وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ژمارەیەک لە ناوەندە پێوەندیدارەکانی کۆماری ئیسلامی و گرووپە میلیشیاییەکانی سەر بەم حکوومەتەی لە سووریا کردۆتە ئامانج و هەندێک لە میلیشیا عێراقییەکانی سەر بە حکوومەتی ئێرانی گەمارۆ داوە. ئایا دەوڵەتی "جۆ بایدن" کۆتایی بە سیاسەتی سازان و موماشات لەگەڵ گرووپە میلیشیایی و نیابەتییەکانی کۆماری ئیسلامی هێناوە؟
***
یەکێک لە لێکەوتەکانی هێرشی چاوەڕوان نەکراوی حەماس بۆ سەر ئیسڕائیل، هۆشداریی ڕاشکاوانەی دەوڵەتی "جۆ بایدن" بە کۆماری ئیسلامیی ئێران بوو لە سەر هێزە نیابەتی و میلیشیاییەکانی سەر بەم حکوومەتە.
هاوکات لەگەڵ هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسڕائیل، میلیشیاکان لە وڵاتە جۆراوجۆرەکانی ناوچەکە کە لە لایەن سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامییەوە پەروەردە دەکرێن، هێرشگەلێکی بەردەوامیان ڕێک خست بە دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و پێگەکانی لە عێراق و سووریادا. ئەمریکا ڕایگەیاند کە بە یەک جار، گرووپە نیابەتییەکانی سەر بە ئێران لە حەوتوویەکدا نزیک بە ٣٠ هێرشیان بۆ سەر بەرژوەندییەکانی ئەمریکا ئەنجام داوە.
کاتێک کە "دۆناڵد ترەمپ"، خولی سەرۆک کۆمارییەکەی خۆی دەست پێ کرد، ڕوون و ئاشکرا بوو کە وڵاتە یەکگرتووەکان سیاسەتێکی ڕوونی لە پێوەندیدا بە چالاکییە ناوچەییەکانی کۆماری ئیسلامی و میلیشیاکانی سەر بەم حکوومەتە لە ناوچەکەدا دەگرێتە بەر. ترامپ کاتێک کۆتایی بە خولە چوار ساڵانەکەی خۆی هێنا کە "قاسم سولەیمانی"، فەرماندەی هێزی قودس، لقی دەرەوەی ئێرانی سپای پاسدارانی لە ئۆپێراسیۆنێکی ئاسمانیی ئەمریکا لەگەڵ "ئەبوومەهدی موهەندیس"، یەکێک لە ڕێبەرانی گرووپە میلیشیاییەکانی عێراق، کوشتبوو. ئەمریکا لەو کاتەدا ڕایگەیاند کە چالاکییە تێکدەرانەکانی کۆماری ئیسلامی لە خەلیج، بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە.
هاتنە سەر کاری دەوڵەتی بایدن کە لە کاتی پروپاگاندادا بە ڕاشکاوی باسی پێویستیی بووژاندنەوەی ڕێکەوتنی ئەتۆمیی بەرجامی دەکرد، بووە هۆی ئاسوودەیی لە تاران لە بابەت لاچوونی مەترسیی هێرشی سەربازیی ئەمریکا بۆ سەر ئێران.
هێشتا دەوڵەتی بایدن ڕێێوڕەسمی سوێند خواردنی بەڕێوە نەبردبوو کە مەجلیسی شورای ئیسلامی بە پاڵپشتیی "عەلی خامنەیی" و دژایەتیی دەوڵەتی ئەوکاتی ئێران، پڕۆژە یاسایەکیان پەسەند کرد کە تێیدا وترابوو ئەگەر دەوڵەتی بایدن لە دوو مانگدا گەمارۆکان لە سەر ئێران هەڵنەگرێت، ئەوا حکوومەتی کۆماری ئیسلامی بە ئەرکی خۆی دەزانێت ئاستی هاوکارییەکانی خۆی لەگەڵ چاودێرانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی کەم بکاتەوە.
شێوازی هەڵسوکەوتی کۆماری ئیسلامی نەک هەر بووە ڕێگر لە بەردەم بووژانەوەی ڕێکەوتنی ئەتۆمیی بەرجام کە پێ دەچوو سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی دەرفەتێکی بۆ جێبەجێ کردنی خواستەکانی خامنەیی ڕەخساندووە کە یەک حەوتوو دوای تیرۆری قاسم سولەیمانی وتبووی "تۆڵەسەندەوەی سەرەکی"ی کۆماری ئیسلامی لە ئەمریکا لە بابەت ئەم تیرۆرەوە، دەر کردنی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکایە لەم ناوچەدا.
لە دەیەی ١٣٨٠ و هاوکات لەگەڵ هێرشی ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ سەر عێراق کە ئەنجامەکەی بوو بە لەناو بردنی حکوومەتی "سەدام حوسەین"، سیاسەتی کۆماری ئیسلامی، گوشارهێنانی سەربازییە بۆ سەر ئەمریکا لە ڕێگەی ئۆپێراسیۆنە پەرتەوازە و پراکەندەکان بەڵام پڕ تێچوو و خەرجاویی بە دژی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق بوو کە لە لایەن میلیشیاکانی شیعییەکانی سەر بە سپای پاسدارانەوە ئەنجام دەدران.
لووتکەی ئەم ڕەفتارە، کاتێک بوو کە "جۆرج بوش"، سەرۆک کۆماری ئەوکاتی ئەمریکا، سیاسەتە قورسەکانی خۆی لە بەرامبەر بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران گرتبوە بەر و لە کۆتاییدا بەرزی کردەوە بۆ شورای باڵای ئەمنییەت.
"عەلی لاریجانی" کە ئەوکات لێپرسراوی شورای باڵای ئەمنییەتی نەتەوەیی و بەرپرسی دۆسییەی ئەتۆمی بوو، بە ڕاشکاوی بە ئەمریکای وتبوو کە بەرز کردنەوەی ئەم دۆسییە بۆ شورای باڵا، دەبێتە هۆی لێکەوتنەوەی تێچوویەکی گەورە بۆ هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراقدا.
سووریای ئەوکات هێشتا ئارام بوو، جەنگە ناوخۆییەکانی لە کاتی سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبیدا هێشتا دەستیان پێ نەکردبوو و باسێک لە ئامادەیی سەربازیی ئێران و ئەمریکا لەم وڵاتە لە ئارادا نەبوو.
گرووپە میلیشیاییەکانی سەر بە ئێران لە عێراق، بە درێژایی ئەم ساڵانەی دوایی بە هێز کراون و پاڵپشتیان لێ دەکرێت و ئێستا بە ناوگەلی جۆراوجۆر و فرەچەشنەوە لە عێراقدا چالاکیی دەکەن. ئامادەیی فەرمیی سپای پاسدارانی شۆرشی ئیسلامی لە سووریایش کە بە هاوڕێتیی ڕووسیا ئەنجام درا، دەرفەتێکی بێ وێنە بۆ حکوومەتی ئێران بوو تا پێگەی سپای پاسداران لە ناوچە لە ڕێگەی ڕێکخستن و پڕچەک کردنی گرووپە میلیشیاییەکانەوە، جێگیر بکات.
پێگەکان و جبەخانە سەربازییەکانی ئەم گرووپانە لە سووریا، زیاتر لە ١٠ ساڵ بە شێوەی بەردەوام لە لایەن ئیسڕائیلەوە کراونتە ئامانج، بەڵام هێشتا لە ڕەگ و ڕیشەوە نەفەوتاون. هەر ئەم گرووپانە دوای تێکهەڵچوونی حەماس و ئیسڕائیل هێرشەکانی خۆیان بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا تووند کردۆتەوە.
هێرشە کەم وێنەکان بۆ سەر وڵاتە یەکگرتووەکان لە سووریا و عێراق، هاوکات بوو لەگەڵ هۆشداریدانی کۆماری ئیسلامی کە دەیوت ئەگەر ئیسڕائیل هێرشی زەوینی بکاتە سەر غەزە، بازنەی جەنگەکە فراوانتر دەبێتەوە.
خامنەیی لە لێدوانێکدا لە تاران وتبووی ئەگەر ئەم دۆخە بەردەوام بێت، "گرووپەکانی خۆڕاگری"، واتە هەر ئەم میلیشیا پێوەندیدارانە بە حکوومەتی ئێرانەوە، "تین" دەیانگرێت و "کەس" ناتوانێت پێشیان پێ بگرێت.
گومانێکی کەم هەیە لە سەر ئەوەی کە تووند بوونەوەی هێرشی هێزە نیابەتییەکان، پێوەندیی بە هۆشدارییەکانی تارانەوە نەبێت.
ئێستا ئەمریکا دوای هۆشداریدانی نووسراوە بە شێوەی تایبەتی و زارەکی بە شێوەی گشتی، بە ئامانج گرتنی هەندێک لە پێگەکان و ناوەندە پێوەندیدارەکان بە میلیشیاکانی سەر بە ئێرانی دەست پێ کردووە، بەڵام هێشتا ئەم هێرشانە، زیاتر وەک هۆشداری دەچن تا ئۆپێراسیۆنێکی تەواو سەربازی.
ئەم هۆشداریانە، لەو ڕێگا دیپلۆماتیکەی کە لە نێوان تاران و واشینگتۆندا هەیە دراون و هەروەها لە لایەن سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران گوازراوتەوە.
لە چلەمین ڕۆژی ئەم هێرشانەدا، ئۆفیسی کۆنتڕۆڵی داراییە دەرەکییەکانی وەزارەتی خەزانەداریی وڵاتە یەکگرتووەکان، شەش کەسی سەر بە گرووپە میلیشیاییەکانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لەوانە کەتائیبی حیزبوڵای عێراقی خستۆتە سەر لیستی ئەو گەمارۆیانەی کە دارایی سەر هەژماری بانکی و ماڵ و مڵکیانی لە قەڵەمڕەوی وڵاتە یەکگرتووەکاندا زەوت دەکات و چوونی ئەم کەسانەی بۆ خاکی ئەمریکا قەدەغە کردووە. دۆخێک کە ئەگەر دەوڵەتی عێراق لێکۆڵینەوەی لە سەر نەکات، دەتوانێت ببێتە هۆی ئەوەی باقیی دامەزراوەکانی ئەو وڵاتە بگرێتەوە کە هاوکاریی میلیشیا گەمارۆ دراوەکان لەم وڵاتەدا دەکەن.
بەڵام ڕوون و ئاشکرایە کە نە هێرشە پەرتەوازە سەربازییەکان، نە هۆشدارییە تایبەتی و نە گۆمارۆ ئابوورییەکان، کۆماری ئیسلامیی لە سیاسەتەکانی خۆی سەبارەت بە بەکارهێنانی گرووپە نیابەتییەکانی سەر بە خۆی بە دژی بەرژوەندەییەکانی ئەمریکا پاشگەز ناکاتەوە. حکوومەتی ئێران لە ٢٠ ساڵ بەر لە ئێستاوە سەرمایەگوزارییەکی گەورەی لە سەر دامەزردان و سەقامگیر کردنی ئەم گرووپانە لە عێراق و سووریادا کردووە و دۆخی ئێستایش بە سەردەمی چنینەوەی بەرهەمەکانی ئەم سەرمایەگوزارییە گەورەیە دەزانێت.
هەوڵەکانی ئەم دوایانەی دەوڵەتی بایدن لە پێوەندیدا بە میلیشیاکانی سەر بە ئێرانەوە، نمایشێکە لە کۆتایی هاتنی سازن و موماشات لەگەڵ ئەم گرووپانە و کۆنتڕۆڵ کردنی دۆخێکی قەیراناوی نەک سیاسەتێک بۆ وەلانانی ئەم میلیشیایانە لە ڕووبەری سیاسیی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئامانجی ئەم نمایشە، یارمەتیدانی دەوڵەتی بایدنە بۆ ڕکابەریی هەڵبژارندنی سەرۆک کۆماریی و ڕێگری کردن لە پێشڕەییە زیاترەکانی کۆماری ئیسلامی لە سیاسەتی گوشارهێنان بۆ سەر ئەمریکا لە ڕێگەی گرووپە نیابەتییەکانەوە.
دەوڵەتی بایدن دەربارەی ئێران لە سێ ساڵی ڕابردوودا، سیاسەتی کۆنتڕۆڵ کردنی گرژی و چاوەڕوانی بۆ داهاتووی هەبووە، واتە لە ڕێگەی کۆمەڵێک ئامرازی وەک هێرشی سنووردار و بەکارهێنانی گەمارۆکان هەوڵ دەدات جموجۆڵەکانی کۆماری ئیسلامی کۆنتڕڵ بکات بە مەبەستی "ڕێگری کردن". سیاسەتێک نەک هەر بەرامبەر گرووپە نیابەتییە میلیشیاییەکان کە لە پێوەندیدا بە دۆسییەی ئەتۆمیی کۆماری ئیسلامییەوە بە ڕوونی دەبینرێت. جۆرێک لە سیاسەتی "کڕینی کات" تا گەیشتن بە کۆتایی هاتنی خولی حوکمڕانیی عەلی خامنەیی ٨٤ ساڵان لە ئێرانێکدا کە لە ڕووی ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە لە ناسەقامگیرترین و لە ڕووی ڕەوایەتیی حکوومەتەوە لە نزمترین پێگەی خۆی دایە لە چل ساڵی ڕابردوودا.
تێبینییەکەت بنووسە