سێ کۆڵبەر لە سنووری نەوسوودی سەربە کرماشان بە تەقەی هێزە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی برینداربوون.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "هەنگاو" ڕایگەیاند، ئێوارەی دووشەممە ١٥ی خاکەلێوەی ١٤٠١، هێزە سەربازییەکانی ئێران دەستەیەک کۆڵبەریان داوەتە بەر دەستڕێژیی گولـلە.
هەنگاو ناسنامەی یەک لەو سێ کۆڵبەرەی بە "ئاکۆ خودامورادی" ڕاگەیاندووە و نووسیویەتی، ئاکۆ خەڵکی شاری سەلاسی باوەجانییە و ٢٧ پارچە ساچمە بەر جەستەی کەوتووە.
بەپێی ئەو هەواڵە، هەر سێ کۆڵبەرەکە بەمەبەستی چارەسەریی پزیشکی گوازراونەتەوە بۆ ناوەندێکی دەرمانی لەشاری پاوە.
لەماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا ٥٤٧ کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان کوژراون و زیاتر لە هەزار وە ٦١ کۆڵبەری دیکەش لەو ناوچانە برینداربوون.
تەقەی هێزە سەربازییەکانی ئێران، ڕاوەدوونرانی کۆڵبەران لەلایەن ئەو هێزانەوە و بەربوونەوەی کۆڵبەران لە بەرزاییەکان، ڕووداوی هاتووچۆ و سروشتی بە چوار لە هۆکارە سەرەکییەکانی برینداربوون و کوژرانی کۆڵبەران دادەنرێت لە ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
سەرەڕای ئەوەش، ساڵانە ژمارەیەکی زۆر لە کۆڵبەران لەلایەن هێزە سەربازییەکانەوە دەستبەسەردەکرێن، دەست بەسەر کەلوپەل و بارەکانیاندا دەگیرێت یان سزای مادییان بەسەردا دەسەپێندرێت.
کۆڵبەری ساڵانێکی درێژە لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان بووە بە دیاردە و هەزاران هاوڵاتی لەڕووی ناچاری و هەژارییەوە ڕوویان کردۆتەوە ئەو پیشە پڕمەترسییە.
نەبوونی هەلی کار، هەژاری و کەمتەرخەمیی بەرپرسانی حکومەتی کۆماری ئیسلامی لەئاستی دۆخی ژیانی هاوڵاتیاندا بە هۆکارگەلی سەرەکیی دیاردەی کۆڵبەری دەزانرێت لە کوردستان.
تێبینییەکەت بنووسە