"ڕوحوڵا خومەینی" دوای شۆڕشی مانگی ڕێبەندانی ١٣٥٧ و دەسپێکی حوکمڕانییەکەی لە سەر ئێران، دوو جار بە شێوەی گشتی باسی نووسینی وەسیەتنامەکەی خۆی ڕوو لە جەماوەری خەڵک کردووە. جاری دووهەم لە بەرامبەر کامێراکانی دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامی بە ئامادەیی سەرانی هەر سێ دەسەڵاتەکە و سەرۆک وەزیر، لە چەند نوسخەی یەکساندا بۆ دوای مردنی ڕادەستی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی کرد و خەڵک لە ئامادە بوونەکەی ئاگادار کردەوە. ئێستا عەلی خامنەیی ٨٤ ساڵی تەمەنە و پرسیار ئەوەیە کە وەسیەتنامەکەی ئەو لە کوێیە و بە دەست کێوەیە؟
***
خومەینی لە ٨٤ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد. یەکێک لەو دەقانەی کە دوای مردنی پروپاگاندایەکی زۆری لە سەر کرا، وەسیەتنامەی ئەم ڕێبەرە تازە کۆچ کردووە بوو. وەسیەتکەی خومەینی لە ژێر ناوی "وەسیەتنامەی سیاسی، ئیلاهی" لە قوتابخانەکان و زانکۆکان و ناوەندەکانی پەروەردەی فەرمی پروپاگاندای بۆ دەکرا و بەردەوام سیما سیاسییەکان، باسیان لە هەڵسوکەوت و کردارەکانی خۆیان بەپێی وەسیەتنامەکەی خومەینی دەکرد.
لە خولی ڕێبەرایەتیی خومەینیدا، دوو جار لە مەودای جۆراوجۆردا هەواڵی ڕادەست کردنی وەسیەتنامەکەی ئەو بە ئاستانی قودسی ڕەزەوی بڵاو کرایەوە. بەڵام لە خولی ڕێبەرایەتیی خامنەییدا، باسێک لە وەسیەتنامەکەی ئەو نەکراوە. لەم ساڵانەی دوایشدا هێنانە ئارای ئەم بابەتە بێ گومان باسی جێگرەوە و ئێرانی دوای مردنی ئەو، دووبارە دەخاتەوە گەڕ.
وەسیەتنامەکەی خامنەیی لە کوێیە؟
ئەو هەواڵ و گێڕانەوانەی کە دەربارەی وەسیەت نامەکەی خامنەیی بڵاو بوونەتەوە، پێوەندیان هەیە وەسییەتەکانی ئەو لە سەردەمی شا و هەروەها دەیەی ٦٠ و خولی ئەو تیرۆرانەی کە جارێکیان خامنەیی لە مانگی پووشپەڕی ١٣٠دا بەری کەوت و دەربازی بوو.
وەسیەتەکەی ئەو لە ساڵی ١٣٤٢ کە بەپێی گێڕانەوەکان شەوێک پێش هێرش کردنە سەر قوتابخانەی فەیزییە نووسراوە، دەربارەی بابەتە شەخسییەکانە و هەندێکیشیان تایبەتن بە قەرزەکانی. باس لەوە کراوە کە لە خولی تیرۆرەکانی دەیەی شەستیشدا وەسیەتی نووسیبوو، بەڵام لە ٣٤ ساڵی ڕابردوودا کە ئەو بەهێزترین کەس لە ئێراندا بووە، هیچکات هەواڵێک لە سەر "وەسیەتنامەی سیاسی"یەکەی خامنەیی بڵاو نەکراوەتەوە.
لە پرەوەردە ئیسلامییەکاندا لە سەر نووسینی وەسیەت نامەی پێداگریی کراوە. نووسینی "وەسیەت نامەی سیاسی" کەم و زۆر لە ناو سیماکانی کۆماری ئیسلامیدا برەوی هەبووە. لەم ڕووەوە لەوانەیە کە خامنەیش وەسییەتی سیاسیی نووسیبێت، یاخود گرتەیەکی ڤیدیۆیی وەک وەسیەت نامەکەی خۆی تۆمار کردبێت تا دوای مردنی بڵاو بکرێتەوە. بەڵام بە پێچەوانەی خولی ڕێبەرایەتیی ئایەتوڵا خومەینی، باسێک لەم بارەوە ناکرێت.
بێ گومان هێنانە بەر باسی بابەتی وەسیەت نامە لە هەر خولێکدا ڕەنگدانەوەیەکی سیاسیی تایبەتی دەبێت بە تایبەت لەم ساڵانەی دواییدا، بابەتی جێگرەوە خامنەیی بە شێوەیەکی زەقتر دەهێنێتە بەر باسەوە.
چارەنووسی ناڕوونی "وەسیەت نامەی سیاسی"ی هاشمی ڕەفسەنجانی
دەربارەی وەسیەت نامەی "ئەکبەر هاشمی ڕەفسەنجانی" قسە باس و گێڕانەوەی جۆراوجۆر هاتۆتە ئاتراوە، بەڵام لە کۆتاییدا ڕایگەیەندرا کە ئەم وەسیەت نامەیە ڕادەستی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی کراوە. ماوەیەک دوای ئەمە ڕاگەیەندرا کە ئەم دەقە نەک وەسیەتنامەیەک بەڵکوو نامەیەکی ئاسایی بووە.
"فاتمە هاشمی"، کچە گەورەکەی وتبووی کە باوکی سێ وەسیەتنامەی لە کاتی جۆراوجۆردا نووسیبوو. یەکێکیان هی کاتی زیندانی، ئەوی دیکە دوای ئامادە بوونی لە بەرەکانی جەنگ لەگەڵ عێراق و سێهەمینیشیان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٣٧٩ واتە سێ ساڵ دوای کۆتایی هاتنی سەرۆک کۆمارییکەی.
ئەو وتبوی کە باوکی لە وەسیەت نامەکەی ساڵی ١٣٧٩یشدا نووسیویەتی کە دوو نامەی دیکەیش دەنووسێت، بەڵام ئەو وەسیەتنامە نەدۆزراوەتەوە. کچەکەی هاشمی ڕەفسەنجانی وتی کە "هەر ئەو کاتە کە باوکم کۆچی دوایی کرد، ئاقایان هاتن و هەرچی بوو و نەبوو هەڵیان گرت و لەگەڵ خۆیان بردیان."
ئۆفیسەکانی ئەو لە کۆمەڵی دیاری کردنی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیشدا مۆر و مۆم کران، بەڵام نە بنەماڵەکەی و نە حکوومەت ڕایان نەگەیاند کە ئایا لەم ئۆفیسانەدا وەسیەت نامە یاخود نامەیەکی لێ دۆزراوەتەوە یان نا.
"موحسن هاشمی"، چوار ساڵ دوای مردنی پیاوێک کە دەورێکی یەکلایی کەرەوەی لە بە دەسەڵات گەیشتنی خامنەییدا هەبوو، ڕایگەیاند کە وەسیەتنامە ١٠٠ لاپەڕەییەکەی باوکی ڕادەستی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی کردووە و کاتی بڵاو کردنەوەکەی داناوە بۆ دوای ڕەزامەندیی خامنەیی.
ئەو وتی کە باوکی "لە ماوەیە نزیک چوار تا پێنج ساڵێک خەریکی نووسینی دەقێکی ئەستووری ١٠٠ و شتێ لاپەڕەیی بوو، کە ئەمە بڕیار بوو ببێتە وەسیەت نامەیەک کە جیدیتر بوو" بەڵام بە گوتەی ئەو ئەم دەقە تەواو نەکرابوو.
کوڕەکەی هاشمی ڕەفسەنجانی وتبووی کە چونکە زۆر بەشی وەسیەت نامەکە تایبەت بووە بە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی بوو، ئەم دەقەی ڕادەستی ئەو کردووە و نوسخەیەکی دیکە یان کۆپیی لەم دەقەی لە لا نییە. ئەم کارەی بنەماڵەی هاشمی ڕەفسەنجانی وەک جۆرێک دانوستان لەگەڵ خامنەیی تەعبیر کرا.
موحسن هاشمی دوای ماوەیەکی کورت، بە جۆرێک لە قسەکانی خۆی پەشیمان بووەوە و وتی کە ئەو دەقە نامەیەک بووە بۆ خامنەیی و بە وەسیەت نامە دانانرێت.
ئەو وتی کە هاشمی "لە چەند ساڵی کۆتایی تەمەنی خۆیدا، سەرقاڵی نووسینی نامەیەکی تێروتەسەل" بۆ خامنەیی بووە وەک دۆست و هاوڕێی ٦٠ ساڵ تەمەن کە بە مردنەکەی ئەم نامە ناتەواو مایەوە و "بەندە بە گوێری ئەدەبی ئەمانەت ڕادەستی ڕێبەری شۆڕشم کرد و وەسیەتنامەیەکی نوێ لە ئارادا نییە."
وەسیەت نامەکانی خومەینی
ئایەتوڵا خومەینیش لانیکەم ٨ وەسیەت نامەی نووسیوە کە ئاخر دانەکەیان دوای مەردنی لە مەجلیسی شورای ئیسلامی و لە لایەن خامنەییەوە خوێندرایەوە. ئەو دوای سەرکەوتنی شۆڕش دوو وەسیەتنامەی سیاسیی نووسیوە کە یەکێکیان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٣٦١ و پاشان لە ساڵی ١٣٦٦دا پێداچوونەوەی بۆ کردووە.
ئەکبەر هاشمی ڕەفسەنجانی لە یادەوەرییەکانی ساڵی ١٣٦١ی خۆیدا نووسیویەتی "ئەحەمد ئاقا (کوڕی خومەینی) ئاگاداری کردمەوە کە ئیمام وەسیەت نامەیەکی لە پاکەتێکی داخراودا بۆ من ناردووە؛ لە پشت پاکەتەکەوە نووسیویانە دوای مەرگی بکرێتەوە. زۆرم بە لاوە گران بوو و هەورەها سپاسی متمانەکەی ئیمام دەکەم. ئاقای خامنەیی وتیان کە پاکەتێکی لەم جۆرەیان بەویش داوە. ئەحەمد ئاقا وتی کە بۆ ئاقای (حوسەینعەلی) مونتەزریشیان نووسیوە. بێ گومان بابەتێکی گرینگی تێدایە."
ئەم وەسیەت نامەیە ٢٦ی ڕێبەرندانی ١٣٦١ نووسراوە و نوسخەیەکیشی لە کۆ بوونەوەی کردنەوەی یەکەم خولیئ مەجلیسی خوبرەگانی ڕێبەری لە ساڵی دواتردا، لە لایەن ئەم مەجلیسە بە ئەمانەت دانرا تا دوای مردنی دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی بکرێتەوە.
ئەم وەسیەت نامەیە لە ساڵی ١٣٦٦دا گۆردرا و لە دوو نوسخەدا بە مەبەستی پاراستنی لە مەجلیسی خوبرەگان و ئاستانی قودسی ڕەزەویدا، ڕادەستیان کرا.
هەواڵی ئەم کارەیش بڵاو کرایەوە و لە سەریشی پڕوپاگاندای زۆر کرا. لەم ساڵانەی دواییشدا چەند فیلمێک دەربارەی ڕادەست کردنی وەسیەت نامە دووهەمەکە بڵاو کرانەوە.
لە سەردەمی جۆراوجۆردا، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی جەختی زۆریان لە سەر ئەم وەسیەت نامە دەکردەوە و هەر دوو باڵی حکمەتیی بەشە بەرمەبەستەکانی خۆیان زەق دەکردەوە. ئەم بابەتە بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا کەم ڕەنگ بۆتەوە.
ئایەتوڵا خومەینی نووسیبووی کە "ئەم وەسیەت نامە دوای مەرگی من، ئەحمەد خۆمەینی بۆ خەڵکی بخوێنێتەوە و ئەگەر پێی نەکرا، سەرۆکی بەڕێزی کۆمار، یان سەرۆکی بەڕێزی شورای ئیسلامی یان سەرۆکی بەڕێزی دیوانی بالای وڵات، ئەم ئەرکە وەئەستۆ بگرێت و ئەگەر پێیان نەکرا، یەکێک لە فەقیهانی بەڕێزی نیگابان ئەم ئەرکە بگرێتە ئەستۆ."
خوێندنەوەی وەسیەت نامەکە لە لایەن خامنەییەوە، بە جۆرێک هێمایەک بوو بۆ خۆش کردنی بواری ڕێبەرایەتییەکەی کە ئێستا ٣٤ ساڵ بە سەریدا تێپەڕ دەبێت. چالاکیی میدیایی دەربارەی وەسیەت نامە، بابەتێکە کە بە پێچەوانەی خومەینی، بۆ خامنەیی تاکوو ئێستا ئەولەویەت نەبوو. لەوانەیە ناڕوون بوونی دۆخی وەسیەت نامەکەی، کێشەی زۆرتر بخاتە ناو ئەو ئاڵۆزییەی کە ئێستا لە حوکمڕانییەکەیدا هەیە و پەرە بە کۆمەڵێک موناقەشەی دیکە بدات کە دەبێتە میراتی ئەو لە پاش مردنی.
ئەمەی کە ئەگەر وەسیەت نامەیەک لە پاش مەرگی بخوێندرێتەوە و بەبێ هیچ گومانێک بوترێت کە هی ئەوە و نوسخەی کۆتایی وەسیەت نامەکەیەتی، تەنیا ئەو کاتە جێگای باوەڕە کە پیش وەخت چەندین نوسخەی ڕادەستی کەسان و ناوەندە جۆراوجۆرەکان کردبێت و ڕای گشتیی لەمە ئاگادار بێت یاخود ئەمەی کە وەسیەت نامەکەی بە شێوەی ڤیدیۆیی بێت کە تێیدا، بە شێوەیەکی نوێی خواستەکانی دوای مردنی دابنرێت.
از بخش پاسخگویی دیدن کنید
در این بخش ایران وایر میتوانید با مسوولان تماس بگیرید و کارزار خود را برای مشکلات مختلف راهاندازی کنید
تێبینییەکەت بنووسە