هاوکات لەگەڵ بڵاوبوونەوەیڕاگەیەندراوە نوێیەکەی یونیسێف بۆ مەحکووم کردنی کوشتنی منداڵان لە ئێران، ڕۆژی یەکشەمە ٦ی سەرماوەزی ١٤٠١، سەرچاوکانی مافی مرۆڤ هەواڵی کوژرانی دوو منداڵی دیکەیان لە کاتی ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکانی ئێران ڕاگەیاند.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە دەستی "ئێرانوایەر" گەیشتووە، ماهەک (مائده) هاشمی، منداڵێکی ١٦ ساڵان و دانیشتووی شیراز ڕۆژی پێنجشەمە ٣ی سەرماوەزی ١٤٠١، لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە هێرش کراوەتە سەری و بە هۆی لێدان بە باتۆمەوە کوژراوە.
سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی ماهەک هاشمی بە "ئێرانوایەر" دەڵێت: "دایکی ماهەک خەڵکی بەندەری کەنگان بوو. ئەو سێ چوار ساڵ پێش بە هۆی شیرپەنجەی کۆئەندامی هەرس و گەدە کۆچی دوایی کرد. ماهەک و دوو خوشکی دیکەی لەگەڵ باوکیدا دانیشتووی شیراز بوون. ٣ی سەرماوەز، ماهەک لە ماڵ چووە دەرەوە و تا دوو ڕۆژ دواتر هیچ هەواڵێکی نەبوو. بنەماڵەکەی لە هەموو شوێنێکی بۆ گەڕان بەڵام بێسوود بوو تا ئەوەی کە دوو ڕۆژ دواتر لە نەخۆشخانەوە تەلەفۆن بۆ بنەماڵەی ماهەک کرا و پێیان ڕاگەیەندرا دوو تەرمی بێناسنامە هەیە و دەتوانن بۆ ناسینەوەی تەرمەکە سەردانی نەخۆشخانە بکەن."
بە وتەی ئەم سەرچاوە ئاگادارە دامەزراوە ئەمنییەتییەکان زۆریان لە بنەماڵەی ماهەک کردووە کە ئەم سناریۆیە "ماشێنێکی ئێسنەپ کە ماهەکی تێدا بووە تووشی ڕووداوی هاتوچۆ بووە و ئەو لەو ڕووداوەدا گیانی لە دەست داوە قەبووڵ بکەن و دواتر بە دانانی بڕە پارەیەکی بەرچاو، تەرمەکەیان ڕادەست کردووەتەوە. بەم مەرجە کە سەبارەت بەم بابەتە لەگەڵ هیچ میدیایەکدا گفتوگۆ نەکەن."
"دەنگی ئەمریکا" لە زاری شایەتحاڵێکەوە کە توانیویەتی چاوی بە تەرمی ماهەک بکەوێت نووسیویەتی "لە لایەک لە سەری دروابوو و نیوەی ڕوخساری بە تەواوی شین ببوەوە."
هەروەها ئەم شایەتحاڵە جەختی کردووتەوە بنەماڵەی ماهەک لە ژێر گوشاری هێزە ئەمنییەتییەکان تەرمی ئەویان بۆ بەندەری کەنگان لە بووشێهر گواستووەتەوە هاوکات ڕێوڕەسمی سێهەمین و حەوتوویان پێکەوە بۆ بەڕێوە بردووە."
بەپێی ڕاپۆرتێک کە لە لایەن تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان بڵاوی کردووەتەوە، "ڕەزا کازمی" منداڵێکی خەڵکی موچشی سەر بە کامیاران لە پارێزگای کوردستان کە لە یەکەمین ڕۆژی سەرماوەز، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سپای پاسداران بریندار کرا و بۆ چارەسەر کردن لە نەخۆشخانەی کەوسەری سنە خەوێندرابوو، ڕۆژی ٦ی سەرماوەزی ١٤٠١، بە هۆی قووڵی برینەکانییەوە گیانی لەدەست دا.
١ی سەرماوەز وێنەی تەرمی بریندارئ ئەم منداڵە ١٦ ساڵانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کرایەوە هەر ئەو کاتە ناسنامەی ئەو، ڕەزا کازمی خەڵکی موچشی کامیاران سەر بە پارێزگای سنە پشتڕاست کرابووەوە.
بەپێی ئەم گرتە ڤیدیۆیە، #ڕەزا_کازمی منداڵێکی ١٦ ساڵان، لە کاتی ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکانی خەڵکی موچش سەر بە #کامیاران ، لە لایەن هیزە چەکدارە حکوومەتییەکان تەقەی ڕاستەوخۆی لێکراوە و بە قورسی بریندار بووە و بۆ نەخۆشخانەی کەوسەری #سنە گواستراوەتەوە.#مهسا_امینی pic.twitter.com/MI8S9zJNWw
— ئێرانوایەر (@kurdishiranwire) November 22, 2022
بەپێی ڕاپۆرتی هەنگاو"، ڕەزا کازمی لە ڕۆژی یەکەمەوە بە هۆی قووڵی برینەکانییەوە بۆ نەخۆشخانەی سنە گوازرایەوە و لە کۆمادا بوو، بەڵام پاشنیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەمە ٦ی سەرماوەز، بەهۆی تەقەی فیشەکی جەنگی و سەختی برینەکانی گیانی لەدەستدا.
یەکێکی دیکە لە بریندار بووان بە ناوی "شۆڕش نیکنام مهابادی" خەڵکی مهاباد کە لە ڕۆژی ٢٦ی خەزەڵوەر، لە لایەن هێزەکانی سپا بە فیشەکی جەنگی تەقەی لێکرابوو، لە نەخۆشخانە خەوێندرابوو و شەوی ڕابردوو بە هۆی قووڵی برینەکانییەوە گیانی لەدەست دا.
تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان لە ڕاپۆرتێکدا نووسیویەتی ئەو لە دە ڕۆژی ڕابردوودا کاتێک لە نەخۆشخانەی سەیدوشوهەدای ورمێ بووە هاوکات لە ژێر چادێری چڕی ئەمنییەتیدا بوو.
هەروەها ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "هەنگاو" نووسیویەتی ئەم گەنجەی خەڵکی مهاباد بە "فیشەکی جەنگی تەقە لە سینگ و سکی" کرابوو.
پێشتریش "شەماڵ خەدیریپور" گەنجێکی ٣٢ ساڵان هاوڵاتی خەڵکی مهاباد، لە کاتی ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکانی حەوتووی ڕابردووی ئەم شارە لە لایەن هێزە چەکدارە حکوومەتییەکانەوە بە توندی بریندار کرابوو ڕۆژی پێنجشەمە ٣ی سەرماوەز، بەهۆی قووڵی برینەکانی لە نەخۆشخانەی "خومەینی" شاری ورمێ گیانی لە دەست دا.
بەم پێیە، لە ڕۆژی پێنجشەمە ٣ی سەرماوەزوە تا ئێستا لانیکەم سێ کەس لە هاوڵاتیانی شاری مهاباد و موچش بە تەقەی ڕاستەوخۆی فیشەکی جەنگی هێزەکانی سپای پاسداران بریندار کرابوون، لە نەخۆشخانەکانی ورمێ و سنە گیانیان لەدەست داوە.
جگە لەم سێ کەسە، هەنگاو وتۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان هەواڵی کوژرانی گەنجێکی ٢٦ ساڵانیان بڵاو کردووەتەوە کە بە هۆی ئەشکەنجە گیانی لەدەست داوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتانە، ئەم گەنجە کە خەڵکی بۆکانە "دوای ئەوەی بە تەقەی فیشەکی جەنگی هێزە ئەمنییەتییەکان بریندار دەبێت دەڕفێندرێت و پاش ئەشکەنجەدانی زۆر لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ورمێ کوژراوە."
"هێمن ئەمان" ڕۆژی هەینی ٢٧ی خەزەڵوەر، دوای ئەوەی بە فیشەکی ساچمەیی تەقەی لێدەکریت، بە برینداری لە لایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە لە بۆکان دەستگیر دەکرێت و لە ٢ی سەرماوەزدا، تەرمەکەیان ڕادەستی بنەماڵەکەی کردووەتەوە.
بەپێی لێوانەکانی نوێنەری شاری مهاباد لە مەجلیس، بەپێی ئامارە نافەرمییەکان ١٠٥ کەس لە هاوڵاتیانی شارەکانی کوردستان، کرماشان، ئیلام و ئازەربایجانی ڕۆژئاوا گیانیان لەدەست داوە، بەڵام ئامارە فەرمییەکان پێچەوانەی ئەمە دەڵێن و ١٣ کەسیان ڕاگەیاندووە.
"جەلال مەحمودزاده" لە کاتی دانیشتنی ڕۆژی شەمە ٦ی سەرماوەزی هۆشداری بە "ئیبراهیم ڕەئیسی"، سەرۆکی کۆماری ئیسلامی، و "ئەحمەد وەحیدی"، وەزیری وڵات دا، و وتی: "لەبری ئەوەی لە دەزگای دادوەریدا بەدواداچوون و چەسپاندنی مافەکانی خەڵکی ناوچە کوردییەکان بکرێت، لە هەمان دەزگا دادوەرییەدا لە دژی من، نوێنەرێک کە بەدوادا چوونی بۆ ئەم ڕووداوانە کرد سکاڵا تۆمار کراوە."
بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوە نزیکەکان لە چالاکانی مافی مرۆڤ لە کوردستان، هێزە ئەمنییەتییەکان لە مەودای نێوان ٢٤ی خەزەڵوەر تا ١ی سەرماوەز، لانیکەم ٤٧ هاوڵاتی لە شارە کوردنشینەکان بە تەقەی فیشەکی جەنگی کوژراون و پاشان بە جێگیر کردنی ژمارەیەکی بەرچاو لە هێزە نیزامییەکان لە شارەکانی کوردستان، ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و کرماشان دۆخی حکوومەت نیزامیان بەرپا کردووە.
مەحمودزاده ئەم دۆخەی پشتڕاست کردووەتەوە و لە وەزیری وڵاتی پرسی: "لەشکەرکێشی و ئەمنییەتی کردنەوەی شارە کورد نشینەکان لەوانە مهاباد، بەبێ هۆ دەستگیر کردنی هاوڵاتیان، هێرشی شەوانە بۆ سەر ماڵان و تێکدان و شکاندنی پێداویستییەکان و ماشێنەکانی خەڵک، نووسینی دروشم لەسە دیواری ناو ماڵەکان و شوێنە نیشەتجێییەکان، دروست کردنی ترس و دڵەڕاوکێ و هەروەها دانانی سەیتەرەی پشکنین لە شوێنە جیاوازەکان و لە ڕێگای سەرەکی شارە کورد نشینەکاندا و پشکنینی کەلپەلی تایبەتی هاوڵاتیان وەکوو سەرەتاکانی شوڕش، هۆکارەکەی چییە؟."
مەحمودزادە لە درێژەدا وتی کە کۆمیسیۆنی کاروباری نێو خۆیی مەجلیس پرسیارەکەی ئەوی نەناردووە بۆ مەجلیس و سەرۆکی ئەم کۆمیسیۆنەش پێی وتووە دەتوانێت لە لای سەرۆکی مجلیس سکاڵای لەسەر تۆمار بکات.
"محەمەد ساڵح جۆکار"، سەرۆکی کۆمیسیۆنی کاروباری ناوخۆی مەجلیس لە وڵامی مەحمودزادە، دەڵێت وتەکانی ئەو وەک "ڕژاندنی بەنزین بەسەر ئاگری فیتنەگەران" وایە و تی نابێت جارێکی دیکە ئەم پرسانە لە مەجلیس دووپات بکرێتەوە چوونکە دەبێتە هۆی لاواز بوونی هێزە نیزامی و ئەمنییەتییەکان.
پێشتر ئەندامانی پەرلەمان لە نامەیەکی هاوبەشدا داوای سزای لەسێدارەدانیان بۆ ئەو کەسانە کردبوو کە لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانەدا دەستگیرکرابوون.
دوای ئاشکراکردنی ناوی واژۆکارانی ئەم نامەیە، بەشێکیان واژۆی خۆیان ڕەتکردەوە و هاوکات مەجلیس بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئەم نامەیە ساختەیە.
از بخش پاسخگویی دیدن کنید
در این بخش ایران وایر میتوانید با مسوولان تماس بگیرید و کارزار خود را برای مشکلات مختلف راهاندازی کنید
تێبینییەکەت بنووسە