لقی ٢٣ی دادگای ئینقلابی تاران، سزای زیاتر لە ٣٧ ساڵ زیندانی بەسەر سەعید تەمجیدی یەکێک لە خۆپیشاندەرانی خەزەڵوەری ٩٨ دا سەپاند کە بە ڕاپەڕینی ئابان ناسراوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێک کە "بیبیسی فارسی" بڵاوی کردووەتەوە، سەعید تەمجیدی لەلایەن دادگاوە تۆمەتی "کۆبوونەوە و دەستبەیەکی کردن بە مەبەستی ئەنجامدانی کردەوەی دژی ئاسایشی نیشتمانی، بەشداریکردن لە ئاگردان و تێکدانی موڵک و ماڵی گشتی و دامەزراوەی ماڵی و ئیعتباری مێلەل و بانکی مێهری ئیقتساد، بە مەبەستی تێکدانی نەزم و ئەمنییەتی کۆمەڵگا، ڕوبەڕوبونەوە لەگەڵ سیستم و حکومەتی ئیسلامی، بەجێهێشتنی نایاسایی وڵات و دزیکردن"ی خراوە پاڵ.
لەم حوکمەدا هاتووە کە "سەعید تەمجیدی" بە تۆمەتی "دزیکردن و ئازارگەیاندن" سزای ۱۸ ساڵ و ۹ مانگ زیندانی و لێدانی ۷۴، بە تۆمەتی "بەشداریکردن لە ئاگردان و تێکدانی موڵک و ماڵی گشتی بە مەبەستی تێکدانی نەزم و ئاسایشی کۆمەڵگا"، سزای ۱۲ ساڵ و ۶ مانگ زیندانی، بە تۆمەتی " کۆبوونەوە و دەستبەیەکی کردن بە مەبەستی ئەنجامدانی کردەوەی دژی ئاسایشی نیشتمانی" سزای ۶ ساڵ و ۳ مانگ زیندانی و بە تۆمەتی " بەجێهێشتنی نایاسایی وڵات و دزیکردن" سزای ۱ساڵ و ۳مانگ زیندانی بەسەردا سەپێندراوە.
سەعید تەمجیدی یەکێکە لە خۆپیشاندەرانی سەرهەڵدانی ئابانی ۹۸ کە پێشتر لە دادگایەک بە سەرۆکایەتی دادوەر "ئەبولقاسم سەڵەواتی" سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرابوو، بەڵام ئەم حوکمە لە دادگای باڵای وڵات هەڵوەشایەوە و جارێکی دیکە پێداچوونەوەی پێدا کرا.
تێبینییەکەت بنووسە