بەپێی ڕاگەیاندنی دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئەمڕۆ ٣٠ی گوڵان، بڕیاری سزای لەسێدارەدانی "شەهروز سوخەنوەری" ناسراو بە ئەلێکس" جێبەجێ کرا.
شەهروز سوخەنوەری کە لە پێوەندی لەگەڵ دۆسیەی "بازرگانی نێودوڵەتی مرۆڤ" تۆمەتبار کرابوو لە ساڵی ١٣٩٩ دەستگیر کرا و گەڕاندیانەوە بۆ ئێران. دواتر دەزگای دادوەری ڕایگەیاند ئەم تۆمەتبارەیان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئیتەرپۆل لە وڵاتی مالیزی دەستگیر کردووە و پاشان هێناویانەتەوە بۆ ئێران.
ئەم بەندکراوە لە ساڵی ١٤٠٠ لە دادگای شوڕشدا سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو. داوای سزادان بەدژی سوخەنوەری بەپێی "دانپێدانانەکان" و "گرتە ڤیدیۆ خراپ و قیزەونەکان لە ناو مۆبایلەکەیدا" دەرچووە.
لە ڕاپۆرتی وردی هەواڵدەری میزان سەبارەت بە دۆسیەی ئەلێکس، ئاماژە بەوە کراوە کە "ڕۆژی ١٨ی مانگی خەزەڵوەری ٢٠١٨، ڕاپۆرتێک بۆ داواکاری گشتیی تاوانەکانی ئەمنییەتی ئەخلاقی نێردراوە، هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە لە لێکۆڵینەوەی زانیارییەکاندا دەرکەوتووە کەسێک بە ناسنامەی "سارا جەرەف دریسزادە" لە وڵاتی ئیمارات بە کۆ کردنەوەی کۆمەڵێک کچ و ژن هەوڵی پێکهێنانی تۆڕێکی خرابەکارانەی داوە کە لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە ناوبراو لقێک بووە لە تۆڕی نێودەوڵەتی بازرگانی کردن بە ژنان و کچانی شەهروز سوخەنوەری ناسراو بە ئەلێکس، کە وەک بڕێوەبەری باڵای ئەم تۆڕە لە ژێر چاودێری و ڕێنمایی ئەلێکس لە دوبەی چالاکی دەکات."
لەم ڕاپۆرتەدا ئاماژە بەوە کراوە: "ئەم تۆڕە تا ئەو ڕادەیە کاریگەری هەبووە بە شێوەیەک کە توانیویەتی لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا بانگهێشتنامە و ڤیزەی دوو مانگەی مالیزیا وەربگرێت".
هەروەها دزگای دادوەری تۆمەتباری ڕیزی دووهەمی ئەم دۆسیەیەی بە سزای لەسێدارەدان و پێنج کەسی دیکە لە تۆمەتبارانی بە ١٥ ساڵ زیندان سزا داوە.
پێشتر ڕۆژی ٢٧ی گوڵان شەهروز سوخەنوەری بۆ جێبەجێ کردنی سزاکەی گوزرابوویەوە بۆ ژووری تاکەکەسی زیندانی ڕەجاییشەهری کەرەج و هاوکات لەگەڵ ئەو حەوت زیندانی دیکە لە زیندانی قێزێلحێساری کەرەجەوە بۆ جێبەجێ کردنی سزای لەسێدارەدان گوازراونەتەوە بۆ ژووری تاکەکەسی.
لە ڕاپۆرتی دەزگای دادوەری باس لەوە کراوە کە ئەلێکس لە ساڵی ١٣٥٢ لە ئێران چبووە دەرەوە و لە وڵاتانی وەک هێند، ئیمارات، ئەمریکا، مالیزی و ئۆکراین ژیاوە و لەو ماوەیەدا هاتوچۆی ئێرانی کردووە.
لەسێدارەدانی شەهروز سوخەنوەری لە کاتێکدا ڕووی داوە کە ڕۆژی ڕابردوو ٢٩ی گوڵانی ١٤٠٢، سێ تۆمەتباری دۆسیەی خانەی ئیسفەهان سەرەڕای ناڕوونی و زانیاری دژبەیەک لە دۆسیەکەیاندا لەسێدارەدران.
لەسێدارەدانی تۆمەتبارانی خانەی ئیسفەهان، لە دەرەوە و ناوەوە شەپۆلی تووڕەیی و ناڕەزایەتی بە دوای خۆیدا هێنا. شەوی ٢٩ی گوڵان، هاوڵاتیان لە شارە جیاوازەکانی ئێران بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە لەسێدارەدانی ساڵح میرهاشمی، مەجید کازمی، و سەعید یەعقووبی هاتنە شەقامەکانەوە و بە دژی کۆماری ئیسلامی دروشمیان وتەوە.
لە مانگەکانی ڕابردوودا ڕەوتی جێبەجێ کردنی سزای لەسێدارەدان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە. ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە نوێترین ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا ڕایگەیاندووە لە ساڵی ڕابردوودا لەسێدارەدانی خەڵک لە ئێران بە ڕێژەی ٨٣٪ زیادی کردووە و ئێران بە ڕێژەی دانیشتوانی جیهان زۆرترین ژمارەی لەسێدارەدانی هەیە.
تێبینییەکەت بنووسە