بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی مافی مرۆڤی "هرانا" نایب عەسکەری، زیندانی سیاسی کورد لە دوای بەڕێوەچوونی کۆ بوونەوەی واخاهی لە لقی دووی دادگای شوڕشی ورمێ بۆ جارێکی دیکە سزای لە سێدارەدانی بۆ دەرچوو.
نایب عەسکەری لە مانگی خاکەلێوەی ساڵی ١٤٠٢دا بە تۆمەتی موحاربە بە شێوەی غیابی سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا. ئەم سزایە ناڕەزایەتی پارێزەرانی ئەم زیندانییەی لێکەوتەوە و بۆ واخاهی ڕەوانەی لقی دووی دادگای شۆڕشی ورمێ کرا.
لە حوکمی نوێدا تۆمەتی ئەم زیندانییە سیاسییە لە موحاربەوە گۆڕدرا بۆ "بەغی" و جارێکی دیکە دادگا سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپاند.
ئەنجامدەرانی تاوانی بەغی کەسانێک دەگرێتەوە کە هەنگاوی چەکدارانە بەرامبەر کۆماری ئیسلامی دەگرنەبەر.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتەی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان لە زمانی سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاوی کردۆتەوە دۆسیەیەکی دیکە بۆ ئەم زیندانییە سیاسییە لە یەکێک لە لقەکانی دادگای تاوانەکانی ورمێ بە تۆمەتی "بەشداری لە کوشتنی" مستەفا سۆڵتانی، یەکێک لە فەرماندە کوردەکانی سپای پاسداران لە ورمێ تۆمار کراوە.
مستەفا سوڵتانی لە ساڵی ۱۳۹۳ لە تێکهەڵچوون لەگەڵ ئەندامانی حیزبی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) بە تووندی بریندار و لە مانگی ڕەشەمەی ۱۳۹۹ بە هۆی تووش بوون بە کۆڕۆنا گیانی لە دەست دا.
باس لەوە دەکرێت کە بنەماڵەی ئەم فەرماندەی سپایە بۆ هاوکاری لەگەڵ ئیتلاعاتی سپا و ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ بە دژی نایب عەسکەری ساکاڵایان ئامادە کردووە و بانگەشەیان کردووە ئەو دەستی لە بریندار بوونی ئەم فەرماندەیەی سپا لە تێکهەڵچوونی ساڵی ۱۳۹۳دا بووە و مەرگی ئەم فەرماندەیە بە هۆی ئەو برینانەوە بووە کە لەو تێکهەڵچوونە ڕووی داوە.
نایب عەسکەری کە بە "ئەماننامە" لە کوردستانی عێراقەوە گەڕابووەوە بۆ ئێران لە مانگی خاکەلێوەی ۱٤۰۰ لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای ورمێ دەستگیر کرا. دادگای شۆڕشی شاری ورمێ لە ساڵی ۱۳۹۷ و بە شێوەی غیابی بە تۆمەتی موحاربە دادگایی کرد، و سزای لەسێدارەدانی بە سەردا سەپاند.
تێبینییەکەت بنووسە