کۆچی پەرەستاران لە ئێران ڕەوتێکی ڕوو لە پەرەسەندنە و میدیاکانی ئێران ڕایانگەیاندووە ڕۆژانە ٥ تا شەش پەرەستار، مانگانە ۱٥۰ پەرەستار و ساڵانە لە نێوان ۱۲۰۰ تا ۱٥۰۰ لە ئێران کۆچ دەکەن.
"محەمەد میرزابەیگی"، سەرۆکی سیستمی پەرەستاری ئەم ئامارەی ڕاگەیاندووە و جەختیشی کردۆتەوە ئەم ئامارە تەنیا ئاماژە بەو پەرەستارانە دەکات کە داوای "گوداستندیگ"یان کردووە، ئەگەرچی ژمارەیەکی زۆر لە پەرەستاران و دەرچووانی پەرەستاری بە بێ تۆمار کردنی داواکاریی فەرمی، بۆ دەرەوەی ئێران کۆچ دەکەن.
ئەو وڵاتانەی پەرەستاران کۆچیی بۆ دەکەن جیاوازە، بەڵام لە ئەمریکاوە بگرە تا وڵاتانی کەنداوی فارس، لە هەموو شوێنێک ئەگەری دامەزراندنی پەرەستاران زیاترە و هەر ئەمەش دەبێتە هۆکارێک ئێران جێبهێڵن.
کاربەدەستانی وەزارەتی تەندروستی لە ئێران کەمیی ٧٠ هەزار پەرستاریان لە نەخۆشخانە و ناوەندە پزیشکییەکانی ئێران ڕاگەیاندووە.
لە لایەکی دیکەوە ۲۰ تا ۳۰ هەزار پەرەستاری بێ کاریش لە ئێراندا هەن کە سەرەڕای نەبوونی پەرستار لە ئێراندا دامەزراندنیان ڕەت دەکرێتەوە.
هەواڵدەری "مێهر" پێشتر لە زمانی چالاکێکی پەرەستارییەوە نووسیبووی وەزارەتی تەنروستی لە باتی ئەوەی هێزی پەرەستاری دابمەزرێنێت و لانیکەم ۱۲ میلیۆن مووچەی مانگانەی بۆ لەبەرچاو بگرێت، بە تەرخان کردنی نیوەی ئەم ڕادەیە، ئەو پەرەستارانە مەجبوور دەکات لە شیفتی ئیجباریدا بمێننەوە کە حەقدەستەکانیان لە نێوان ۱۳ بۆ ۲۰ هەزار تمەن دایە.
هەروەها ڕاپۆرتی ئەمڕۆ سێشەمە ۲ی خەزەڵوەر لە ڕۆژنامەی دنیای ئێقتساد، باسی کەمیی پەرەستارانی لە نەخۆشخانەکان کردووە و نووسیویەتی: "زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدراوە و چالاکانی پیشەیی پەرەستاریی دۆخی نەخۆشەکانی بە هۆی کەمیی پەرەستار لە نەخۆشخانەکاندا بە قەیراناویی وەسف کردووە."
لە بەشێکی دیکەی ئەم ڕاپۆرتەدا هاتووە: "بەپێی ستانداردە نێونەتەوەییەکان، ڕێژەی پەرەستار بەپێی قەرەوێڵەی نەخۆشخانە بە شێوەی مامناوەند نزیکەی ۲.٥ پەرستار بۆ هەر قەرەوێڵەیەکە. لە بەریتانیا ئەم ڕێژەیە بۆ یەک قەرەوێڵە دەگاتە چوار پەرستار، بەڵام لە ئێران دۆخەکە جیاوازە؛ ڕێژەی ژمارەی پەرستاران بۆ قەرەوێڵەی نەخۆشخانەکان هەشت لەسەر دەیە، کە تەنانەت لە نیوەی تێکڕای جیهانیش کەمترە."
هەروەها چالاکێکی پەرەستاری بە ڕۆژنامەی دنیای ئێقتسادی وتووە زۆربەی نەخۆشخانەکانی ئێران کەمیی کارمەندیان هەیە: "ئەمە یەکێک لە دەرئەنجامەکانی دوای ڤایرۆسی کۆرۆنایە، کە ئەو پەرستارانەی لە سەختترین بارودۆخدا لەگەڵ نەخۆشەکان بوون، دوای کەم بوونەوە و کۆتایی هاتنی کۆرۆنا بێکار بوون، جیا لەوەی ژیانی ئەم پەرەستارانە ڕووبەڕووی ئالنگاری بۆتەوە، مەترسی لە سەر گیانی نەخۆشەکانیش درووست بووە."
مووچەی کەم و کاری زۆر و زیادەی زۆرەملێ، وەک یەکێک لە گرێنگترین هۆکارەکانی کۆچ کردنی پەرەستاران لە ڕاپۆرتەکەی ڕۆژنامەی دنیای ئێقتسادا ئاماژەی پێ کراوە.
"محەمەد شەریفیموقەدەم"، سکرتێری خانەی پەرەستار، "بژێوی ژیان"ی وەک یەکێک لە گرینگترین کێشەکانی پەرەستاران ڕاگەیاندووە و وتوویەتی کە سیستمی تەندروستی بۆ پەرەستاران "ڕەتکردنەوە" دروست دەکات. بە وتەی ئەو، لە وڵاتانی دیکە مووچەی پەرەستاران لە نێوان چوار تا هەشت هەزار دۆلار دایە؛ لە حاڵێکدا ئەوان لە ئێران لە نێوان شەش بۆ دوازدە میلیۆن تمەن مووچە وردەگرن کە لانیکەم دەکاتە ۳۰۰ دۆلار لە مانگێکدا.
دامەزراندنی ساڵانە دە هەزار پەرستار لە ساڵی ۱۳۹٥دا وەک یەکێک لە بەڵێنەکانی وەزارەتی تەندروستی دیاری کرا. هەوڵێک کە جێبەجێ نەکرا و تەنانەت ئەوانەی لە ئەزموونەکانی پەرەستاری وەرگیران سەرەڕای ئەو بەڵێنانەی کاربەدەستان دابوویان، دانەمەزران، ئەزموونی دامەزراندنی پەرەستاریش لە ساڵی ۱۳۹۹ چیتر بەڕێوە نەچوو.
ڕاپۆرتی دنیای ئێقتساد جەختی کردۆتە کە لە بەشی منداڵبوونی یەکێک لە نەخۆشخانە حکوومەتییەکان ٨ بۆ ۹ منداڵبوون تەنیا بە ئامادەیی دوو مامان ئەنجام دەگرێت. ئەمە لە حاڵێک دایە کە بەپێی ستانداردە نێونەتەوەییەکان، بەشی منداڵبوون دەبێت لانیکەم ۱٤ مامانی هەبێت. جگە لە کەم بوونی ژمارەی مامانەکان لە بەشێ منداڵبوونی نەخۆشخانەکان، ئەم هێزانە لە مانگێکدا دەبێت لانیکەم ۱٥۰ کاتژمێر کاری زیادەی زۆرەملێ پڕ بکەنەوە. بە هۆی کەمیی کارمەندەوە، بە گشتی داواکاریی مۆڵەتی ئەو کارمەندانە ڕەت دەکرێتەوە.
یەکێک لە مامانەکانی بەشی منداڵبوونی ئەم نەخۆشخانە حکوومییە بە دنیای ئێقتسادی وتووە کە زۆربەی پەرەستار و مامانەکان لە دوای ۲۰ ساڵ کار کردنی فەرمی واز لە کارەکەیان دەهێنن و کۆچ دەکە. بەشێکیشیان دووکانداری و دروست کردنی شیرنی لە پەرستاری بە باشتر بژاردە دەزانن.
ئەمە لە حاڵێک دایە کە هەواڵدەری فارس سەر بە سپای پاسداران، لە نووسراوەیەکدا بە ئاماژە کردن بە بەشی نەخۆشانی ژن لە نەخۆشخانەکان نووسیویەتی: "ئەمڕۆ لە بواری ژنان و منداڵبوون، بواری پەرەستاری و تەنانەت شارەزایانی ژووری نەشتەرگەری و بێهۆشی، ژمارەی خانمانی پسپۆڕ ئەوەندە زۆرە بوونی پیاوان لە بواری منداڵبوون و ژنان بەپێی شەریعەت ڕێگەپێنەدراوە."
ڕووکردنە کارەکانیتر، لەوانە شۆفێری و کارکردن لە کۆمپانیای سنەپ، یەکێکە لە کێشەکانی تری پەرستاران.
لێکۆڵینەوەی رەسەدخانەی موهاجرەتی ئێران لە هاوینی ۱٤۰۱ دەریدەخات کە لەو کاتەدا، لە سەتا ٥٤ی پزیشکان و پەرەستاران لە ئێران مەیلی زۆریان هەبووە بۆ کۆچ کردن، لە سەتا بیست و چواریان بڕیاری کۆچ کردنیان داوە و لە سەتا ۷.٥ یان خەریکی کارە سەرەتاییەکانی کۆچکردنن.
از بخش پاسخگویی دیدن کنید
در این بخش ایران وایر میتوانید با مسوولان تماس بگیرید و کارزار خود را برای مشکلات مختلف راهاندازی کنید
تێبینییەکەت بنووسە