"یەحیا سەرخانی"، چالاکی مەدەنی و ژینگەپارێزی خەڵکی مهاباد چوار ساڵی تەمەنی لە نێوان ساڵەکانی ١٣٩١ و ١٣٩٥ لە ژێر ئەشکەنجە و لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا تێپەڕ کرد. چاوی یەحیا لە ژێر ئەشکەنجەدا زیانی بینی و هەر لە هەمان خولی زینداندا چاوی خاڵی و بەتاڵ کرا. ئەو کە لە ساڵی ١٤٠١دا پەیوەست بوو بە ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکانەوە، دوو جار بەر فیشەکی ساچمەیی کەوت و چاوەکەیتری کە پڕۆتێز کرابوو، کرایە ئامانجی ئەم فیشەکانە.
ئەشکەنجەکانی خولی لێپرسینەوە و چوار ساڵ زیندان لە نامرۆڤانەترین بارودۆخدا نەیانتوانی ببنە لەمپەر لە بەردەم یەحیا بۆ بەشداری کردنی لە بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا. ئەو کە یەکێک بوو لەوانەی هەماهەنگیان دەکرد لە کومیتەی ناڕەزایەتییەکانی مهاباددا، لەگەڵ ناڕازیاندا چووە سەر شەقامەکان، ناڕەزایەتیی خۆیان ڕوو لە کۆماری ئیسلامی دەربڕی، ناسنامەکەی ئاشکرا کرا و کرایە ئامانجی فیشەکە ساچمەییەکان.
دۆخی یەحیا بە جەستەیەکی پڕ لە ساچمە و ئەگەری دەستگیر کردنی دووبارەی، ڕێگای مانەوەی لە زێدی خۆیدا لێ قورس و گران کرد. یەحیا دوای ئەوەی چووە باشووری کوردستان، نێردرایە تورکیا و لە تورکیایش حوکمی بەجێهێشتی خاکی ئەو وڵاتەی پێ درا. ئەم چالاکە مەدەنییە هێشتا نەگەیشتۆتە شوێنێکی ئەمن و شەو و ڕۆژەکانی لە وڵاتێکی هەرە نائەمندا خۆڕاگریی دەکات.
***
ماوەیەکە کە لەگەڵ یەحیا سەرخانی پێوەندیم هەیە. هێشتا هیچ گرووپێکی مافی مرۆیی نەیتوانیوە لەو دۆخە نائەمنەی کە لە زستانی ساردی ئەم ساڵدا هەیە، ڕزگاری بکات. هێشتا بنەماڵەکەی لە ئێرانەوە و کۆمەڵێک لە ناوەندە مافی مرۆڤییەکان لە هەوڵدان تا بەڵکوو بتوانن دەرمانەکان بگەیەننە دەستی یەحیا. چاوی ژان دەکات و پێ دەچێت چڵکی کردبێت.
بەڵام یەحیا سەرخانی کێیە؟ بۆچی دوای چەندین ساڵ زیندان و ئەشکەنجە، وڵاتەکەی بەجێ هێشت؟ لەبەر چی گرتبوویان و لە ژێر ناوی چیدا ئەشکەنجە درابوو؟
یەحیا پێش یەکەم جاری دەستگیر کردنی، لەگەڵ ناوەندە نێونەتەوەییە مافی مرۆڤییەکاندا پێوەندیی هەبوو و دۆخی زیندانەکان و سەرکوتەکانی میدیایی دەکردەوە بەڵام بە جۆرێک کەوتە مەترسییەوە کە ناچار بوو پێ بنێتە جیهانی دژوار و بێ بەزەیی پەنابەرییەوە.
ئەو دوای دەستگیری و ٥٨ ڕۆژ مانەوە لە ژووری تاکەکەسی و ئەشکەنجە کردندا، بە چوار ساڵ زیندان سزا درا: "دادوەر جەوادی کیا منی بە تۆمەتی کۆ بوونەوە و پیلان، شێواندنی ڕای گشتی و پروپاگاندا بە دژی کۆماری ئیسلامی تۆمەتبار کرد و لە حوکمی سەرەتاییدا بە حەوت ساڵ زیندان سزای دام. من چوار ساڵی لە زیندانی مهاباددا بووم."
چاوە بەتاڵ کراوەکەی یەحیا کە ئێستا ساچمەیەکیشی تێدایە، لە ڕووداوێکی کاردا زیانی وێکەوتبوو. پزیشکەکان پێشنیاریان کرد کە دەبێت بۆ ئەوەی زیانی زیاتر بەر چاوی نەکەوێت هەندێک پارێز بکات. دوای دەستگیری، لە کاتی پشکنینی پزیشکی و پێش چوونە نێو ژووری تاکەکەسی، ئەو لە بابەت دۆخی چاوی ئاگاداریی دابوو و دواتر نامە پزیشکییەکانی هاوپێچ کردبوون بەڵام دوو حەوتوو بە سەر دەستگیرییەکەیدا تێپەڕ نەببوو کە بانگ کرا بۆ ژووری لێپرسینەوە.
یەحیا دەڵێت: "ناوی خوازراوی بازجووەکەم حامیدی بوو؛ پیاوێکی بەخۆ، باڵا بەرز و بەهێز. لە کاتی لێپرسینەوەدا سەرمی لە پشتەوە دەگرت و ڕوو لە عەرز ڕایدەکێشا و ئازاری دەدام، جوێنیشی پێ دەدام. منیان بۆ لێپرسینەوە دەبردە ژووری تاکەکەسی و هاواریان دەکرد کە تۆ دانپێدانانت نەکردووە و دەزانین چیت بەسەر بهێنین! نازانم چۆنی باس بکەم، لە پڕ بۆ چرکەیەک لە لای چەپی ڕووخسارمەوە هەستم بە گەرما کرد. لە پشتەوە بە بۆکس لە ڕوومەتی دام. پێموابوو هیچ نەبووە. ٤٥ ڕۆژ منیان بەبێ دوکتور و دەرمان لە ژێر لێپرسینەوەدا هێشتەوە. ١٥ ڕۆژی دوایی داوام کرد بمبەنە بێهداری کە ڕازی نەبوون. هەشت ڕۆژ مانم لە خواردن گرت. کە هاتمە زیندانی ناوەندی، چوومە بێهداری و وتیان ئێمە هیچمان پێ ناکرێت."
یەحیا بۆ پزیشکیی یاسایی نامەی نووسی و داوای لە دەزگای داد و لقی یەکەمی دادگای شۆڕش کرد تا بیبەن بۆ پشکینینی چاو. ساڵێک و شەش مانگ تێپەڕی تا لە کۆتاییدا ١٠ ڕۆژیان مەرەخەسی پێدا و چاوی خاڵی و بەتاڵ کرایەوە. خولی چاک بوونەوەی دوای نەشتەرگەرییەکەی کۆتایی نەهاتبوو کە یەحیایان گەڕاندەوە بۆ زیندان.
ئەو ئێستا دوای چەندین ساڵ لە بەتاڵ کردنەوەی چاوی، دەڵێت بە لەبەرچاو گرتنی ئەو بەڵگانەی دابوویە بێهداری، بازجووەکەی بە ئانقەست، لێ داوە و بۆتە هۆی نابینا و کوێر کردنی تەواوەتیی چاوێکی.
کومیتەی هەماهەنگیی مهاباد؛ دوو جار تەقەی ڕاستەوخۆ لە یەحیا
"لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا هەموو شتێک سەر لە نوێ دەستی پێ کردووە." یەحیا ڕستەکەی لە درێژەی گێڕانەوەکەیدا بەم جۆرە دەست پێ دەکات. ئەو دوای ئازاد بوونی لە زیندان، بەردەوام لەگەڵ ناوەندە مافی مرۆڤییەکان و کومیتەی باقیی شارەکانی دیکەدا پێوەندیی هەبووە. ئەوان بڕیاریان دابوو کە دوای کوشتنی "ژینا ئەمینی" لە ٢٨ی خەرمانانی ١٤٠١دا، ناڕەزایەتییەکان لە مهاباددا وەڕێ بخەن بەڵام شەقامەکان پڕ بوون لە هێزەکانی سەرکوت.
کاتی دیاری کراوی ئەوان کاتژمێر چواری پاش نیوەڕۆ بوو. خەڵک وردە وردە کۆ بوونەوە. زۆربەی بەشدار بووەکان لە زمانی سەرخانییەوە، ژن بوون. دەوری کاتژمێر شەشی پاش نیوەڕۆ ئاگادار بوونەوە کە هێزە تایبەتەکانی ورمێ بەرەو مهاباد بەڕێ کەوتوون. کاتژمێر ٩ و نیوی شەو، هێزە تایبەتەکان ناڕازیانیان کردبووە ئامانج: "من بە چاوی خۆم بینیم کە تەقەکان لە کەمەر بەرەو سەرەوە بوون. دەمویست لە بەردەم تەنەکەی خۆڵێکەوە کە ئاگری گرتبوو تێبپەڕێم کە هەستم کرد شتێکم وێ کەوت. پێڵاوەکانم پڕ بوون لە خوێن. یەکێک لە هاوڕێیان پێی وتم بڕۆ."
ناڕەزایەتییەکان بەردەوام بوو. چواری خەزەڵوەر، "سمکۆ مەولوودی" بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکوومەت گیانی لە دەست دا. سەرلە بەیانیی ئەو ڕۆژە خەڵک چوونە قەبرستانی مهاباد. هەمان ڕۆژ، واتە پێنجی خەزەڵوەر، "شاهۆ خزری"، "فریشتە ئەحمەدی"، "مەسعوود ئەحمەدزادە" و "کوبرا شێخە" کوژران: "هەموو شەقامەکان داخرابوون. هێزێکی زۆر لە دەوروبەری ئێمە بوون. دەنگی تەقەی فیشەک زیادی کرد. لە ناکاو تەقەیان کرد و هاوڕێکەم وتی بەر چاوم کەوت و چاوی سوور بوو. ئەو ڕۆیشت. من کە گەڕامەوە، هاوکات بەر فیشەک کەوتم. یەکێک لە ساچمەکان بەر چاوم کەوت و باقییەکەی بەر گەردن و سەرشانەکانم کەوت. بە ئانقەست لێیان دەداین."
یەحیا کاتێک تەقە لە چاوی کرا، چاوی پڕۆتێزی هەبوو و هەموو ئەم ماوەیە بەرگەی تیژیی پڕۆتێزە شکاوەکەی گرتووە. ئەم ماوە دوور و درێژە بێ بەش بووە لە دەرمان و توانا پزیشکییەکان.
ترس لە دەستگیری و ناسینەوە لە لایەن بازجووەوە؛ من دادخوازم
یەحیا دەڵێت تا ئەو ڕۆژەی ئێرانی بەجێ هێشتووە، واتە یەکەمی جولای ٢٠٢٣، سەردانی ماڵەکەی خۆی نەکردبوو: "بازجووەکەم بە ناوی خەلیل زادە دوو جار لە خیابان منی ناسییەوە و دەستی گرتم و وتی کە دەبێت دەستگیر بکرێیت. تێلێفۆن لە دوای تێلێفۆن. دوو جار ماڵەکەیان پشکنیبووم. کامێرا و کۆمپیووتەر و پاسپۆرتەکەیان بردبووم. لە شوێنی کارەکەیشم کۆمەڵێک کەل و پەلیان بردبووم. ناچار بووم ئێران بەجێ بهێڵم."
یەحیا سەرخانی هێشتا نەگەیشتۆتە شوێنێکی ئەمن و هەموو ئەم مانگانە زۆر بە سەختی توانیویەتی بەرگەی جیهانی پەنابەرێتیی بگرێت بەڵام دەڵێت هیچ شوێنێکی ئەم جیهانە بە ڕادەی ئێران و کوردستان بەلایەوە ئەمین و ئەمن نییە: "من لە بارودۆخی دەستگیری و زینداندا هیچ کات بیرم لە چوونە دەرەوەی وڵات و ڕۆیشتن لە ئێران نەدەکردەوە. دەمتوانی بە ئازادانە و بە پاسپۆرت بێم، بەڵام هیچ کات بیرم لەمە نەکردبوەوە. من کاتێک لە ئێران بووم، قسەم هەبوو بۆ کردن. کاتێک کە لە مهاباد لە خیاباندا بووم، قسەم هەبوو بۆ کردن."
ئەو لە درێژەدا دەڵێت: "من ئەو کاتەی دەمبینی فایەق مام قادری فیشەک لە جەستەی دایە و لە ترسی دەستگیری نەچووە نەخۆشخانە و گیانەڵایە یان شەماڵ خەدیری پوور لە بەر ئەوەی درەنگ برایە نەخۆشخانە، گیانی لە دەست دا، مەسعوود ئەحمەد زادەیش هەروەتر. زۆربەی ئەوانەی کە لە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدا گیانیان لە دەست دا، ترس بوو لە ڕاگواستنیان بۆ نەخۆشخانە. من ئەو کات کارم هەبوو لە ئێران و ببوومە دەنگێک بۆ ناوەندە نێوەنەتەوەییەکان کە ئێمە لە ئێراندا چی دەکێشین."
یەحیا سەرخانی بەم جۆرە کۆتایی بە قسەکانی دەهێنێت کە ئێستا لە دەرەوەی ئێران، دادخوازە؛ نەک هەر دادخوازی خۆی بەڵکوو دادخوازی هەموو ئەوانەی کە ئازاریان بینیوە: "دەستدرێژی کراوەتە سەر کچێکی ٢٠ ساڵان لە بەر ئەوەی هاتۆتە سەرشەقام. خەمۆکیی گرتووە. من بە ڕاستی بەدواداچوون بۆ ئەمە دەکەم و هیوادارم هەرچی زووتر بتوانم بگەڕێمەوە و لەو شوێنەی کە پێم خۆشە، بژیم و کار بکەم."
از بخش پاسخگویی دیدن کنید
در این بخش ایران وایر میتوانید با مسوولان تماس بگیرید و کارزار خود را برای مشکلات مختلف راهاندازی کنید
تێبینییەکەت بنووسە