بە پێی ئەو ڕاپۆرتێکی کۆمەڵەی بەرگری لە زیندانیانی سیاسی ئازەربایجان "کەریم بووستانچی خزرئاباد"، مامۆستا لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا بە تۆمەتی "بانگەشەی دژ نیزام" لە ڕێگەی "بڵاوکردنەوەی وێنەی گیان بەختکردووانی ناڕەزایەتییەکانی ژن، ژیان، ئازادی لەلایەن دەستەڵاتی دادەوە چەند سزایەک لەوانە زیندانی بەسەردا سەپێدراوە.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، دادگای تێهەڵچوونەوەی ئینقلابی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا ئەم مامۆستا و چالاکە سنفییەی بە ٦٨ ڕۆژ زیندانی، دەستبەسەرداگرتنی مۆبایل، غەرامەی ١٥ ملیۆن تمەنی و داخستنی پەیجی ئینستاگرامی مەحکوم کردووە و ڕایگەیاندووە کە بڵاوکردنەوەی وێنەی کوژراوانی ناڕەزایەتییەکان "پێچەوانەی ڕاستییەکان" بووە و پێوەندییەکی بە "ڕەخنەی داهێنەرانە" نییە، هەر بەو هۆیەش بەڕێز بووستانچی بە بانگەشە دژی نیزام و بڵاوکردنەوەی درۆ تۆمەتبار کراوە.
کەریم بووستانچی خزرئاباد، پێشتریش بە هۆی چالاکییەکانی لە فەزای ئەلیکترۆنیدا لە لایەن لقی دووی دادگای ئینقلابی ورمێ بە سێ مانگ زیندانی و لە لایەن لقی ١١٠ی دادگای تاوانەکان (کیفری) بە دەستبەسەرداگرتنی مۆبایلەکەی و غەرامەی ١٥ ملیۆن تمەنی، مەحکوم کرا.
هەروەها دەستەی سەرپێچی کارگێڕەکانی پەروەردەی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، بەڕێز بۆستانچی بە ئاماژەدان بە بڵاوکردنەوەی وێنەی کەسیی خۆی بە کڕاوات، بە "بەرەوپێشبردنی شێوازی ژیانی ڕۆژئاوایی" تۆمەتبار کرد و بە هۆی پشتیوانیکردنی لە کۆبوونەوەی سنفی مامۆستایان و بەکارهێنانی وشەی گاڵتەجاڕانە سەبارەت بە بەرپرسانی حکومەتی، بە "کەمکردنەوەی ئاستێکی ئەم مامۆستایە و خانەنشین کردنی زۆرەملێ" مەحکوم کرا.
کەریم بووستانچی مامۆستای زمانی ئینگلیزی ناوچەی ٢ی پەروەردەی ورمێیە و پێشینەی ٢٧ ساڵ ئەزموونی لە پەروەردە هەیە.
تێبینییەکەت بنووسە