ڕۆژنامەی "ئیکسپرێسن"ی سویدی ڕۆژی سێشەممە ٢٩ی جۆزەردان لە ڕاپۆڕتێکدا بڵاوی کردەوە کە ئەحمەدرەزا جەلالی، هاووڵاتی ئێرانی-سویدی، ڕەخنەی ئاڕاستەی ئۆلاف کریستێرسۆن، سەرۆکوەزیرانی سوید گرتووە سەبارەت بە ئازادی حەمید نوری و بەوە تۆمەتباری کردووە کە "چاوپۆشی کردووە لە سزای لە سێدارەدانی ئەو".
جەلالی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ویدا مێهراننیای هاوسەری لە زیندانی ئێڤینەوە، کە فایلە دەنگییەکەی خراوەتە بەردەست ئەم ڕۆژنامەیە، ڕەخنەی لەوە گرتووە کە لە کاتی ئاڵوگۆڕی زیندانییەکاندا بە تەنیا ماوەتەوە و ڕایگەیاندووە: "بڕیارتان دا من بە تەنیا لەگەڵ مەترسییەکی گەورە جێبهێڵن. مەترسی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان".
ئەم هاووڵاتییە کە هەڵگری ناسنامەی ئێران و سویدە بە تۆمەتی "سیخوڕی" لە زیندانی ئێڤین ڕاگیراوە، ڕایگەیاند کە دڵخۆشە بە ئازادکردنی یۆهان فلۆدرۆس، هاووڵاتییەکی سویدی و سەعید عەزیزی، هاووڵاتییەکی ئێرانی-سویدی، لە زیندانەکانی ئێران، بەڵام مانەوەی لە ئێران "هەڵاواردنێکی ئاشکرایە".
جەلالی لە لێدوانێکیدا ڕوو لە سەرۆکوەزیرانی سوید وتی: "لە زیندانی ئێڤینەوە قسەت لەگەڵ دەکەم، ژوورێکی ترسناک کە هەشت ساڵ و دوو مانگم تێدا بەسەر بردووە، نزیکەی سێ هەزار ڕۆژی تەمەنم".
تۆبیاس بیلسترۆم وەزیری دەرەوەی سوید ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند، تاران ڕەگەزنامەی سویدی ئەحمەدڕەزا جەلالی قبوڵ ناکات و بە هاووڵاتی ئێرانی دەزانێت.
وەزیری دەرەوەی سوید بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، ستۆکهۆڵم جەلالی لەبیر نەکردووە و بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ ئازادکردنی.
ڕۆژی شەممە، سوید حەمید نوری، یاریدەدەری پێشووی داواکاری گشتی تاران، کە لەو وڵاتە بە تاوانی دژی مرۆڤایەتی و شەڕ تاوانبار کرابوو و سزای زیندانی هەتاهەتایی بۆ بڕابووە ئازاد کرد.
لە بەرامبەر ئازادکردنی نووری، کۆماری ئیسلامی یۆهان فلۆدرۆس، دیپلۆماتکاری یەکێتی ئەوروپا و هەروەها سەعید عەزیزی ئازاد کرد.
تێبینییەکەت بنووسە