دۆسییەی ٩ کەس لە ئەندامانی "ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان-سەقز و زێویه"، دوای بەشداری کردنیان لە ناڕەزایەتییەکەی ڕۆژی ڕابردوو لە بەردەم ئیدارەی ئامووزش و پەرەوەرش، درایە دادگای گشتی و ئینقلابی ئەم شارە.
بەپێی ڕاپۆرتێک کە بە دەست "ئێرانوایەر" گەیشتووە، لە ڕێگەی سامانەی پەیامەکییەوە "لەیلا عێنایەتزادە"، "ئاوات ڕەزەوی"، "سولەیمان عەبدی"، "خالید عەبدوڵاهی"، "ئەحمەد قادری"، "ئامانج ئەمینی"، "عەزیز مەرزی"، "تاهیز قادرزادە" و "تاهیر حامیدی" ئاگادار کراونەتەوە کە دۆسییەکانیان دراوەتە دادگای گشتی و شۆرشی شاری سەقز.
هەروەها پێیان ڕاگەیندراوە کە ئەگەر پێویست بکات بۆ دادگا بانگهێشت دەکرێن.
بە گوتەی ئەم سەرچاوە ئاگادارە، تاکوو ئێستا ئەم ٩ کەسە ئاگاداری وردەکاری دۆسییەکان و ئەو تۆمەتانە نین کە خراوەتە پاڵیان.
حەوتی گوڵانی ١٤٠١، ئەم نۆ کەسە و هەروەها "سەلاح سورخی"، چالاکی ناسراویی پیشەیی مامۆستایان و ئەندامی ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی سەقز، هەر هەموویان بۆ پۆلیسی ئەمنییەتی شاری سەقز بانگهێشت کرابوون و هەڕەشەیان لێکرابوو کە ئەگەر لە گردبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی مامۆستایان لە ڕۆژی ١١ی گوڵان، هاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیهانیی کرێکار لە بەردەم ئیدارەی ئامووزش و پەرتەوەرشیی سەقزدا بەشداری بکەن بە دژیان دۆسییەی ئەمنییەتی ساز دەکرێت.
سەلاح سورخی، چالاکی ناسراوی پیشەیی و یەکێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی سەقز، شەوی ١٠ی گوڵانی ١٤٠١، بەبێ ڕوون کردنەوەی تۆمەت و بەڵگەی دادگا لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی سەر بە ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقزەوە لە ماڵەکەی خۆیدا دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرابووەوە.
سازد کردنی دۆسییەی ئەمنییەتی دژی ئەندامانی ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی سەقز لە حاڵێک دایە کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا دەیان کەس لە چالاکانی پیشەیی و کرێکاری لە سەرانسەری ئێراندا لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە هەڕەشەیان لێکراوە و بانگهێشت و دەستگیر کراون.
تێبینییەکەت بنووسە