close button
دەتەوێت بچیتە ناو وەشانی ئێران‌وایەرەوە؟
وادیارە بۆ دانانی ئەم لاپەڕەیە کێشەیەک هاتۆتە ئاراوە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە بچۆ ناو وەشانی ئێران‌وایەرەوە
بەندکراوان

چارەنووسی چوار هاووڵاتی کورد لە دەستبەسەرگەکانی حکومەتدا ناڕوونە

۱۵ ڕەشەمەی ۱۴۰۲
خوێندنەوەی وتارە لە ۱ خولەکدا
چارەنووسی چوار هاووڵاتی کورد لە دەستبەسەرگەکانی حکومەتدا ناڕوونە

ناوەندەکانی مافەکانی مرۆڤ، چوار هاووڵاتی و چالاکڤانی کورد بە ناوەکانی "عەبدوڵڵا ڕەهنەوەرد"، "حسەین ساعیدمووچشی"، "حامید ئەمینی" و "ڕەشاد پەرویزی" کە لە کۆتاییەکانی مانگی ڕێبەندانی ئەمساڵدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شارەکانی مەریوان، مووچش و کامێران دەستبەسەر کرابوون، هێشتا هەر لە دەستبەسەرگەکانی ئیدارەی ئیتلاعات و دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی پارێزگای کوردستان دەستبەسەرن.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە ڕاپۆڕتێکدا دەڵێت کە عەبدوڵڵا ڕەهنەوەرد، هاووڵاتیی خەڵکی مەریوان، ڕۆژی ٢١ی ڕێبەندان لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە لەم شارەدا دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی شەهرامفەری ئەم دەزگا سەربازی-ئەمنییە لە شاری سنە.

هەروەها حسەین ساعیدمووچشی، هاووڵاتیی خەڵکی مووچش کە دوو منداڵی ئەندامی حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی کوردستانن، ڕۆژی ٢٤ی ڕێبەندان لە ماڵەکەی خۆی لەم شارەدا لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرا و ئەویش گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی شەهرام‌فەر لە شاری سنە.

حامید ئەمینی، هاووڵاتییەکی دیکەی کورد کە ئەویش برایەکی ئەندامی حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی کوردستان بوو و چەند ساڵ لەمەوپێش لە تێکهەڵچوونێکدا لەگەڵ هێزەکانی ئەرتەشی تورکیا گیانی بەخت کرد، ڕۆژی ٢٥ی ڕێبەندان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە گوندی لەنجئاوای مەریوان دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە.

هەروەها ڕەشاد پەرویزی، ئەندامی ئەنجومەنی فەرهەنگی-کۆمەڵایەتیی "نۆژین" کە ڕۆژی ٢٨ی ڕێبەندان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە کامێران دەستبەسەر کرابوو، گوازراوەتەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە.

ئەم هاووڵاتیانە لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە تا ئێستا لە مافی بەهرەمەندبوون لە پارێزەر و دیداری بنەماڵەکانیان بێبەش کراون.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە کۆتایی ڕاپۆڕتەکەیدا دەڵێت لە مانگی ڕابردوودا لانیکەم ٥٤ هاووڵاتی و چالاکی کورد لە شارە جیاوازەکانی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشاندا بە تۆمەتی سیاسی و مەزهەبی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون. زۆربەی ئەم دەستبەسەرکراوانە هێشتا لە دەستبەسەرگە یان زینداندان و لەسەر چارەنووسی هەندێکیشیان هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە. ٨ کەسیشیان بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکران دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندان کراون.

تێبینییەکەت بنووسە

بەندکراوان

کامڕان قاسمی، زیندانی سیاسی کورد دوای ڕاگەیاندنی مانگرتن لە خواردن بۆ ژووری...

۱۵ ڕەشەمەی ۱۴۰۲
خوێندنەوەی وتارە لە ۱ خولەکدا
کامڕان قاسمی، زیندانی سیاسی کورد دوای ڕاگەیاندنی مانگرتن لە خواردن بۆ ژووری تاکە کەسی گوازرایەوە