"تەسنیم"، ئاژانسی هەواڵی سەربە سوپای پاسداران بەبڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێکی ڤیدیۆیی بانگەشەی ئەوەی کردووە، کە ئیتلاعاتی سوپا "دوو سەرکردەی تۆڕێکی قاچاخی ژنان بۆ هەولێر"ـی دەستگیر کردووە.
ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی پووشپەڕی ١٤٠١، ئیتلاعاتی سوپای پاسداران بەڕاگەیەندراوێک ئەم بانگەشەیەی بڵاوکردەوە و ناوی دوو سرکردەی ئەو تۆڕەی بە "عيلیڕەزا فەرجادیکیا" و "کەتی" ڕاگەیاند.
لە ڕاگەیەندراوی ئیتلاعاتی سوپای پاسداراندا هاتووە، کە ئەو تۆڕە لەڕێگەی لێکۆڵینەوە لەگەڵ "زەهرا مەنسووریی هەمەدانی"ـیەوە ئاشکرا بووە کە بە "سارە" ناسراوە.
بەپێی بانگەشەی ئیتلاعاتی سوپا ئەو تۆڕە لە ساڵانی ڕابردوودا "سەدان ژنی ئێرانیان بەمەبەستی بازرگانی پێکردن بردۆتە هەولێر."
پێدەچێت زەهرا مەنسووری هەمەدانی هەمان "زەهرا سدیقی هەمەدانی" بێت کە پێشتر ڕێکخراوی "لێبوردنی نێودەوڵەتی" هەواڵی دەستگیربوونی بڵاوکردبووەوە لە سنووری ورمێ.
لێبوردنی نێودەوڵەتی بە نووسینی نامەیەک بۆ "غوڵامحسێن مۆحسنی ئێژەیی"، سەرۆکی دەزگای دادی ئێران داوای ئازادیی هەرچی خێراتری سارەی کردبوو و هۆشداریی دابوو کە ئەم مەترسییە لە ئارادایە بە "ئیفسادی فیلئەرز" تۆمەتبار بکرێت کە سزاکەی "سێدارە"یە.
ڕێکخراوی "شەش ڕەنگ" بۆ داکۆکیکردن لە مافی کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینەی ئێرانیش ڕایگەیاندبوو کە زەهرا سدیقی هەمەدانی تەنیا بەهۆی "ڕووتێکردنی ڕەگەزی"ـیەوە لە ڕۆژی ٥ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ـەوە دەستبەسەرە.
تێبینییەکەت بنووسە