بەپێی زانیاریی سەرچاوە باوەڕپێکراوەکانی نزیک لە بنەماڵەی زیندانیانی سیاسی کە لە زیندانی قزڵحەسار بەندکراون، لە درێژەی پڕۆسەی ئازار و ئەشکەنجەی زیندانیانی سیاسی لەم زیندانەدا، ڕۆژی ڕابردوو ئەفسەرانی ژنی ئەو زیندانە بە بیانووی پشکنین، هاوسەری یەکێک لە زیندانیانی سیاسییان بە شێوەیەکی نامرۆڤانە خستۆتە ژێر ئازار، سوکایەتی و دەستدرێژی سێکسی.
سەرچاوە باوەڕپێکراوەکان "ئێران وایەر"یان ئاگادارکردۆتەوە، کە ئەفسەرانی ژنی زیندانی قزڵحەسار لە ڕەفتارێکی هۆڤانەدا، هاوسەری ئەم زیندانییە سیاسییەیان بە شێوەیەکی نامرۆڤانە، وێڕای سوکایەتی پێکردن و ئازاردان ڕوتکردۆتەوە و بە بیانووی ئەوەی کە "بۆ پشکنین فەرمانیان لە دەسەڵاتدارانی ئاسایشی زیندان وەرگرتووە"، بە دەست تێوەردان هاوسەری ئەم زیندانییە سیاسییەیان خستۆتە ژێر دەستدرێژی سێکسی.
بە وتەی یەکێک لە سەرچاوە نزیکەکانی بنەماڵەی ئەم زیندانییە سیاسییە، "توندی ڕەفتاری نامرۆڤانەی ئەفسەرانی زیندان بەجۆرێک بووە کە هاوسەری ئەم زیندانییە سیاسییە تووشی خوێنبەربوون بووە و جگە لەوەش، زیانێکی دەروونی توندی بەرکەوتووە".
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە لە زیندانی قزڵحەسار، ئەم ڕەفتارە نامرۆڤانەیە هەموو ڕۆژێ لەگەڵ بنەماڵەی زیندانیانی گشتی ئەنجام دەدرێت، بەڵام ئەمە بۆ یەکەمین جارە کە بە فەرمانی دەسەڵاتدارانی زیندان، لەگەڵ بنەماڵەی یەکێک لە زیندانییە سیاسییەکان بە بیانووی پشکنین، ڕفتارێکی ئاوە نامرۆڤانە ئەنجام دەدرێت.
پێویستە بگوترێ زیندانیانی سیاسی زیندانی قزڵحەسار لە هەڵمەتی "نا بۆ لەسێدارەدان"، هەموو سێشەمانە مان لە خواردن دەگرن و لە ماوەی چەند حەفتەی ڕابردوودا، فشار لەسەر ئەو زیندانیانە زیاتر بووە.
تێبینییەکەت بنووسە