close button
دەتەوێت بچیتە ناو وەشانی ئێران‌وایەرەوە؟
وادیارە بۆ دانانی ئەم لاپەڕەیە کێشەیەک هاتۆتە ئاراوە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە بچۆ ناو وەشانی ئێران‌وایەرەوە
ڕاپۆرت

کورتهێنانی دەرمان؛ قەیرانێک کە لە لیستی کێشەکانیی ئێران‌دا نەبوو

۱۵ خەزەڵوەری ۱۴۰۲
شهره مهرنامی
خوێندنەوەی وتارە لە ۶ خولەکدا
نزیک بە دوو ساڵ دەبێت کورتهێنانی دەرمان لە ئێران، ناڕەزایەتی شارەزایان، نەخۆشەکان و پزیشکەکانی لێ کەوتۆتەوە.
نزیک بە دوو ساڵ دەبێت کورتهێنانی دەرمان لە ئێران، ناڕەزایەتی شارەزایان، نەخۆشەکان و پزیشکەکانی لێ کەوتۆتەوە.

نزیک بە دوو ساڵ دەبێت کورتهێنانی دەرمان لە ئێران، ناڕەزایەتی شارەزایان، نەخۆشەکان و پزیشکەکانی لێ کەوتۆتەوە. 

لەم ماوەیەدا، سەرباری بەڵێنەکانی حکوومەت بۆ چارەسەر کردنی کەمیی دەرمان، نەک تەنیا ئەم کێشەیە چارەسەر نەکراوە، بەڵکوو ڕەهەندی بەرین و قوڵ‌تری لێ کەوتووەتەوە. تەنانەت نوێنەرانی مەجلیس ڕوو لە کاربەدەستانی حکوومەتی دەڵێن، لە سەر بابەتی دەرمان چیتر خەڵک باوەڕ بە درۆکانی حکوومەت ناکەن. 

***

حکوومەت دەڵێت هیچ کێشەیەک نییە

"بەهرام عەینوڵاهی"، وەزیری تەندروستی، دەرمان و پەروەردەی پزیشکی، لە مانگی پووشپەڕی ساڵی ڕابردوودا ڕایگەیاند کە حکوومەت سەرجەم ئەو هۆکارانەی بوونەتە هۆی کەمیی دەرمان چارەسەر کردووە. هەروەها ڕایگەیاند، ژمارەی دەرمانە دەگمەنەکان بە گشتی کەمترە لە ٢٠٠ بابەت.  ئێستا دوای تێپەڕ بوونی چوار مانگ بە سەر ئەو قسانەدا، پەرلەمانتاران بەرامبەر حکومەت ناڕەزایەتی دەردەبڕن.

"یەحیا ئیبراهیمی"، ئەندامی کۆمسیۆنی تەندروستی مەجلیس لە سەر ئەم بابەتە وتی: "بەپێی ئەو زانیاریانەی لەبەردەستمان دایە، زیاتر لە ۳۰۰ دەرمان لە دەرمانخانەکان‌دا کەمە، بەڵام حکوومەت کۆڵ نادات و بەردەوام دەڵێت هەموو شتێک باشە، بەڵام ڕاستییەکە بەم شێوە نییە."

ئەم ئەندامەی مەجلیس وێڕای ئاماژە کردن بەوەی کە دەبێت ڕاستگۆیانە بە خەڵک بوترێت ئابووری کێشەی هەیە، وتی: "کێشەکە لەوەدایە کە بە بەردەوامی درۆ دەکەین و چاوەڕوانین خەڵک باوەڕمان پێ بکەن. حکوومەت خۆی لەوە تێدەگات خەڵک باوەڕ بە درۆکانیان ناکەن، بەڵام درێژە بەو ڕێکارە دەدات". 

لە مانگی جۆزەردانی ئەم ساڵ‌دا، "جەلیل میرمحەمەدی"، ئەندامێکی دیکەی کۆمسیۆنی تەندروستی مەجلیس ڕایگەیاند قەیرانی کەمیی دەرمان، دەرمانە گشتییەکانیشی گرتۆەوە. 

هەر لەو ڕۆژەدا، "محەمەد عەبدزادە"، سەرۆکی سەندیکای خاوەندارانی پیشەسازییەکانی دەرمانی مرۆڤیی ئێران، بە هەواڵدەری "تەسنیمی" وت ژمارەی دەرمانە دەگمەنەکان گەیشتۆتە ۲۰۰بابەت. گرنگ‌ترین هۆکارەکان بریتین لە دابین‌نەکردنی دراو و ڕیال لە کاتی خۆی‌دا، جێگیر نەکردنی نرخ لە کاتی پێویست‌، پارەنەدان و ئاسانکاری نەکردن لە کاتی پێویست‌دا بۆ کۆمپانیاکانی دەرمانسازی، کێشەی گواستنەوەی دراو.

هەروەها ئەو وتی کێشەیی کەمیی دەرمان چاوەڕوانکراو بوو و سەرجەم دامودەزگاکان لەوانە وەزارەتی تەندروستی ئاگادار بوون کە لە جۆزەردان و پووشپەڕدا، وڵات ڕووبەڕووی کەمیی دەرمان دەبێتەوە. ئەمە لە حاڵێک دایە کە وەزیری تەندروستی لە مانگی پووشپەڕ، کێشەی کەمیی دەرمانی ڕەت کردۆتەوە و وتی هەموو کێشەکان چارەسەر دەبێت. 

وێڕای بەردەوامیی کورتهێنانی دەرمان و شیری وشک، "جەلیل میرمحەمەدی مەیبودی"، یەکێک لە ئەندامانی کۆمسیۆنی مەجلیس، ڕەخنەی لە جێبەجێ نەبوونی بەڵێنی کاربەدەستە حکوومەتییەکان گرت. ئەو ۱۲ی خەەڵوەری ئەم ساڵ وتی کە چەندین مانگ دەبێت وڵات ڕووبەڕووی کەمی دەرمان و شیری وشک بۆتەوە و ئەم کێشەیە سەرەڕای بەڵێنەکانی کاربەدەستان، چارەسەر نەکراوە. 

هەروەها ئەو ڕەخنەی لە لێدوانە ناڕاستەکانی بەرپرسانی حکومەت گرت و وتی: ئەوەی کە بەرپرسانی پێوەندی‌دار بڵێن دۆخی دەرمان و شیری وشک باشە لە حاڵێک‌دا هاوڵاتیان کاتێک سەردانی دەرمانخانەکان دەکەن لەگەڵ دۆخێکی دیکەدا ڕووبەڕوو دەبنەوە. ئەم ڕوون کردنەوانە جیگەی متمانە نییە".

تەنانەت ئێستامێنۆفێن و شەربەتی هەڵامەتیش دەست ناکەوێت

ئەگەرچی هەندێک لە نوێنەران تەنیا ئاماژەیان بە چەند بابەتێکی کەم لە دەرمانە دەگمەنەکان و شیر وشک کردووە، بەڵام توێژینەوەیەک کە لە کۆتاییەکانی مانگی ڕەزبەری ساڵی ڕابردوو لە لایەن یەکێک لە پزیشکەکانەوە ئەنجام دراوە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان‌دا بڵاو کرایەوە، نیشان دەدات تەنانەت ئاسایی‌ترین و بەردەست‌ترین دەرمانەکان کە بۆ نەخۆشییە گشتییەکانی وەک هەڵامەت بەکاردەهێندرێت، دەست ناکەوەێت. 

لەم لیستەدا هاتبوو سەرجەم شەربەتەکانی ئەنتی‌بیوتیک، هەموو سیرومەکان، سپرا و قەترەی سێدیۆم کلوراید و شەربەتی ئیستامینۆفن کەمن و بەدەگمەن دەست بکەون. 

لە درێژەی لیستەکەدا کاڵا نایابەکان، بە شەربەتی ئیبۆپرۆفین، دەرزی بێتامێتازۆن و بیرۆکسیکام و سەرجەم دەرمانەکانی بێهۆشی، دەرزییەکانی هیوسین و دیسیکلۆمین تا پنیسیلینەکان، شەربەتەکانی هەڵامەت لەوانە ئاموکسی‌سیلین و ئێکسپکتورانت و ئێستامینۆفن و …، زۆربەی قەترەکان و سپرییەکان ئاماژەی پێ کرابوو. 

شایەتحاڵان و وتەی نوێنەرانی مەخلیس نیشان دەدات کە کورتهێنانی ئەم دەرمانانە، ئەم ساڵیش بەردەوام دەبێت. 

کورتهێنانی دەرمان؛ لە سیاسەت‌داڕشتنی حکوومەتەوە، تا مافیای بڵاوکردنەوەی

هەندێک لە کاربەدەستان کێشەی سەرەکیی کورتهێنانی دەرمان دەگێڕنەوە بۆ گەمارۆکان، بەڵام لە نێوان وتەی شارەزایانی نێوخۆی ئێران دەتوانین بەوە بگەین کە کۆی گشتیی کێشەکان ڕەگ و ڕیشەی لە سیاسەتە هەڵەکانی حکوومەت و شێوازی بەڕێوەبردنی بازاڕەوە هەیە.

پزیشکێک لە ئێران لە وتووێژ لەگەڵ ئێران‌وایەر وتی هەندێک جار گەمارۆکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا لەوانەیە کێشە بۆ کڕینی دەرمان دروست بکات، بەڵام کێشەی سەرەکی نییە. بە وتەی ئەو، کێشەی سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ تەرخان نەکردنی دراو. 

ئەم پزیشکە ڕوونی کردۆتەوە کە زۆربەی کارگەکانی دروست کردنی دەرمان لە ئێران مەوادی سەرەکی و خاوی خۆیان لە وڵاتانی ڕۆژئاوا یان وڵاتانی وەک هیندوستانەوە هاوردە دەکەن، کاتێک ئەم کارگانە ئەرز وەرنەگرن، ئیمکانی بەرهەمهێنانیان نابێت و تەنانەت ئەو دەرمانانەی لە جیهان‌دا بە ناوی ئێرانی دەیانناسن، لە نەبوونی دراو و کەرەستەی خاودا، چیتر بەرهەم ناهێنرێن.

هۆکاری دیکەی کورتهێنانی دەرمان، شێوازی دابەش کردنیەتی بە سەر وڵات‌دا.  

پزیشکێک لە نێوخۆی وڵاتەوە بە ئێران‌وایەری وتووە کە "سیستمێکی مافیای گەندەڵ و ئالوودە بە ڕانت لە ئێران‌دا دروست بووە. ئەگەر ئێستا بتەوێت دەرمانێکی نەخۆشییەکی تایبەت بە نرخێکی گونجاو لە دەرمانخانەکان بکڕیت، دەست ناکەوێت و مەجبوور دەبیت لە بازاڕی ڕەش‌دا بە نرخێکی گران‌تر بیکڕیت. سیستمی دەرمانی ئێران بۆتە بازاڕ لە نێو بازاڕدا. واتە بازاڕێکی دەرمان لە نێو بازاڕی دەرمان‌دا پێکهێنراوە کە ئەمە کێشەکانی بەر بڵاوتر و تووندتر کردۆتەوە."

ئەم پزیشکە ئاماژەی بەوەش کرد، بۆ هەست‌کردن بە کاریگەرییەکانی کورتهێنانی دەرمان، ئەوەندە بەسە بەیانییەک سەردانی نەخۆشخانە و دەرمانخانەی مانگی سووری بکەیت و بە چاوی خۆت ڕووداوە کارەساتبارەکانی ببینی.

بە وتەی ئەو، بۆ نموونە نزیکانی نەخۆشێک نزیکەی ٢ هەزار کیلۆمەتری لە باشووری وڵات بڕیوە و بۆ دابین‌کردنی دەرمانێکی تایبەت هاتووە، بەڵام بە هۆی ئەوەی بەشبەندی کراوە وپابەندی بەشبەندیەکە نابن، مەجبوور دەبێت سەردانی بازاڕای دووهەم، واتە بازاڕی ڕەش و نامی بکات و بە نرخێکی زیاتر وەریگرێت. 

لەم بەشەدا، ڕووداوی زۆر ناخۆش ڕوو دەدات، چونکە زۆربەی دەرمانەکانیان ئیکسپایەرن و لێکەوتەی کوشەندەیان هەیە، 

ئەم پزیشکە لەو بڕوایە دایە کە بەشێک لەم مافیای دەرمانە، بە سیستمی دەسەڵاتەوە گرێدراوە و سیستمی دەسەڵات سوود لە هەبوونی ئەم مافیایانە وەردەگرێت، چونکە بازاڕی دەرمان یەکێکە لە بەسوودترین بازاڕەکان. 

 

حکوومەت گوێ بە هۆشدارییەکان نادات

جگە لە بەرپرسانی پیشەیی، نوێنەرانی مەجلیسیش پێشبینیان کردبوو کە دۆخی دەرمان لە ئێران نەک تەنیا لە ساڵی ۱٤۰۲‌دا باشت‌تر نابێت، بەڵکوو کێشەیی کەمیی دەرمان قووڵ‌تر دەبێتەوە. هۆشدارییەکان کاتێک دەستی پێ کرد کە حکوومەت جگە لە وەلانانی دروای تەرجیحی دەرمان، بوجەیەک نزیک بە ٦۹ هەزار میلیارد تمەن بۆ دابین‌کردنی دەرمان و کەرەستە پزیشکییەکان لە بەر چاو گرتووە کە "۳٥ هەزار میلیارد تمەن کەم‌تر بووە لە بوجەی پێویستی وڵات". 

ئەم کارە بووە هۆی پەشیمانی نوێنەرانی وەک "فاتمە محەمەد بەیگی"، ئەندامی کۆمیسیۆنی تەندروستی مەجلیس.  هەر لەو ڕۆژانەی کە وەزیری تەندروستی کورتهێنانی دەرمانی دەشاردەوە، هەواڵدەری "مێهر" لە ڕاپۆرتێکی ورددا باسی کورتهێنانی ٢٠٠ دەرمانی لە ئێران کرد.

هەڵبەت ئێستا حکوومەت بە کێشەی کورتهێنانی نەختینەیی و بوجە بۆ دابین‌کردنی پارە و دراوی پێویست بۆ دابین‌کردنی دەرمان و شیری وشکی زانیوە و داوای بوجەی تەواوکەری کردووە، بەڵام تا کاتێک ڕوانگەی حکوومەت سەبارەت بە بەڕێوەبەردنی وڵات، بە تایبەت لە بەشی دەرمان نەگۆڕێت، پێ‌ناچێت، گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ لە دۆخی کورتهێنانی دەرمان دروست بێت. 

چەند حەوتوویەک لەمەوبەر، "ئیبراهیم ڕەیسی" لە کۆنفرانسی نەتەوەیی نوخبەکان‌دا لە وەڵامی ئەو کەسانەی کە منداڵەکانیان نەخۆشی تایبەتیان هەبووە و ڕەخنەی لە کەمیی دەرمان گرتووە، وتی: یەکەم: ژیان بەدەست خودایە. دووهەم: چۆن دەزانن کە ئێمە ناتوانین خۆمان دەرمانی پێویست دروست بکەین".

ئەو قسانەی کە ڕەخنەی تووند و گاڵتەجاڕی ژمارەیەک لە بەکارهێنەران و ڕۆژنامەنووسانی لێکەوتەوە. لەوانە یەکێک لەو بەکارهێنەرانەی کە بیری هێنایەوە کە دوایین جار حکوومەت هەوڵی دروستکردنی دەرمانی (ڤاکسینی کۆڤید)ی دا، هەزاران کەس بەهۆی کۆرۆناوە گیانیان لە دەست دا و حکومەت ناچار بوو هاوردەی بکات.

ئێستا کورتهێنانی دەرمان، وەک قەیرانێک کە تا چەند ساڵ لەمەوبەر لە ئێران نەبوو، بە هۆی سیاسەتەکانی حکوومەتەوە بە کێشەکانی وڵات زیاد بووە، بەڵام بەرپرسە حکوومەتییەکان، نەک تەنیا بە فەرمی نایناسن، بەڵکوو نکۆلیش لە هەبوونی قەیران دەکەن. 

لە دۆخێک‌دا کە بوونی قەیران قبووڵ نەکراو بێت، زەحمەتە بتوانین خەیاڵ بکەین کە دەسەڵات هاندەرێکی هەبێت بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی بەردەوام بۆی.

از بخش پاسخگویی دیدن کنید

در این بخش ایران وایر می‌توانید با مسوولان تماس بگیرید و کارزار خود را برای مشکلات مختلف راه‌اندازی کنید

صفحه پاسخگویی

تێبینییەکەت بنووسە

هەواڵ

مەرگی "تۆمەتبارێکی ئەمنییەتی" لە دادگای شۆڕشی تاران

۱۵ خەزەڵوەری ۱۴۰۲
خوێندنەوەی وتارە لە ۱ خولەکدا
مەرگی "تۆمەتبارێکی ئەمنییەتی" لە دادگای شۆڕشی تاران