close button
دەتەوێت بچیتە ناو وەشانی ئێران‌وایەرەوە؟
وادیارە بۆ دانانی ئەم لاپەڕەیە کێشەیەک هاتۆتە ئاراوە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە بچۆ ناو وەشانی ئێران‌وایەرەوە
هەواڵ

دۆلاری ئەمریکا گەیشتە سنووری ٤٦ هەزار تمەن

۲۳ ڕێبەندانی ۱۴۰۱
خوێندنەوەی وتارە لە ۱ خولەکدا
دۆلاری ئەمریکا گەیشتە سنووری ٤٦ هەزار تمەن

نرخی دۆلاری ئەمریکا لە بازاڕی ئازادی ئێران لە چەند حەوتووی ڕابردوودا ژمارەی پێوانەیی تۆمار کرد و گەیشتە سنووری ٤٦ هەزار تمەن. 

بەپێی ڕاپۆرتی میدیاکانی ئێران کە چاودێری دراوە بیانییەکان دەکەن، نرخی دۆلاری ئەمریکا لە دوانیوەڕۆی ڕۆژی ۲۳ی ڕێبەندان گەیشتە ٤٥۹۰۰ تمەن. 

ئەم ژمارەیە، بە بەراورد لەگەڵ ڕۆژی ۲۲ۍ ڕێبەندان، ساڵوەگەڕی شۆڕشی ۱۳٥۷، ۷۰۰ تمەن زیاد بوون نیشان دەدات. 

هەروەها ئەو ماڵپەڕانەی کە لە دەرەوەی ئێران نرخی  دراوەکان ڕادەگەێنن و بەو پێیە ئاڵوگۆڕی پێوە دەکرێت، نرخی دۆلاریان زیاتر لە ٤٦۷۰۰ تمەن ڕاگەیاندووە.  

هەروەها ئەمڕۆ نرخی دۆلار لە بازاڕەکانی هەرات و سلێمانی و درهەم بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی، ئەمەش کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر بازاڕی تمەنی ئێرانی هەیە.

هەروەها نرخی یۆرۆ تا کاتی نووسینی ئەم هەواڵە گەیشتووەتە زیاتر لە ٤۹ هەزار تمەن و نرخی پاوەندی بریتانیا گەیشتووەتە ٥٥٤۰۰ هەزار تمەن.

لە سەرەتای ساڵی ۱٤۰۱، نرخی دۆلار بە بەراورد لەگەڵ ڕیاڵی ئێرانی زیاتر لە ٤۰٪ زیادی کردووە. لە سەرەتای مانگی ڕێبەندانەوە بۆ ماوەیەکی کورت تا ٤٥ هەزار تمەن هەڵکشانی بە خۆیەوە بینی، بەڵام دوای ماوەیەک دابەزینی کورت، لە ڕۆژانی ڕابردوودا سەرلەنوێ ڕوو لە بەرزبوونەوەدایە. 

شارەزایان بنبەستی دانوستانەکانی زیندوو کردنەوەی بەرجام و خراپ بوونی پێوەندییەکانی نێوان ڕۆژئاوا لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بە تایبەت لە دوای ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکان بە یەکێک لە هۆکارەکانی دابەزینی بەردەوامی نرخی تمەن دەزانن. 

گوشارەکانی ئەمریکا بۆ سنووردار کردنی پەیوەندییە دراویەکانی وڵاتانی دراوسێی ئێران، لەوانەش عێراق، کاریگەری بەرچاوی لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی ئاڵوگۆڕی دراو هەبووە.

شارەزایانی ئابووری پێش‌بینیان کردووە، نرخی دۆلار تا کۆتایی ئەمساڵ لە کاناڵی ٤۰هەزار تمەن‌دا دەمێنێتەوە، بەڵام لەوانەیە لە ساڵی داهاتوودا لەمە بەرزتر ببێتەوە.

تێبینییەکەت بنووسە

کاریکاتێر

گۆچانی دەستی ئاغا

۲۳ ڕێبەندانی ۱۴۰۱
مانا نیستانی
گۆچانی دەستی ئاغا