"نەدا ئەلناشیف" جێگری کۆمیساری مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە بێدەنگی تەواودا سەفەرەکەی بۆ ئێران بە ئەنجام گەیاند و دووای دیدار لەگەڵ کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ئێران، چووە بۆ قەتەر. ئەو سەردانەی ناشیف بۆ تاران لە کاتێکدا بوو کە ڕەخنەی چالاکڤانانی سیاسی و مەدەنی ئێرانی بەدووادا هاتبوو.
بە پێی ڕاپۆڕتی ڕادیۆ فەردا "ڕاڤینا شەمداسانی" وتەبێژی نووسینگەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئیمەیلێکدا وێڕای پشتڕاستکردنەوەی سەردانی ئەم بەرپرسەی ڕێکخراوەی نەتەوەکان ڕایگەیاندووە کە "جێگری کۆمیساریای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆتایی بە گەشتەکەی خۆی بۆ ئێران هێناوە و ئێستا لە سەفەرێکی دیکە دایە بۆ قەتەر".
وتەبێژی نووسینگەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە بێ دەنگبوونی ئەو سەردانە ئاماژەی بەوە کرد کە "بەگشتی سەردانەکە بە مەبەستی گرینگیدان بە پەیوەندی ڕاستەوخۆ بووە لە ئاستی باڵادا لەگەڵ بەرپرسان و دامەزراوە حکومییەکان".
پێشتر ڕاگەیەندرابوو کە ئەلناشیف لە ڕۆژانی ۱۳-۱۶ی ڕێبەندان بۆ ئێران سەفەر دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا هیچ میدیایەک لە ئێران دەربارەی ئەو سەردانه هیچ زانیاری و هەواڵێکیان بڵاونەکردووەتەوە.
لەم ڕاپۆرتەدا وردەکاری دیدارەکانی ئەلناشیف بڵاو نەکراوەتەوە، هەروەها دیار نییە لەگەڵ کام بەرپرسی حکومی دیداری هەبووە.
پێشتر باس لەوە کرابوو کە جێگری کۆمیساری مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لەم سەفەرەدا بۆ بەدواداچوون بۆ "پرسی سزای لە سێدارەدان لە ئێران، و مافەکانی ژنان" لە دەکات و سەبارەت بەو پرسانە لەگەڵ بەرپرسانی ئێران کۆدەبێتەوە و قسەدەکات.
پێش سەردانەکەی ئەم بەرپرسەی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، زۆرێک لە زیندانیانی سیاسی داوایان لێکردبوو کە لە سەفەرەکەیدا بۆ ئێران سەردانی زیندان بکات، بەڵام دیار نییە خاتوو ناشیف سەردانی ئەو زیندانەی کردووە یان نا.
هەروەها هەر یەکە لە ئەفسانه یوسفی (دایکی پێژمان فاتحی)، گەوهەر چاشنیگەر (دایکی وەفا ئازەربار)، بەدیعە شەریفپوور (دایکی محەممەد فەرامەرزی) و مەحموبە نەعلبەندیان (دایکی مۆحسێن مەزلوم)، لە نامەیەکی سەرئاوەڵەدا داوایان لە "نەدا ئەلشەنیف" کردبوو کە لە سەردانیدا بۆ ئێران، داوای ڕاگرتنی سزای لە سێدارەدانی منداڵەکانیان لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بکات.
کە چی سەرەرای هەموو داواکارییە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکان، ڕۆژی دووشەممە ٩ی بەفرانباری ١٤٠٢، سزای لە سێدارەدانی هەر یەکە لە "وەفا ئازەربار"، "پێژمان فاتحی"، "محەمەد فەرامەرزی" و "مۆحسێن مەزلووم" لەلایەن دەستەڵاتی دادی کۆماری ئیسلامییەوە لە زیندانی قزلحەساری کەرەج جێبەجێکرا.
تێبینییەکەت بنووسە