدرێت کە سەرۆکی دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا لیبوردنی بۆ ٢٢ هەزار ناڕازی کە لە شەش مانگی ڕابردوودا لە کاتی ناڕەزایەتییە سەراەرییەکان دەستگیر کرابوون ڕاگەیاندووە.
پێشتر، "کاناڵی شەرق"، ڕۆژی ٢٠ی ڕێبەندان لە ڕاپۆرتێکدا لە زمانی پارێزەران و ناڕازیانی دەستگیر کراوەوە ئاشکرای کرد کە ئەوەی حکوومەت وەک "لێبوردن" لەسەر بەشێک لە دەستگیر کراوانی ئەم دواییانە ڕایگەیاندووە، لە ڕاستیدا "هەڵپەسێرانی سزا"دانە.
تێبینییەکەت بنووسە