ڕاگەیاندنەکانی عێراق دەڵێن کە لە ئەنجامی هێرشی فرۆکەی بێفرۆکەڤان بۆ سەر ئۆتۆمبیلێک کە سەرکردەکانی گروپی حیزبوڵڵای عێراق، سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێرانی تێدابووە، لانیکەم چووار ئەندامی ئەو گروپە کوژراون.
زانیارییە سەرەتاییەکان باس لەوە دەکەن لە هێرشەکە شەوی ١٨ی بەفرانبار لە گەڕەکێکی شیعەنشینی بەغدا ئەنجامدراوە و هەریەکە لە "ئەبوباقر ئەلسەعدی"، "ئەرکان ئەلعالیوی" و "محەممەدسابیر ساعدی"، بەرپرسی پەیوەندییە دەرەکییەکانی حیزبوڵڵای عێراق، لەگەڵ ئەندامێکی دیکەی ئەو گروپە کوژراون.
گروپە شیعەکانی ئێران تاوانی ئەو هێرشە ڕووبەڕووی ئامریکا دەکەنەوە. بەڵام تا ئێستا ویلایەتە یەکگرتووەکان هیچ کاردانەوەیەکی لەم بووارەوە نەبووە.
گروپی حیزبوڵڵای عێراق بەشێکی سەرەکییە لە حەشدی شەعبی و لە هەمانکاتدا بە یەکێک لەو گروپانە دادەندرێت کە گروپی "موقاومەتی ئیسلامی عێراق" پێکهێناوە.
دووابەدووای دەستپێکی شەڕی غەزە لە نێوان ئیسرائیل و گروپە فلستینییەکان، موقاومەتی ئیسلامی عێراق بەرپرسیارەتی دەیان هێرشی بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا وەئەستۆ گرتووە.
ئەو گروپە هەروەها تاوانبارە بەوەیکە هێرشی کردووەتە سەر هێزەکانی ئامریکا لە ولاتی ئۆردەن. هێرشێک کە لە ئەنجامیدا سێ سەربازی سوپای ویلایەتە یەکگرتووەکان کوژران و ٣٣ کەسیشیان برینداربوون.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕۆژی شەممە ١٥ی بەفرانبار، لە تۆڵەدا هێرشی کردە سەر ٨ بارەگای گروپەکانی نزیک لە ئێران، لە وڵاتانی عێڕاق و سوریا.
جو بایدن سەرۆککۆماری ئامریکا دووای ئەو هێرشانە ڕایگەیاند کە "ئەوە دووایین هێرشمان نییە و تازە دەستی پێکردووە".
تێبینییەکەت بنووسە