بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، ڕۆژی چوارشەمە ۲٦ی ڕەزبەر ۱۰ زیندانی پیاو لە زیندانی قزلحەساری کەرج بە شێوەی دەستەجەمعی لەسێدارەدراون.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران کە لە نۆڕوێژە، لە ڕاگەیەندراوێکدا بەرامبەر ئەم لەسێدارەدانانە کاردانەوەی نیشان داوە و داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە بەرامبەر ئەو لە سێدارە دانانە بێ دەنگ نەبن. لەم ڕاگەیەندراوەدا هاتووە: "بێ دەنگی نەتەوە یەکگرتووەکان بەرامبەر ئەم لە سێدارەدانانە وەک ڕەزامەندی دێتە ئەژمار.
لەم ڕاگەیەندراوەدا هاتووە: "سە ر لە بەیانی ڕۆژی چوارشەمە ۲٦ی ڕەزبەر، سزای لە سێدارەدانی ۱۰ پیاو لە زیندانی قزلحەساری کەرەج جێبەجێ کرا. دیارە ئەم زیندانیانە هەموویان بە تۆمەتی پێوەندیدار بە مادەی هۆشبەرەوە سزا درابوون." هێشتا هیچ زانیارییەکی ورد لە سەر ئەم ۱۰ زیندانییە لە بەردەستدا نییە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران باسی ئەوەی کردووە کە: "لە نێوان ۲٨٥ لە سێدارەدانی پێوەندیدار بە مادەی هۆشبەرەوە کە ڕیکخراوی نێونەتەوەیی "کەمکردنەوەی زیانەکان"ی ساڵی ۲۰۲۲ لە سەراسەری جیهاندا تۆماری کردووە، لە سەتا ۹۰ی لە ئێران ئەنجام دراوە."
مەحموود ئەمیریموقەدەم، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، لە سەر ئەم بابەتە وتی : "ئۆفیسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مادە هۆشبەرەکان و تاوانەکان کە لە بەرەنگاربوونەوەی قاچاخی مادەی هۆشبەردا هاوکاری کۆماری ئیسلامی ئێران دەکات، پابەندە بە کاردانەوە بەرامبەر بە لەسێدارەدانی ئارەزوومەندانەی ئەو کەسانەی کە تۆمەتبارن بەو تاوانانە. بێدەنگی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بەم لەسێدارەدانانە بە ڕەزامەندی دادەنرێت".
تێبینییەکەت بنووسە