ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا سەبارەت بە سزای لەسێدارەدان لە جیهاندا وتوویەتی ژمارەی لەسێدارەدانەکانی ئێران لە ٣١٤ حاڵەت لە ساڵی ٢٠٢١ی زایینییەوە بۆ ٥٧٦ حاڵەت لە ساڵی ٢٠٢٢ زیادی کردووە.
لە ڕاپۆرتەکەی لێبوردنی نێودەڵەتیدا کە ڕۆژی سێشەمە ٢٦ی گوڵان بڵاوی کردووەتەوە هاتووە کە ساڵی ڕابردوو لەو ٥٧٦ حاڵەتی لەسێدارەدانانەی کە لە ئێران جێبەجێ کراون ، ٢٧٩ کەس سزای قەساسیان بۆ دەرچبوو، ٢٥٥ کەس بە تۆمەتاکانی پێوەندیدار بە مادەی هۆشبەرەوە، ٢١ کەس بە دەستدرێژی سێکسی تۆمەتبار کرابوون و ١٨ کەس بە تۆمەتی "موحاربە" سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچبوو.
بەپێی ڕاپۆرتەکەی لێبوردنی نێودەوڵەتی، حکوومەتی ئێران سزای لەسێدارەدان وەک ئامرازێک بۆ سەرکوتی سیاسی بەکار هێناوە و بە لەسێدارەدانی نایاسایی ئەندامانی کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکان بەردەوامە لە سیاسەتی هەڵاواردن و سەرکوتی درێژ ماوەی ئەم گرووپانە.
هەروەها لێبوردنی نێودەوڵەتی بە ئاماژە کردن بە لەسێدارەدانی لانیکەم ٥ کەس لە ئێران لە ساڵی ٢٠٢٢دا بە هۆی کۆمەڵێک تاوان کە لە خوار تەمەن ١٨ ساڵانەوە ڕووی داوە، ئەو کردەوەیەی بە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان وەسف کردووە.
ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی نیگەرانی خۆی لە زیادبوونی بەرچاوی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەربڕی و ڕایگەیاند کە ژمارەی لەسێدارەدراوان لەم ناوچەیەدا لە ٥٢٠ حاڵەتی لەسێدارەدان لە ساڵی ٢٠٢١ بۆ ٨٢٥ حاڵەتی لەسێدارەدان لە ساڵی ٢٠٢٢ زیادی کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی لێبوردنی نێودەوڵەتی، ٩٠٪ی ئەو لەسیدارەدانانە جیا لە وڵاتی چین لە سێ وڵاتی ئێران، سعوودیا و میسر ئەنجام دراون.
بەپێی نووسینەکانی ئەم ڕێکخراوەیە، لە ساڵی ٢٠٢٢ی زایینی سعوودیا لانیکەم ١٩٦ کەسی لەسێدارەداوە کە زیاترین ژمارە بووە لە ٣٠ی ساڵی ڕابردوودا. هەروەها هەر لەم ماوەیەدا میسر ٢٤ کەسی لەسێدارەداوە.
از بخش پاسخگویی دیدن کنید
در این بخش ایران وایر میتوانید با مسوولان تماس بگیرید و کارزار خود را برای مشکلات مختلف راهاندازی کنید
تێبینییەکەت بنووسە