"ئەسکەندەر لوتفی"، وتەبێژی "شوورای هەماهەنگیی ڕێکخراوە پیشەییەکانی مامۆستایانی ئێران" و "مەسعوود نیکخا"، ئەندامی "ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان-مەریوان و سەوڵاوا"، مانیان لە خواردن گرتووە.
سەرچاوەیەکی نزیک لە ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستاینی مەریوان ئێوارەی ئەمڕۆ، ١٣ی گوڵانی ١٤٠١، جگە لە ڕاگەیاندنی ئەم هەواڵە بە "ئێرانوایەر"ی وت: "ئەسکەندەر (سۆران) لوتفی و مەسعوود نیکخا، سێ ڕۆژە لە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەریواندا مانیان لە خواردن گرتووە."
بە گوتەی ئەم سەرچاوە ئاگادارە، تاکوو ئێستا هیچ زانیارییەک سەبارەت بە وردەکاریی ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵ ئەم دوو چالاکە پیشەییەی مامۆستایانەوە لە بەردەستدا نییە.
ئەسکەندەر لوتفی و مەسعوود نیکخا لەگەڵ "شەعبان محەمەدی"، چالاکی ناسراوی پیشەیی، سپێدەی ڕۆژی یەکشەمە، ١١ی گوڵانی ١٤٠١، لە یەک کاتدا لە ماڵەکانی خۆیاندا لە شاری مەریوان دەستگیر کرابوون. شەعبان محەمەدی، همان ڕۆژ دوای چەند کاتژمێر لێپرسینەوە لەم ناوەندە ئەمنییەتییەدا ئازاد کرابوو.
دەستگیر کردنی ئەم دوو چالاکە پیشەییە لە کاتێکدا ڕووی داوە کە "شوورای هەماهەنگیی ڕێکخراوە پیشەییەکانی مامۆستایانی ئێران"، لە ڕێگەی بانگەوازێکەوە داوای لە مامۆستایانی شاغڵ و خانەنشینکراوی ئێران کردبوو کە سەر لە بەیانیی ڕۆژی ١١ی گوڵان، هاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیهانیی کرێکار، لە بەردەم ئیدارە گشتییەکانی ناوەندی پارێزگاکان و ئامووزش و پەروەرشی هەموو شارەکانی ئێراندا گردبوونەوەی ناڕەزایەتی بەڕێوە ببەن.
شایانی باسە لە ئێستادا بە ئەسکەندەر لوتفی و مەسعوود نیکخاوە، چوار کەس لە چالاکانی پیشەیی مامۆستایانی بەندکراو مانیان لە خواردن گرتووە.
"ئیسماعیل عەبدی"، لێپرسراوی "کانوونی پیشەیی مامۆستایانی تاران" و "ئەبولفەزل ڕەحیمیشاد"، یەکێک لە ئەندامانی ئەم ناوەندە پیشەییەیش لە ناڕەزایەتیدا بە سازکردنی دۆسییەی ئەمنییەتی بە دژی مامۆستایان مافخواز و ئازادیی هەموو مامۆستایانی بەندکراو، هەر یەکە لە ڕۆژانی یازدەهەم و دوازدەهەمی مانگی گوڵانی ئەم ساڵەوە مانیان لە خواردن گرتووە.
ئیسماعیل عەبدی کە بە تاوانی چالاکیی پیشەیی بۆ بەرگری لە مافەکانی مامۆستایان لە ساڵی ١٣٩٤ەوە لە زینداندا بەند کراوە، هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی گردبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی مامۆستایانی شاغڵ و خانەنشینکراوی هەموو ئێران لە ڕۆژی جیهانیی کرێکاردا ڕایگەیاندبوو کە لە "ناڕەزایەتیدا بە دەرکردنی سزای ئەمنییەتی بۆ چالاکانی پیشەیی و زوڵمی دوو ئەوەندە لە بنەماڵەی مامۆستایان و کرێکارانی بەندکراو، مانی لە خواردن گرتووە."
تێبینییەکەت بنووسە