ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە لە سەروبەندی ساڵوەگەڕی ناڕەزایەتییەکان و کردنەوەی زانکۆکان لە ئێراندا تەنیا لە ڕۆژی شەمە ٤ی خەرمانانی ١٤٠٢، لانیکەم "١٠ کەس لە مامۆستایان"ی زانکۆی شەریف، عەلامە و تاران "دەرکران، هەڵپەسێران و یان دوور خراونەتەوە".
هاوکات بەرپرسێکی وەزارەتی زانستی ئێران جێبەجێ کردنی پلانێکی بە ناوی "کانێکت" بۆ "گەڕاندنەوەی خوێندکاران و نوخبەکان" لە دەرەوەی وڵات بۆ ئێران ڕاگەیاند.
لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا چەندین هەواڵ لەسەر "دەرکردن، هەڵپەسێران و دوورخستنەوەی" ئەو مامۆستایانەی لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ڕابردوودا پشتیوانیان لە خوێندکارانی ناڕازی کردووە یان لەگەڵ ناڕەزایەتییەکاندا بوون بڵاو کراوەتەوە.
کاناڵی تێلێگرامی دانشجویانی موتەحێد ئێوارەی ڕۆژی ٤ی خەرمانان ڕایگەیاندووە دوو مامۆستای زانکۆی عەلامەی تاران، بە ناوەکانی "حەمیدە خادمی و ئامینە عالی" لە ڕێگەی پێوەندیی تێلێفۆنییەوە دەرکراون.
لە بەشێکی ڕاپۆرتی ئەم سەرچاوەدا هاتووە "سەر لە بەیانی شەمە ٤ی خەرمانانی ١٤٠٢، لە دوای پێوەندییەکی تێلێفۆنی و بەبێ ڕاگەیاندنی بڕیاری فەرمی، دکتۆر حەمیدە خادمی و دکتۆر ئامینە عالی، هەردووکیان لە مامۆستایانی زانکۆی دەروونناسی زانکۆی عەلامە تەباتەبایی لە ژێر ناوی "هەڵوەشاندنەوەی گرێبەست" لەم زانکۆیە دەرکران.
لەم ڕاپۆرتەدا ڕوون کراوەتەوە حەمیدە خادمی و ئامینە عالی، هەردووکیان ئەندامی دەستەی زانستیی گرووپی پەروەردە و بارهێنانی زانکۆی دەروونناسی عەلامە تەباتەبایی، "لە پێوەندییەکی تێلێفۆنیدا، سکرتێری ئۆفیسی زانکۆی دەروونناسی زانکۆی عەلامە ئەم دوو مامۆستایەی ئاگادار کردۆتەوە لە ١ی خەرمانانەوە گرێبەستەکەیان هەڵوەشاوەتەوە".
بەپێی زانیارییەکانی کاناڵی دانشجویان موتەحێد حەمیدە خادمی و ئامینە عالی ساڵی ڕابردوو و لە کاتی ناڕەزایەتییەکاندا "وێڕای دەژایەتیی سەرکوتی خوێندکاران، پشتیوانیان لە خوێندکارە دەستبەسەرکراو و هەڵپەسێراوەکان کردبوو."
هەروەها شورای پیشەیی خوێندکارانی ئێران بەکارهێنانی "پێوەندی تێلێفۆنی" بۆ ڕاگەیاندنی هەواڵی پێوەندیدار بە دەرکردن و هەڵپەسێرانی مامۆستایانیان بە "مێتۆدی سەرۆکی زانکۆی دەروونناسی عەلامە" و "ڕاگەیاندنی تێلێفۆنی" "شێوازێکی نوێی سەرکوت و دەرکردنی مامۆستایانی زانکۆ" وەسف کردووە و لە درێژەدا باسی ئەوەیان کردووە: لە حاڵێکدا "پچڕانی هاوکاری لەگەڵ ئەم دوو مامۆستایە بە شێوەی فەرمی ڕانەگەیەندراوە" بەڵام لە "ڕێگەی پێوەندی تێلێفۆیی سکرتێری زانکۆکە" پێیان ڕاگەیەندراوە.
عەلی شەریفیزارچی، ئەندامی دەستەی زانستی بیوئینفۆرماتیک و زیرەکی دەستکردی زانکۆی ئەندازیاری کۆمپیوتەری زانکۆی پیشەسازی شەریف، ڕۆژی شەمە "وەرگرتنی نامەی دەرکردنی" خۆی لەم زانکۆیە ڕاگەیاندووە.
سیصد گل سرخ، یک گل نصرانی
— علی شریفی زارچی (@SharifiZarchi) August 26, 2023
ما را ز سر بریده میترسانی؟
ما گر ز سر بریده می ترسیدیم
در محفل عاشقان نمیرقصیدیم
امروز نامهی اخراج من از #دانشگاه_شریف دریافت شد.
ئەم مامۆستای زانکۆیە کە پێشتر بە هۆی هەڵوێستی ڕەخنەگرانە خۆی بەرامبەر دەستگیریی خوێندکاران و ئەمنییەتیی بوونەوەی کەشی زانکۆ چوون بۆ زانکۆ و وانە وتنەوەی لێ قەدەغە کرابوو لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئیکس نووسی " سیصد گل سرخ، یک گل نصرانی ما را ز سر بریده میترسانی؟ ما گر ز سر بریده می ترسیدیم در محفل عاشقان میرقصیدیم امروز نامه اخراج من از دانشگاه شریف دریافت شد."
لە یەکەمین کاردانەوەی ڕۆژنامەی زانکۆی شەریفدا هۆکاری دەرکردن و ڕاگیرانی هاوکاری زانکۆ لەگەڵ ئەم مامۆستا ڕەخنەگرەدا بەم شێوەیە ڕوون کردنەوەی لەسەر درابوو: "ئەو مامۆستایانەی هاوکاری کردنیان لەگەڵ زانکۆ بە شیوەی گرێبەست بووە بۆ گۆڕینی دۆخی دامەزراندنیان لە گرێبەستەوە بۆ فەرمی بۆ ماوەی ٥ ساڵ مۆڵەتیان هەیە هەوڵ بدەن و پاش ئەم ماوەیە، ئەندامی دەستەی زانستی دەبێت داوای تازەکردنەوەی ئەندامێتیی گرێبەست بدات کە لە ژێر هەندێک مەرجدا قبوڵ دەکرێت؛ مۆڵەتی ٥ ساڵەی گرێبەستی دکتۆر شەریفیزارچی وەک مامۆستای یاریدەدەری زانکۆ، لە مانگی ڕێبەندانی ١٤٠٠ کۆتایی پێهاتووە کە لە ٩ مانگ پێشتر، زانکۆ سێ جار بە ناردنی نامە بانگهێشتی کردووە و داوای نوێ کردنەوەی ئەندامێتی گرێبەستەکەی و هەروها بەڵگەنامەی چالاکییە زانستییەکانی کردووە کە بەداخەوە سەرەڕای ئەم داواکاریانە و بەدواداچوونی زارەکیی بەردەوام، لە لایەن ئەوەوە هیچ هەوڵێک ئەنجامی نەگرتووە."
ئەم مامۆستای زانکۆیە بە ئاماژە کردن بە بانگەشەی زانکۆی شەریف، وێنەی تۆمارکراوی داواکارییەکانی "پلە بەرزکردنەو و گۆڕانی دۆخی" خۆی بڵاو کردەوە کە بەرواری ئەم داواکاریانە دەگەڕینەوە بۆ مانگی گەڵاوێژ، ڕێبەندان و ڕەشەمەی ١٤٠٠ و مانگی گەلاوێژی ئەم ساڵ و هەروەها نووسیویەتی "ببینن چۆن ڕاستی لە پێناو سیاسەتدا دەبێتە قوربانی."
شورا پیشەییەکانی خوێندکارانی ئێران دەرکردنی بەڕێز شەریفیزارچی و مامۆستایانی دیکە کە "پشتیوانی بەرینیان لە ناڕەزایەتی خوێندکاران کردبوو"، بە "بەردەوامیی پڕۆژەی دەرکردن و سەرکوتیی مامۆستایان" وەسف کردووە.
هاوکات شوراکانی پیشەیی خوێندکارانی ئێران پشتڕاستی کردۆتەوە کە ٧ کەس لە مامۆستایانی زانکۆی ئەدەبیاتی زانکۆی تارانیش "دەرکراون".
ئەم ناوەندە پیشەییە سەبارەت بەم بابەتە نووسیویەتی: "خوێندکارانی زانکۆی ئەدەبیات و زانستە مرۆییەکانی زانکۆی تاران لە وەرزی نوێی خوێندندا لە ڕێگەی بڵاو کردنەوەی لیستی ئەو کورسانەی لەم زانکۆیە پێشکەش دەکرێت، بۆیان دەرکەوتووە ناوی لانیکەم ٧ کەس لە مامۆستایانی ئەم زانکۆیە" لە ناو لیستەکەدا نییە.
ناسنامەی ئەم ٧ مامۆستایە بریتین لە "وەحید عەیدگاه مامۆستای یاریدەدەری بەشی زمان و ئەدەبیاتی فارسی، لیلی ورهێرام مامۆستای بەشی فەرهەنگ و زمانە مێژووییەکان، جەواد بەشیری مامۆستای یاریدەدەری بەشی زمان و ئەدەبیاتی فارسی، قاسم عەزیزی مامۆستای یاریدەدەری بەشی زمان و ئەدەبیاتی عەرەب، میلاد عەزیمی مامۆستای یاریدەدەری بەشی زمان و ئەدەبیاتی فارسی، داریوش ڕەحیمیان مامۆستای یاریدەدەری بەشی مێژوو، حوسەین مێسباحیان مامۆستای یاردەدری بەشی فەلسەفە" پشڕاست کراوەتەوە.
لەم ڕاپۆرتەدا بە جەخت کردنەوە لەسەر ئەوەی کە "بەشێک لەم مامۆستایانە پێشتر لە دەستەی وەرگرتن و هەڵبژاردنی زانکۆ لێپرسینەوەیان لێ کراوە"، ئاماژەی بەوە کردووە کە "لابردنیان" لە زانکۆی ئەدەبیاتی زانکۆی تاران "نەک بە شێوەی یاسایی و بە ڕاگەیاندنی فەرمی، بەڵکوو بەبێ ئاگاداری پێشوەختە و لە ڕیگەی ڕێگری کردن لە پێدانی وانە" ڕووی داوە.
سەرجەم ئەو مامۆستایانەی لە لیستی مامۆستایانی زانکۆی ئەدەبیاتیی زانکۆی تاراندا وەلا نراون "چەندین ساڵ وانەی تایبەتیان" لەم زانکۆیە وتووەتەوە بەڵام بەپێی نووسینی شواری پیشەیی خوێندکاران "ئەم وانە تایبەتانە" لە تێرمی داهاتوودا "بە کەسی تازە سپێردراوە کە بە شێوەی جیاواز لە دەوروبەری و نزیکانی عەبدوڵڕەزا سەیف، سەرۆکی ئەم زانکۆیەن."
شوار پیشەییەکانی خوێندکارانی ئێران جەختی کردۆتەوە کە "وەلانانی مامۆستایانی کارامە و خاوەن پێشینە و وانەکانیان و جێگیر کردنیان لەگەڵ کەسانی ناپسپۆڕ، گورزێکی گەورە لە جەستەی ئەم زانکۆ گرینگ و مێژووەی وڵات" دەدات.
لە ماوەی حەوتووەکانی ڕابردوودا هەواڵی وەرگرتنی بڕیاری "هەڵپەسێران لە وانە وتنەوەی" ئازین موەحید، مامۆستای بەشی مووسیقای زانکۆی هونەرە جوانەکانی تاران، کە لە مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوودا بە هۆی پشتیوانیی لە خوێندکارانی ناڕازی لە پێدانی مووچە بێبەش کرابوو لە میدیاکان بڵاو کرایەوە.
ئەم مامۆستا ناسراوەی مووسیقا لە وتووێژ لەگەڵ ماڵپەڕی "خەبەر ئۆنلاین"دا وتوویەتی کە لە کاتی ناڕەزایەتییەکاندا "چۆن دەیتوانی موتزارت بڵێتەوە کاتێ خوێندکاران لە زانکۆدا ئەمنییەتیان نەبوو."
دووپاتیشی کردەوە، لەکاتی ناڕەزایەتییەکاندا نامەی بۆ بەرپرسانی زانکۆ نووسیوە و دابینکردنی ئەمنییەت و تەندروستی خوێندکارانی بە مەرجی بەڕێوەچوونی وانەکانی خۆی ڕاگەیاندووە.
هەروەها مێهدی خویی، مامۆستای کۆمەڵناسی زانکۆی عەلامەی تاران، ڕۆژی چوارشەمە ٢٦ی گەلاوێژ، لە ڕێگەی بڵاو کردنەوەی دەقێکی کورتەوە لە ئینستاگرام دەرکردنی خۆی پاش حەوت ساڵ وانە وتنەوە لەم زانکۆیە ڕاگەیاند.
پێشتر ژمارەیەک لە مامۆستایانی زانکۆکانی تاران، فیردەوسی مەشهەد، زانکۆی ئیسفەهان، زانکۆی هونەری تاران، زانکۆی کرمان، زانکۆی حەکیم سەبزەواری، زانکۆی بەهەشتی و زانکۆکانی دیکەی ئێران بە پشتیوانی کردن لە خوێندکارانی ناڕازی یان کارەکەیان "هەڵپەسێراوە" یان "دەرکراوان".
شەپۆلی بەرینی هەڵپەسێران و دەرکردنی مامۆستایان هاوکات لەگەڵ بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە لایەن چالاکانی خوێندکاریی و چالاکانی بواری زانکۆ بە "گەورەترین پڕۆژەی دەرکردن و سڕینەوەی زانکۆکان لە سەراسەری وڵاتدا" وەسف کردووە.
سەرکوتی زانکۆکان و وەلانانی مامۆستایانی زانکۆ لە حاڵێکدا چرتر بۆتەوە کە محەمەدمێهدی مەسعوودی، بەڕێوەبەری گشتیی بورس و ناردنی خوێندکارانی ئەم وەزارەتخانەیە، لە وتووێژ لەگەڵ میدیایەکی نزیک بە سپای پاسداران وتوویەتی "پڕۆژەی کانێکت" وەک پلانێک بۆ گەڕاندنەوەی خوێندکاران لە دەرەوە بۆ نێوخۆی ئێران لە جێگریی زانستی ڕێکخراوی کاروباری خوێندکارانەوە بەدواداچوونی بۆ دەکرێت.
ئەو بانگەشەی کردووە سەبارەت بە ژمارەی خوێندکارانی ئێرانی لە دەرەوەی وڵات "ئاماریکی ورد" لەبەردەستدا نییە، بەڵام بەپێی ئەو زانیاریانەی لە ماڵپەڕی "مێخەک"ی وەزارەتی دەرەوە تۆمار کراون "نزیکەی ١٠٠ هەزار خوێندکاری ئێرانی لە دەرەوەی ئێران سەرقاڵی خوێندنن."
ئەم بەرپرسەی وەزارەتی علووم پشتڕاستی کردۆتەوە کە زۆربەی خوێندکارانی ئێرانیی دەرەوە لە دوو وڵاتی "ئەمریکا و کانەدا" و دواتر لە وڵاتانی ئاڵمان بە ١٤ هەزار و ئیتالیا بە ١١ هەزار خوێندکاری ئێرانی لە ڕیزی دواییدان.
لە ڕۆژانی ڕابردوودا گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە وتووێژی ئەو کەسانەی لە کونکوری ١٤٠٢دا پلەی بەرزیان بە دەست هێنابوو بڵاو کرایەوە لەم گرتە ڤیدیۆیەدا زۆربەیان سەبارەت بە بڕیاری کۆچکردنی خۆیان قسە دەکان.
بەپێی ڕاپۆرتێک کە ڕۆژنامەی فەرهیختگان بڵاوی کردۆتەوە ئەم ساڵ سێ زانکۆی حکوومەتی گرینگ لەوانە تاران، شەریف و ئەمیرکەبیر "١٠٪ بۆ ٣٠٪" لە ڕێژی وەرگرتنی خوێندکارەکانی خۆیان بۆ ئەو داواکارانەی "پارەی خوێندن" دەدەن تەرخان کردووە.
کردەوەیەک کە چالاکانی خوێندکاریی بە "هەڕاجی کورسییەکانی زانکۆی حکوومەتی" وەسفیان کردووە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە زانکۆی سەنعەتی شەریف بۆ ساڵێک خوێندن لەم خوێندکارانە نزیکەی "١٠٣ میلیۆن تمەن" پارە وەردەگرێت و خوێندن لە لقی ئەندازیاری کۆمپیوتەری زانکۆی ئەمیرکەبیر بۆ ئەم خوێندکارانە ساڵیی "٥٤ میلیۆن تمەن" تێچوویی هەیە.
وەرگرتنی ئەم خوێندکارانە لە پەردیسەکانی بە ناو "خۆبەڕێوەبەر" لە ڕێگەی وەرگرتنی پارەیەکی زۆرەوە بۆ خوێندن لە لایەن زانکۆکانەوە بەرنامەی بۆ داڕێژراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی فەریختگان ١٤٪ توانای زانکۆی سەنعەتی شەریف لە بڕگەی ماستەر، بۆ ئەم خوێندکارانە تەرخان کراوە و هەروەها زانکۆی ئەمیرکەبیریش لە ٢٣٪ توانای خۆی و زانکۆی تارانیش لە پەردیسی کیش لە ٢٧٪ کۆی وەرگرتنی خولی تەکنیکی و ئەندازیاری ئەم زانکۆیەی بۆ "پەردیسی خۆبەڕێوەبەری" لەبەرچاو گرتووە.
ڕۆژنامەی فەرهیختگان باسی لەوەش کردووە ئەم ناوەندانەی خوێندنی باڵا بڕە پارەیەکی "بەرچاو" لەم بوجە گشتییە بۆ خۆیان تەرخان دەکەن و لە ئێستادا ڕوویان لە "هەڕاجی کورسییەکانیان" کردووە.
لە سەروبەندی نزیک بوونەوە لە یەکەمین ساڵوەگەڕی ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکانی ساڵی ڕابردوو کە لە دوای کوژرانی حکوومەتی "ژینا (مەهسا) ئەمینی" دەستی پێکرد، گوشارهێنان بۆ خوێندکاران و مامۆستایان زیادی کردوو و لە حەوتووەکانی ڕابردوودا هەواڵی جۆراوجۆر سەبارەت بە بانگهێشت، بەڵێننامە، دەرکردن لە خابگا یان هەڵپەسێرانی ژمارەیەکی بەرچاو لە خوێندکاران و مامۆستایان بڵاو کراوەتەوە.
تێبینییەکەت بنووسە