ئەمڕۆ سێشەممە ١٨ی گەلاوێژی ١٤٠١، یاداشتێک لەنووسینی "میرحوسێن موسەوی" لە ماڵپەڕی "کەلیمە"دا بڵاوبۆتەوە کە تیایدا لەسەر جێگرایەتیی کوڕەکەی خامەنەیی بۆ ڕێبەرایەتیی کۆماری ئیسلامی هۆشداری دەدات.
میرحوسێن موسەوی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی کۆماری ئیسلامی و یەکێکە لە ڕێبەرانی بزوتنەوەی سەوزی ئێران کە ساڵی ١٣٨٨ وەک ناڕەزایی بەرامبەر بە دەرەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری دەستی پێکرد و بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێک بەردەوامیی هەبوو. کۆماری ئیسلامی ماوەی ١٢ ساڵە کە بەبێ ئەوەی هیچ دادگایەک بڕیاری دابێت میرحوسێن موسەویی لە ماڵەکەی خۆیدا گۆشەگیر کردووە.
میرحوسێن موسەوی لەو یادداشتەدا کە وەک پێشەکییەک بۆ چاپی عەرەبیی کتێبی کۆمەڵە ڕاگەیەندراوەکانی سەردەمی بزوتنەوەی سەوز نووسیویەتی، جەختی لەوە کردۆتەوە، کە لەپاش مردنی "عەلی خامەنەیی"، ڕێبەرایەتیی کۆماری ئیسلامی دەدرێتە موجتەبای کوڕی و هۆشداریی داوە: "مەگەر زنجیرە پاشایتەتییەکانی سەردەمی کۆن گەڕاونەتەوە کە کوڕ لەپاش باوکی ببێت بە ڕێبەری ئێران."
ئاماژەی میرحسێن موسەوی بەو ڕاپۆرتە نافەرمییانەیە کە لە چەندین ساڵی ڕابردوودا لەلایەن میدیا سێبەرەکانی کۆماری ئیسلامییەو بڵاو دەکرێنەوە و موجتەبا خامەنەیی بە جێگرەوەی باوکی بۆ پۆستی ڕێبەرایەتیی کۆماری ئیسلامی ناودەبەن.
میرحوسێن موسەوی لە بەشێکی ئەو یاداشتەدا پرسیویەتی، ئەگەر بەڕاستی بەنیاز نین موجتەبا بکەنە ڕێبەر بۆچی تاوەکو ئێستا ئەوەندەی یەک وشەش ڕەتتان نەکردۆتەوە.
تێبینییەکەت بنووسە