حوسەین ئەمیرعەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی، ڕۆژی هەینی ٥ی جۆزەردان پشتڕاستی کردەوە کە ئەسەدوڵا ئەسەدی، دیپۆلۆمات- تیرۆرسیتی سزا دراوی ئێرانی، لە زیندانی بەلژیکا ئازاد کراوە و لە ڕیگای گەڕانەوەدایە بۆ ئێران.
ئەمیر عەبدوڵاهیان لە تویتەرەکەی خۆیدا نووسیویەتی: "بەڕێز ئەسەدوڵا ئەسەدی، دیپلۆماتکاری بێ تاوانی وڵاتەکەمان کە بە پیچەوانەی یاسا نێونەتەوەییەکان و بە شێوەیەکی نایاسایی زیاتر لە دوو ساڵ لە ئاڵمانیا و بەلژیکا دەستگیر کرابوو، ئێستا لە ڕێگای گەڕانەوەدایە بۆ وڵات و بە زوویی دێتە نێو خاکی ئێرانی ئازیزیمانەوە."
وەزارەتی دەرەوەی عەمان ڕۆژی هەینی پێنجەمی جۆزەردان ڕایگەیاند بەلژیکا و ئێران بە نێوەنجیگەریی ئەم وڵاتە گەیشتوونەتە ڕێکەوتنێک بۆ گۆڕینەوەی زیندانییەکانیان لەگەڵ یەکتر.
هاوکات لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییە، سەرۆک وەزیرانی بەلژیکا ڕایگەیاند ئیلیویە وێندکاستیل، ئیمدادگەری بەلژیکیی بەندکراو لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی ئازاد کراوە.
بەرپرسانی بەلژیکا لە مێژە خوزیاری ئازاد کردنی "ئۆلیویە وێندکاستیل" بوون. ئەو ئیمدادگەرە ٤٢ ساڵ تەمەنە بەلژیکییە کە لە مانگی ڕێبەندانی ١٤٠٠ لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەستگیر کرابوو و بە تۆمەتی "سێخوڕی کردن"بە "٤٠ ساڵ" زیندان سزا درابوو.
ئەسەدوڵا ئەسەدییش لێپرسراوی سێهەمی سەفارەتی کۆماری ئیسلامی لە ڤەیانا بوو کە لە مانگی پووشپەڕی ساڵی ١٣٩٧ بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ دانانی بۆمب لە کۆ بوونەوەی ڕێکخراوی موجاهیدنی خەڵک لە فەڕانسا دەستگیر کرا و لە مانگی ڕێبەندانی ١٣٩٩دا لە دادگای بەلژیکا بە ٢٠ ساڵ زیندان سزا درا.
تێبینییەکەت بنووسە