"موژگان ئێفتخاری"، دایکی "ژینا (مەهسا) ئەمینی"، "ئەمجەد ئەمینی"، باوکی و "ئەشکان"، تاقە براکەی ژینا کە ناوەکەی لە بەڵگەی پێناسەکەیدا کیارەشە، بڕیار بوو ڕۆژی هەینی ١٧ی سەرماوەز لە فڕۆکەخانەی "ئیمام خومەینی"یەوە بەرەو وڵاتی فەڕانسە بەڕێ بکەون تا لە ڕێوڕەسمی بەخشینی خەڵاتی ساخارۆڤدا بەشداریی بکەن. هەموو ئەندامانی بنەماڵەی ژینا بەڵام لە فڕۆکەخانەدا ڕێگریان لێ کرا و نەیانهێشت سەفەرەکەیان بکەن. ڕێوڕەسمی بەخشینی خەڵاتی ساخارۆڤ ڕۆژی سێشەمە بەڕێوە دەچێت و بڕیارە ئەم خەڵاتە ببخەخشرێتە ژینا ئەمینی و بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی."
"ساڵح نیکبەخت"، یەکێک لە پارێزەرانی دۆسییەکەی ژینا کە بڕیار بوو لەم سەفەرەی فەڕانسەدا هاوڕێتیان بکات، مافی سەفەری هەبوو و ئێستا لە فەڕانسەیە.
ساڵح نیکبەخت لە وتووێژ لەگەڵ "ئێران وایەر"دا جگە لە نایاسایی بوونی قەدەغە کردنی مافی سەفەری دەرەوەی وڵاتی بنەماڵەی ئەمینی، باس لەوە دەکات لە فڕۆکەخانە و ئەوی بەسەر بنەماڵەی ئەمینیدا هاتووە، دەکات.
ئەم ڕاپۆرتە بەشێکی کورتە لە وتووێژێکی تێروتەسەلی ئێران وایەر لەگەڵ ساڵح نیکبەخت. کۆی وتووێژەکە بە زوویی بڵاو دەکرێتەوە.
***
سالح نیکبەخت، یەکێک لە پارێزەرەکانی بنەماڵەی ژینا ئەمینی، ڕۆژی هەینی ١٧ی سەرماوەز، لەگەڵ باوک، دایک و براکەی ژینا ئەمینیدا، چووە فڕۆکەخانەی "ئیمام خومەینی" تا بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ساخارۆڤ بەرەو فەڕانسە وەڕێ بکەون. بەڵام هەر سێ ئەندامەکەی بنەماڵەی ژینا ئەمینی، پێیان ڕاگەیەندرا کە ناتوانن بچنە دەرەوەی وڵات، پاسۆرتەکانیان زەوت کرا و ئەویش بە تەنیایی گەیشتە فەڕانسە.
بەڕێز نیکبەخت بە ئاماژەدان بە نایاسایی بوونی ڕێگریی کردن لە چوونەوە دەرەوەی وڵاتی بنەماڵەی ئەمینی بە ئێران وایەری وت کە بنەماڵەی ئەمینی بە هۆی ئەوەی کە بەردەوام و بە بۆنەگەلی جۆراوجۆرەوە لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەتی و حکوومەتییەکانەوە گوشاریان خرابووە سەر، سەبارەت بە بانگهێشت نامەکەی پەرلەمانی ئەورووپا و سەفەریان بۆ ستراسبۆرگ بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکە دوودڵ و دڕدۆنگ بوون.
ئەو دەڵێت کە لە سەر داخوازیی ئەمجەد ئەمینی، چەندین جار لەگەڵ دایکی ژینا، موژگان ئیفتخاری قسەی کردووە تا بتوانێت بۆ سەفەرەکە ڕازیی بکات. موژگان ئیفتخاری لە کۆتاییدا قبووڵی دەکات کە لەگەڵ هاوسەر و کوڕەکەیدا بۆ وەرگرتنی خەڵاتی کچەکەی سەفەر بۆ ستراسبورگ بکات.
ساڵح نیکبەخت دەڵێت: "هەموو شتێک ڕێکخرابوو، ئێمە دەوری دوو کاتژمێر پێش هەڵسانی فڕۆکەکە گەیشتینە فڕۆکەخانە، پسوولەی دەرچوونمان دا. جانتاکانمان پێدان و کارتی سەفەرمان وەرگرت." بە گوتەی ئەم مافناسە، سەرەتا دایکی ژینا چووە نێو گەیتی دەرچوونەوە: "بینیم خاتوو موژگان خەریکن لەگەڵ ئەفسەری ئەو بەشەدا دەمەقاڵێیانە. من بە بەرێز ئەمینیم وت، ئێوە بچنە پێشەوە ڕەنگە کێشەیەک درووست بووبێت. بەڕێز ئەمینی ڕۆیشت و بینیمان ئەویش کەوتە قسەوباس و دەمەقاڵێوە و هەر دووکیان ناساندن بە ئۆفیسێک کە هەموو ئەو کەسانەی لە لایەن هەندێک لە دامودەزگاکانەوە سەفەرەیان لێ قەدەغە دەکرێت، ناساند. دوای ئەوەی ئەوان ڕۆیشتن، من و ئەشکان ماوەیەک ماینەوە تا ببینین چارەنووسیان دەبێت بە چی، پێکەوە قسەمان دەکرد کە بڕۆین یان بمێنینەوە."
لە کۆتاییشدا ئەشکانیش چووە پێشەوە: "ئەشکان کە چوو، گەڕایەوە و وتی بە منیان وتووە کە تۆ خوێندکاریت، ڕەزامەندیی زانکۆکەی ئێوە بۆ دەرچوونتان لە ئێران هێشتا بە دەست ئێمە نەگەیشتووە، بڕۆ و لە ڕێگەی ئینتێرنێتەوە ئیستیعلام بکە و بزانە ئامادە کراوە یاخود نا؟ ئەشکانیش ڕۆیشت و ئەویش زانیی کە بڕیاری ڕێگریی کردن لەویش دەرچووە."
بەڵام ساڵح نیکبەخت ڕێگریی لێ نەکراوە: "من سەرباری ئەوەی کە سزای یەک ساڵ و نیو زیندان و کۆمەڵێک قەدەغەی دیکەم لە سەرە، بەڵام ڕێگری لە دەرچوونەکەم نەکرا. ڕەنگە پێیان وایە ئەگەر بڕۆمە دەرەوەی وڵات باشتر بێت." ئاماژەی بەڕێز دەگەڕێتەوە بۆ سزای یەک ساڵ زیندانە تەعزیرییەکەی و قەدەغە دوو ساڵەکەی لە چالاکیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە تۆمەتی "پروپاگاندا بە دژی کۆماری ئیسلامی"یە کە ڕۆژی ٢٥ی ڕەزبەری ١٤٠٢، لە لایەن لقی ٣٨ی دادگای شۆڕش بە دادوەریی "عەمووزاد" دەر کراوە.
وتووێژ سەبارەت بە دۆسییەکەی ژینا ئەمینی و ناڕەزایەتیی بە بۆچوونی پزیشکیی داد و نادیدە گرتنی خواست پارێززەرەکان و بنەماڵە لە بابەت کوشتنی ژینا یەکێکە لەو نموونانەی کە لە داواکاریی سزادان بە دژی ساڵح نیکبەختدا ئاماژەی پێ کراوە و ساڵح نیکبەخت لە ڕێگەی ئەمانەوە، بە زیندان سزا دراوە.
بەم حاڵەوە ساڵح نیکبەخت دوای تێپەڕین لە گەیتی دەرچوون بۆ ئەم سەفەرە تووشی گومانی جیدی دەبێت: "من کاتێک چوومە ئەو بەر گەیتەکەوە، بینیم ناتوانم بە تەنیا بڕۆم. لە بابەت ئەم ڕووداوە زۆڕ بێ تاقەت، ماندوو و خەمبار بووم. ئەمە کارێکی باش نەبوو، بۆ ئەوەی ئەم بنەماڵەیە جەرگیان سووتابوو، کچەکەیان لە دەست دابوو. پرسی ژینا لە هەموو ئێران و جیهاندا پرسێک نەبوو کە تەنیا ئەوانی ئازار دابێت، بنەماڵەی زۆری بێ تاقەت و خەمبار کردبوو.
لەم دیوە گەیتەکەوە لەگەڵ بەڕێز ئەمینیدا قسەم کرد و پرسیارم لێ کرد کە من بڕۆم یان نەڕۆم؟ بەڕێز ئەمینی وتی ئەگەر بۆخۆت بە مەسڵەحەتی دەزانیت بڕۆ و بۆخۆت بڕیار بدە. هەڵبەت دوای ئەم ڕووداوە لەگەڵ خاتوو موژگان قسەم نەکرد. چونکە دەمزانی لەو دۆخەدا ناتوانێت قسە بکات. من بیرم لەوە کردەوە ئەگەر نەڕۆم، ئەمە بێ ڕێزییە بەرامبەر بانگهێشتەکەی پەرلەمانی ئەورووپا. منیش بڕیارم داوە کە نە لێدوان بدەم و نە مەبەستیشمە وتووێژێک بکم."
ئەمجەد ئەمینی، باوکی ژینا ئەمینی لە ڕاگەیەندراوێکدا کە ڕۆژی شەمە، ڕۆژێک دوای ڕێگریی چوونەوە دەرەوەیان لە ئێران بۆ خۆی بنەماڵەکەی ڕادەستی میدیاکانی کرد، نووسیوتی کە بابەتی سەفەری خۆی و بنەماڵەکەی بۆ فەڕانسە بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکەی بە شارەوانی، پارێزگاریی کوردستان و باقیی ناوەندە پێوەندیدارەکان وتووە و هیچ کامە لەم ناوەندانە نەیانوتووە کە ئەم بنەماڵەیە، مافی سەفەریان نییە و چوونەدەرەوەیان قەدەغە کراوە.
بەڕێز نیکبەخت لەم بارەوە دەڵێت: "بەڕێز ئەمینی داوایان لە من کرد بابەتی ڕۆشتنە دەرەوەی وڵات بە ئاگاداریی ناوەندە پێوەندیدارەکان بگەیەنم. چوونکە بۆخۆی ویستی من نامەکەم نووسی، ئەگینا لەو باوەڕەدام شتێک ئەگەر قەدەغە نەکراوە، پێویستی بە ئاگادار کردنەوە نییە."
بە گوتەی ئەم مافناسە، نامەکە لە ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقز، شارەوانیی سنە و جێگرایەتیی سیاسیی پارێزگای کوردستاندا تۆمار کرابوو: "وتبوویان لە ڕوانگەی ئێمەوە کێشەیەک نییە. سەفەر کردن مافی هەموو کەسێکە، ئێمە نامانەوێت ڕێگریی لە ئێوە بکەین، بەڵام ئاگاتان لە هەڵوسوکەوتتان بێت. کاتێکیش بۆ وەرگرتنی ڤیزا هاتبوونە تاران، کێشەیەک نەبوو." بەڵام سەرباری هەموو ئەمانە کاتێک بنەماڵەی ئەمینی دوای وەرگرتنی ڤیزا لە تارانەوە بەرەو سەقز دەڕۆیشتنەوە، لە لایەن وەزارەتی ئیتلاعاتەوە پێوەندیی تێلێفۆنیان لەگەڵ دەگیرێت: "پێان وتبوون کە با دیدارێکمان هەبێت، بەڵام بنەماڵەکە وتبوویان ئێمە لە حاڵی گەڕانەوەداین بەرەو سەقز و نزیکی قەزوینین. وتبوویان لە قەزوێن بمێننەوە، ئێمە دەێین قسەتان لەگەڵ دەکەین. بنەماڵەکە وتبوویان ئێمە کارمان هەیەو دەبێت بە زوویی بگەینەوە ماڵی خۆمان، ئێوەیش ئەگەر کێشەیەک هەیە، تکایە لە ڕێگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقزەوە ئاگادارمان بکەنەوە."
ئەو جگە لە پشتڕاست کردنەوەی ئەوەی کە ئەمجەد ئەمینی سەبارەت بە نەبوونی دۆسییەی قەزایی لە ڕاگەیەندراوەکەی ڕۆژی شەمە ١٩ی سەرماوەز نووسیویەتی، دەڵێت: "چەندین جار بەڕێز ئەمینی بانگهێشت کرابوو، چەندین جار بەرپرسانی دەزگای دادی شاری سەقزدا دیداریان کردبوو، بەڵام هیچ دۆسییەیەک بە دژی ئەو و بنەماڵەکەی ساز نەکرابوو. لە هەندێک لە نامەکان و ئەو نامەنووسینانەدا کە باسیان دەکرد ڕاوێژیان لەگەڵ من دەکرد و ئێمە قسەوباسە قەزاییەکانمان دەخستە بەر باسەوە. واتە هیچ کات جۆری ڕەفتار و نووسینەکانیان بە جۆرێک نەبووە کە بتوانن بڵێن بە دژی کۆماری ئیسلامی پروپاگاندا یان قسەیان کردووە. بە هیچ جۆرێک دۆسییەک لە ئارادا نەبووە."
ئەمجەد ئەمینی لە ڕاگەیەندراوەکەی خۆیدا نووسیویەتی کە دوای سەردان کردنی دەزگای داد لە ڕۆژی شەمەدا، پێیان وتووە کە بنەماڵەکەیان لە سەر بڕیاری زابتی قەزایی (وەزارەتی ئیتلاعات) ڕۆشتنە دەرەوەیان قەدەغە کراوە. بەڕێز نیکبەخت دەڵێت: "ڕۆژی شەمە، بەڕیز ئەمینی لەگەڵ پارێزەرێکی دیکەدا کە هاوکاریی من دەکات سەردانی دەزگای دادی کردبوو، بەرپرسانی دەزگای داد وتبوویان کە ئێمەیش لە قەدەغە بوونی چوونەدەرەوەتان لە ئێران بێ ئاگا بووین، واتە لە بنەڕەتدا قەدەغە بوونی چوونەوە دەرەوەیان ڕانەگەیاندبوو، بەڵام لە دەزگای دادئی تاراندا دەڵێن ئێوە لە ساڵی ١٤٠١ەوە ڕۆیشتنە دەرەوەتان لێ قەدەغە کراوە و ئێمە هەر شەش مانگ جارێک ئەم مۆڵەتە تازە دەکەینەوە، دواین تازە کردنەوەیش تا بەرواری بەفرانبار دەبێت."
باوکی ژینایش دەربارەی داخوازیی بۆ وەرگرتنەوەی پاسپۆرتە زەوت کراوەکانیان لە ڕاگەیەندراوەکەی خۆیدا نووسیویەتی: "داواکارییەکانی من سەبارەت بە ڕادەست کردنەوەی لاشەی پاسپۆرتەکانیش بێ ئاکام مایەوە و پێمان ڕاگەیەندرا کە ئەگەر دوای بەرواری ٣٠ی بەفرانبار قەدەغە بوونی چوونە دەروەتان لە سەر هەڵگیرا، دواتر پاسپۆرتەکەتان بۆ دەگەڕێتەوە. ئێمە دەمانویست تەنیا بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکە بۆ فەڕانسە سەفەر بکەین و تەنانەت تیکێتی گەڕانوەیشمان ئامادە کردبوو و هیچ مەبەستێکی دیکەمان جگە لەمە نەبوو، بەلام ڕێگەیان لە سەفەرەکەی ئێمە بە شێوەی نایاسایی گرت."
ساڵح نیکبەختیش قەدەغە بوونی چوونە دەرەوەی ولاتی بنەماڵەی ئەمینی بە کارێکی نایاسایی دەزانێت و ناوی دەنێت "قەساسی پێش جەنایەت": "لە ڕووی مافییەوە، قەدەغە بوونی چوونە دەرەوەی وڵاتی بنەماڵەی ئەمینی یاسایی نییە. ڕێگریی کردن لە سەفەر لە بەر ئەوەی نەوەک ڕووداوێکی لێ بکەوێتەوە، لە ڕاستیدا قەساسی پێش جەنایەتە. کەسێک کە هێشتا نەهاتووە و هیشتا هیچ قسەیەکی نەکردووە بە دژی کۆماری ئیسلامی، بۆچی دەبێت ڕێگریی لە چوونە دەرەوەی بکرێت؟ ئەگەر ڕوودانی ڕووداوێک بە مانای ڕوودانی ڕووداوەکە نییە. ئەم کارە لە ڕووی یاساییەوە نەک هەر درووست نییە. بەڵکوو لە ڕووی نێونەتەوەیشەوە جۆرێک پروپاگاندایە بە دژی کۆماری ئیسلامی خۆی."
نیکبەخت دوای ڕوون کردنەوەی ئەمەی کە ڕێکەوتنەکەمان هەر لە یەکەم کارەکانمانەوە لەوانە دادخوازی کردن لە ڕێگەی دەزگای دادی ئێرانەوە بێت، هەر لەوێ سکاڵامن تۆمار کرد و هێشتا دۆسییەکەمان دانەخراوە. ئەو جارێکی دیکە جەختی کردەوە لە سەر نایاسایی بوونی قەدەغە کردنی چوونەدەرەوەی بنەماڵەی ئەمینی و بەردەوامیی دادخوازیی دۆسییەکەی ژینا، جەخت دەکاتەوە.
وتووێژی تێروتەسەلی "ئایدا قەجەر" لەگەڵ ساڵح نیکبەخت سەبارەت بە وردەکارییەکانی دۆسییەی ژینا ئەمینی بەم زوانە بڵاو دەبێتەوە.
از بخش پاسخگویی دیدن کنید
در این بخش ایران وایر میتوانید با مسوولان تماس بگیرید و کارزار خود را برای مشکلات مختلف راهاندازی کنید
تێبینییەکەت بنووسە