سەرچاوەکانی "ئێرانوایەر" باس لە کوتەک و لێدانی بێبەزەییانەی مامۆستایان و ساز کردنی کەشی ئەمنییەتی بۆ ڕێگری کردن لە گردبوونەوەی ناڕەزایی ڕۆژی جیهانیی کرێکار لە بەردەم ئیدارەی ئامووزش و پەروەرشی مەریوان دەکەن.
بە گوتەی سەرچاوە خۆجێییەکان، بڕیار بوو ڕۆژی یەکشەمە یازدەی گوڵان، دوای بانگەوازی "شورای هەماهەنگیی ڕێکخراوە پیشەییەکانی مامۆستایانی ئێران"، مامۆستایانی مەریوان لە ڕۆژی جیهانیی کرێکار لە بەردەم ئیدارەی ئامووزش و پەروەرشی ئەو شارەدا گردبوونەوەی ناڕەزایەتی وەڕێ بخەن بەڵام چەند کاتژمێر پێش بەڕێوەبردنی گردبوونەوەکە، دەیان کەس لە هێزە ئەمنییەتی و ئینتزامییەکان ئەو ڕێگایانەی دەچوونەوە سەر ئیدارەی ئامووزش و پەروەرشی مەریوان گرتبوویان و بوونە ڕێگر لە بەرێوەچوونی گردبوونەوەی ئاشتیخوازانەی مامۆستایاننی ناڕازی.
یەکێک لە شایەتحاڵەکان هەر لەم بارەوە بە "ئێرانوایەر"ی وت: "ژمارەیەک لە مامۆستایان تەنانەت هێشتا نەگەیشتبوونە بەر بینای ئامووزش و پەروەرش کە هێزە ئەمنییەتییەکان هۆشداریان پێدان ئەگەر تا پێنج خولەکی دیکە ئەوێ چۆڵ نەکەن بە لێکدان و کوتەک بڵاوەیان پێدەکرێت."
ئەو بە ئاماژەدان بە ئامادەبوونی دەیان هێزی ئەمنییەتی و ئینتزامی لە بەردەم و دەوروپشتی ئیدارەی ئامووزش و پەروەرشی مەریواندا وتی: "هێشتا پێنج خولەک بەسەر ئۆڵتیماتۆمی هێزە ئەمنییەتییەکاندا تێنەپەڕیبوو بە باتۆم و لەق و مست هێرشیان کردە سەر مامۆستاکان و لە کاتی سەرکوتی مامۆستاکاندا ئارام قادری، ئومید ڕەشیدی، تەحسین موستەفا و خانم سەعدی، ئەندامانی ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی مەریوانیان دەستگیر کرد."
ئەو هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە دەستگیر کردنی ئەم چوار کەسە لە درێژەدا بەڵام کاردانەوەی ناڕەزایەتیی مامۆستایانی لێکەوتۆتەوە: "مامۆستا ناڕازییەکان هاوکات لەگەڵ هەڵسوکەوتی تووندی هێزە ئەمنییەتییەکاندا، خوازیاری ئازادیی ئەم چوار کەسە بوون بەڵام لە کێشمەکێشی نێوان مامامۆستایانی ناڕازی و هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ وەرگرتنەوەی چوار ئەندامە دەستگیرکراوەکە، هێزەکانی گاردی تایبەتی هێرشیان کردەسەر ئارام محەمەدی، مەحموود موبارەکشاهی، ئەرکان سائێب و صاڵح حەبیبی، ئەندامنی دیکەی ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی مەریوان کە بە هەوڵی مامۆستایانی ناڕازی لە ژێر زەربی شۆکێر، لەقە و مستی یەک لە دوای یەکی هێزەکانی گاردی تایبەتی ڕزگار کران."
بە گوتەی ئەم شایەتحاڵە، هێزە ئەمنییەتییەکان بە پێداگری و گوشاری مامۆستایانی ناڕازی لە کۆتاییدا "ئارام قادری"، "ئومید ڕەشیدی"، "تەحسین مستەفا" و "خانم سەعدی"یان ئازاد کردووە.
سەرچاوە ئاگادارەکەی "ئێرانوایەر"، بە ئاماژەدان بە بریندار بوونی دەیان کەس لە مامۆستایانی ناڕازی لە کاتی هێرش و پەلامردانی هێزە ئەمنییەتی و ئینتزامییەکانی مەریوان زیادی کرد: "شەعبان محەمەدی سەرباری ئەوەی کە سپێدەی هەمان ڕۆژ لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوانەوە دەستگیر و دەوری کاتژمێر ١٠ ئازاد کرابوو و پەیوەست ببوو بە ڕیزی مامۆستایانی ناڕازییەوە، لە لایەن هێزەکانی گاردی تایبەتییەوە هێرشی کرایەس سەر."
ئەو هەر لەم بارەوە ڕوونی کردەوە: "کەمێک خوارتر لە ئیدارەی ئامووزش و پەروەرش، لە نزیک پردی پۆمپ بەنزینی کۆن، هەڵسوکەوتی تووندئاژۆی هێزە ئەمنییەتی و ئینتزامییەکان ئەوەندە زیادی کرد کە زیاتر لە حەوت کەس لە هێزەکانی گاردی تایبەتی، شەعبان محەمەدیان بە ڕۆژی ڕووناک بردە نێو دووکانێکەوە، دەڕابەکەیان کێشایە خۆراوە و تا توانیان بە لەقە و مشت و شۆکێر لێیان دا و دوای هاتنە دەرەوە لە دووکانەکە لەگەڵ خۆیان بردیان. بەرێز محەمەدی، بە هۆی کوتەک و لێدان بە شۆکێرەوە لە لایەن هێزە ئەمنییەتی و ئینتزامییەکانەوە پشت، کەمەر، سەر، چەناکە و سکی زەربی زۆری پێگەیشتووە و لاقی چەپیشی لە چەند جێگاوە شین و ڕەش بۆتەوە."
سەرکوتی مامۆستایانی مەریوان لە حاڵێک دایە کە هێزە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامی سپێدەی یەکشەمە، ١١ی گوڵانی ١٤٠١، هاوکات "ئەسکەندەر (سۆران) لوتفی"، وتەبێژی شوورای هەماهەنگیی ڕێکخراوە پیشەییەکانی فەرهەنگیان، "شەعبان محەمەدی" و "مەسعوود نیکخا"، ئەندامانی ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانیان لە ماڵەکەی خۆیاندا لە شاری مەریوان دەستگیر کردبوو.
تێبینییەکەت بنووسە