بەپێی ئەو زانیاریانەی کە بە دەست "ئێران وایەر" گەیشتوون، لە مەودای هەشت تا سێزدەی خەزەڵوەری ١٤٠٢دا، سێ ژن بە دەستی پیاوانی بنەماڵەکەی خۆیان بە شێوەی بێبەزەییانە کوژراون. "پەریسا محەمەدی"، تەمەن ٣٧ ساڵانی خەڵکی بابۆل، "حەدیس ئیسلامی" تەمەن ٢٦ ساڵان لە مەشهەد و "حەمیدە شەریفات" تەمەن ٤٠ ساڵان لە ئۆمیدیە.
***
کوشتنی پەریسا محەمەدی لە مازندەران
پەریسا محەمەدی، ژنێکی گەنجی تەمەن ٣٧ ساڵان، ڕۆژی ٨ی خەزەڵوەر، لە شاری بابۆل، بەهۆی لێدانی دڕندانە بە چەقۆ لە لایەن هاوسەرەکەیەوە گیانی لەدەست دا.
سەرچاوەیەکی ئاگادار سەربارەت بە کوشتنی ئەم ژنە بە ئێرانوایەر دەڵێت: "پەریسا هاوسەری دووهەمی پیاوێکی تەمەن ٦٠ ساڵان بە ناوی فەرزاد بوو. لە بنەڕەتدا خاڵکی بابۆلسەر بوو، بەڵام لە بابۆل دەژیا و کاری دەکرد. ئارایشتگا و هۆڵێکی جوانکاری هەبوو. پڕ بوو لە سۆز بۆ ژیان نازانم بۆچی دەبێت بەم شێوە ترسناکە بکوژرێت".
ئەم سەرچاوە ئاگادارە دەڵێت هاوسەرەکەی پەریسا محەمەدی دۆخێی دارایی باشی هەبوو، ماوەیەک بوو ئیفلاس ببوو: بەڵام ئاگادار نیم ئەم کوشتنە پێوەندی بە پرسی داراییەوە هەبووە یان نا، بەڵام دایکی فەرزاد هێشتا زۆر دەوڵەمەند بوو، پەریسا کار و کەسابەتی خۆی هەبوو. ئەوەی کە فەرزاد سەرەتا هاوسەرەکەی و پاشان دایکەکەی بە چەقۆ کوشتووە و پاشان خۆیشی کوشتووە دەتوانێت گریمانی ئەوە بەرجەستەتر بکاتەوە کە پێدەچێت کێشەیی داریی لە نیوانیاندا بووبێت .
میدیاکانی ئێران وەک هەمیشیە هۆکاری ئەم ژن کوژییەیان "کێشەی بنەماڵەیی" ڕاگەیاندووە و خۆیان لە ڕوون کردنەوەی زیاتر بە دوور گرتووە. بەڵام کێشەی بنەماڵەیی لایەن و هۆکاری بەرفراوانتر لە خۆ دەگرێت کە هۆکارگەلی نامووسیی تا کیشەی ژن و مێردایەتی لە سەر بابەتە داراییەکانیش لە خۆ دەگرێت.
کوشتنی حەدیس ئیسلامی لە خوراسانی ڕەزەویی
٢٩ی ڕەزبەری ١٤٠٢، نزیکانی ژنێکی گەنجی تەمەن ٢٦ ساڵان بە ناوی حەدیس ئیسلامی لە مەشهەد، ون بوونی ئەویان ڕاگەیاند.
بە وتەی سەرچاوەکانی ئێرانوایەر، حەدیس ئیسلامی ڤیدۆگرافەری ئاهەنگی هاوسەرگیری بووە و ڕۆژی ٢٩ی ڕەزبەر کاتێک لە شوێنی کارەکەی گەڕاوەتەوە بۆ ماڵەوە، لە لایەن دوو پیاوەوە ڕفێندراوبوو.
ئێستا میدیای "شەهرئارا نیوز" لە زمانی دادوەر "مەحمود عارفیڕاد"، لێکۆڵەری تایبەتی کوشتنی بە ئانقەست لە مەشهەد وتوویەتی. لە دوای "لێکۆڵینەوە و توێژینەوە تەکنیکییەکان"، هاوسەری ئەم ژنە گەنجە وەک یەکێک لە ئەنجامدەرانی کوشتنەکە دەستگیر کراوە و هەروەها دانی بە هاوکاری یەکێک لە خزمە دوورەکانی خۆی لە کوشتنەدا ناوە.
هەروها ئەم لێپرسراوە دادوەرییە پشتڕاستی کردۆتەوە کە هاودەستی هاوسەری خاتوو ئیسلامی لە نەیشابوور دەستگیر کراوە، بەڵام ڕوون نییە ئەنجامدەری کوشتنەکە کام یەک لەو دوو کەسەیە و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ئێرانوایەر دەڵیت: "حەدیس ئیسلامی ژنێکی سەنگین و بەڕێز بوو. هەمووان وەک ڤیدیۆگەرافێکی بە زەوق لە ئاهەنگی هاوسەرگیری دەیانناسی. بە بۆچوونی من گریمانی ڕفاندنی ئەو زۆر کەمە. کاتێک حەدیس گەیشتبووە بەر ماڵی خۆیان پێوەندی بە هاوسەرەکەیەوە گرتبوو و وتبووی دەرگاکەی بۆ بکاتەوە. لە مەودای کردنەوەی دەرگاکە لە لایەن هاوسەرەکەیەوە، ون دەبێت، لە حاڵێکدا مۆبایل و ئۆتۆمبێلەکەیان لە دوو شوێنی جیاواز لە یەک دۆزیبووەوە؛ ئۆتۆمبێلەکەیان لە مەیدانی زێدی مەشهەد و مۆبایلەکەیان لە ڕێگای باخچە بەرەو تاران دۆزیبووەوە. لە باخی کەسیی خۆیان لە مەودایەکی نزیکەوە بە شێوەی ڕاستەوخۆ تەقە لە سەری کراوە و کوژراوە. و تەرمەکەیان لە یەک کیلۆمەتری باخەکە لە ڕێگای خین عەرەبی مەشهەد بەخاکسپرادبوو. من بیستوومە هاوسەرەکەی دانی بە کوشتنەکەیدا ناوە. و ناونیشانی ئەو شوێنەی لەوێ بەخاکی سپرادووە پێیداون، بەڵام بەم حاڵەشەوە پۆلیس دەڵێت دیار نییە کە بکوژەکە هاوسەرەکەیەتی یان هاودەستەکەی".
ئەم سەرچاوە ئاگادارە دەڵێت سەرەڕای ئەوەی هاوسەرەکەی حەدیس ئیسلامی لە هەمان کاتژمێرە سەرەتاییەکانی دیارنەمانی ئەو، ڕاپۆرتی ئەم ڕووداوەی بە پۆلیس دابوو، بەڵام پۆلیس وەک "ئەنجامدەری سەرەکیی ون بوون و کوژرانی" ئەم ژنە گەنجە" ناوی لێ دەبات.
کوشتنی حەمیدە شەریفات لە خوزستان
لە حەوتووی یەکەمی مانگی خەزەڵوەری ١٤٠٢دا ژنێکی گەنج بە ناوی حەمیدە شەریفات دانیشتووی شاری ئومیدییە، لە لایەن براکەیەوە بە سێ فیشەک کوژرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، خاتوو شەریفات تەمەن ٤٠ ساڵان و دایکی دوو کچی گەنج بووە: "حەمیدە شەریفات بەپێی نەریتی عەرەبەکان مەجبوور کراوە شوو بە ئامۆزاکەی بکات، لە ماوەی چەندین ساڵ ژیانی هاوبەشدا بەردەوام پێکەوە کێشەیان هەبووە و دەیویست لێی جیا ببێتەوە. لە ئەنجامدا لەم یەک دوو ساڵەی دواییدا توانیی ئەو کارە ئەنجام بدات."
سەرچاوەیەکی ئاگادار سەبارەت بەم بابەتە بە ئێرانوایەر دەڵێت: "حەمیدە لەگەڵ دوو کەچەکەیدا لە ناوچەی یەکەی نیشتەجێ بوونی مێهر دەژیا. براکەی حەمیدە بە گۆمانی ئەوەی کە هۆکاری جیا بوونەوەی خوشکەکەی لە هاوسەرەکەی کە ئامۆزایانە، هەبوونی پیاوێکی دیکەیە، بە سێ فیشەک خوشکەکەی کردە ئامانج. بنەماڵەکەیشی لە بێ دەنگی و هاودەستی لەگەڵ یەکدا، هیچ سکاڵایەکیان تۆمار نەکرد و وەکوو مەرگێکی لەناکاو و ئاسایی، ئەویان لە گۆڕستانی قوربانیانی کۆڕۆنا کە لە دەرەوەی شار و لە ڕێگای ئومیدیەی ماهشەر بوو، بە خاکسپارد. تەنانەت جیا بوونەوەکەیان ڕانەگەیندرابوو و بە هەموو کەسێکیان ڕاگەیاندبوو لە دەمەقاڵێ لەگەڵ مێردەکەیدا، بە هەڵە تەقەی لێ کراوە. لە حاڵێک دا هیچ کەسێک بە هەڵە تەقە ناکات."
لانیکەم ۲۰ ژنکوژی لە پاییزی ۱٤۰۲دا
لێکۆڵینەوەکانی ئێرانوایەر دەریدەخەن کە لە ماوەی تێپەڕبوونی مانگ و نیوێک لە پاییزی ساڵی ١٤٠٢ەوە، لانیکەم ٢٠ ژن لە لایەن مێردەکانیان، باوکیان، براکانیان، یان خزم یان ناسیاوی پیاوەکانیانەوە کوژراون. ئەمە کەمترین ئامارە و تایبەتە بەو کەسانەی کە ناسنامەکانیان بۆ چالاکانی مافی ژنان و میدیاکانی ئێران ئاشکرا بووە.
٦ی خەزەڵوەری ۱٤۰۲ هەواڵدەری "هێرانا"، کوژرانی ژنێکی گەنجی تەمەن ۲۰ ساڵانی بە ناوی "ویدا دێهقان پیرانجوق"٫ هاوڵاتی خەڵکی ورمێیان ڕاگەیاند و نووسی کە برا تەمەن ۱٥ ساڵناکەی ئەم ژنە، بە بیانووی نامووسییەوە و بە "گومانی پێوەندیی لە دەرەوەی هاوسەرگیری ئەوی خنکاندووە".
ویدا دێهقان پیرانجوق خێزاندار و دایکی منداڵێک بوو و لە دوو ساڵ پێشەوە دوا بە دوای کێشەی بنەماڵەیی لەگەڵ هاوسەرەکەی، چبووەوە بۆ ماڵی باوکی.
۲۳ی ۱٤۰۲، کەمپینی ڕاگرتنی کوشتنی نامووسی، کوشتنی ژنێکی ۲۱ ساڵ تەمەن و قوربانی منداڵهاوسەریی لە گوندی کاسەگەرانی شاری پیرانشار لە ئازەربایجانی ڕۆژئاوا ڕاگەیاند. "تروسکە عەبدوڵازادە"، دایکی دوو منداڵی ٨ و ٥ ساڵان بوو و لە لایەن باوکییەوە و بە هاودەستی هاوسەر و مامەی کە باوکی هاوسەرەکەی بوو، هەڵواسرا.
هاوکات لەگەڵ تروسکە سادقی، چالاکانی مافی ژنان کوژرانی ژنێکی تەمەن ٤٥ ساڵان بە ناوی "خەدیجە موقەدەسی" لە شاری بروجێرد" یەکێک لە شارەکانی پارێزگای لۆرستانیان ڕاگەیاند و نووسیویانە کە مێردەکەی کێشەی دەروونی هەبووە و بە وەهمی ئەوەی خیانەتی لێ کراوە بە چەقۆ کوشتوویەتی.
تەنیا سێ ڕۆژ پێش لە کوژرانی خەدیجە موقەدەسی، ژنێکی گەنجی ۲۰ ساڵ تەمەن بە ناوی "ڕازیە حەسەنوەند" لە ناوچەی ئەلشوتوری پارێزگای لورستان، بە بیانووی نامووسییەوە لە لایەن براکەیەوە بە فیشەک کوژراوە. هۆکاری ئەم کوشتنەش جیابوونەوەی ڕازیە لە هاوسەرەکەی بوو بە پێچەوانەی دژایەتی بنەماڵەکەی بە هۆی هەبوونی منداڵێک. هەندێک لە سەرچاوە ئاگادارەکان وتوویانە "بەهمەن حەسەنوەند"، برای ڕازییە دەیویست ڕازی بکات هاوسەرگیری لەگەڵ پیاوێکی دیکە بکات، بەڵام ڕازیە ڕازی بەو هاوسەرگیرییە نەبوو و هەندێک لە سەرچاوەکانی دیکە "چوونە دەرەوەی ئەو لە ماڵەوەیان" بە هۆکاری کوشتنەکەی ناو بردووە.
۱۹ی ڕەزبەر، ژنێکی گەنج لە ناوچەی عەباسئابادی تاران، بەبێ ڕاگەیاندنی ناسنامەکەی بە گومانی خیانەت لە لایەن مێردەکەیەوە، کوژراوە.
لە ١٣ی مانگی گوڵاندا، ئێرانوایەر هەواڵی کوشتنی ژنێکی تەمەن ٢٨ ساڵانی بە ناوی "زەهرا خەلیلنژاد" لەلایەن هاوسەرە تەلەبەکەیەوە بڵاوکردەوە. بەپێی ئەو هەواڵەی بە ئێرانوایەر گەیشتووە، دوای دەستگیرکردنی، هاوسەری قوربانییەکە دانی بەوەدا ناوە کە بەهۆی "ناکۆکی خێزانییەوە" بە شتێکی قورس لە سەر زەهرای داوە و کوشتوویەتی و تەرمەکەی لە ژێر پردێکی چۆڵدا بەجێهێشتووە. زەهرا خەلیل نژاد خوێندکاری قۆناغی کۆتایی دکتۆرا بوو لە بواری بێهۆشکردندا.
هاوکات "شەهین ئیبراهیمزداە"، ژنێکی تەمەن ۲۱ ساڵانی گوندی گوڵانی سەردەشت کە لە هاوسەرەکەی جیا ببووەوە و لە ماڵی باوکی دەژیا، بە گومانی پێوەندی لەگەڵ پیاوێکدا لە لایەن باوک و مامەیەوە کوژرا.
یەگانە ڕۆستەمی ژنێکی گەنجی دیەکەیە کە لە تەمەنی ٢٣ ساڵیدا لەلایەن مامەیەوە تەقەی لێکرا و کوژرا. ئەم ژنە گەنجە دانیشتووی شاری مەحەلات، شارێکی سونەتی پارێزگای مەرکەزییە، دوای هاوسەرگیرییەکی ناسەرکەوتوو توانی لە هاوسەرەکەی جیاببێتەوە و پلانی داڕشتبوو بۆ وەرگرتنی یارمەتی سەردانی بهزیستی بکات.
ڕۆژی ٨ی خەزەڵوەر، تەرمی ژنێکی گەنج دوای ئەوەی زیاتر لە مانگێک بێسەروشوێن بوو، لە ناوەڕاستی ڕێگای حەمیدییە-ئەهواز لە لایەن پۆلیسی تاوانکاری ئەهوازەوە دۆزرایەوە. بە وتەی کەسێکی ئاگادار، "ژن و برای ئەم ژنە گەنجە، بە گومانی پەیوەندیی لەگەڵ پیاوێکی دیکە، سەرەتا خنکاندوویانە و لە ماڵێکی کۆندا بە خاکیانسپاراوە، بەڵام پاشان لە ترسی ئەوەی کە دەستگیر بکرێن، تەرمەکەیان بردۆتە یەکێک لە گوندەکانی ئەهواز-حەمیدەییە. ئەوان لە هەموو شوێنێک ڕایانگەیاندبوو کە ژنەکە بێسەروشوێنە و بەردەوام جنێویان پێدەدا کە هەڵاتووە و ئابڕوومانی بردووە.". لە ئێستادا هەردوو پیاوەکە دەستبەسەرن.
هەر لەو ڕۆژەدا لە شاری خۆی پیاوێکی دیکە بە چەکەوە تەقەی لە هاوسەرەکەی "مریەم" و خوشکی هاوسەرەکەی بە ناوی "نوشین" و "سەوگەند" کچە تەمەن ٩ ساڵانەکەی کرد و کوشتیانی. لە لێپرسینەوەکاندا وتبووی بە هۆکاری نامووسی کوشتوونی.
یەکێک لە سەیرترین حاڵەتەکانی ژنکوژی کە لە پاییزی ساڵی ١٤٠٢ لە میدیاکانەوە بڵاوکرایەوە، ئەو دەستدرێژییە بوو کە بووە هۆی کوشتنی ژنێک بە ناوی "موبینا" لە شیراز کە هاوڕیی نزیکی "سەمیرا" بوو، دەزگیرانی پیاوێک بوو بە ناوی "ئاریا"، کاتێک جلی سەمیرای لەبەردا بوو و لەگەڵ دەستگیرانەکەی بە شەقامدا دەڕۆیشت، لە لایەن ئاریا بە شێوەیەکی تووندوتیژانە هێرش دەکرێتە سەریان و لە کۆتاییدا بەهۆی تەزووی مێشکەوە گیانی لەدەستداوە.
یەکێکی دیکە لە قوربانیانی منداڵهاوسەری "فاتمە محەمەدپەنایی"، تەمەن ١٧ ساڵان لە گوندی مارەغانی سەردەشتە، هەروەها "هایدە حەسەنزادە"، کچێکی تەمەن ۱٦ساڵانی خەڵکی سەردەشت، لە سەرەتای مانگی ڕەزبەرەوە، هەردووکیان بە شێوەیەکی دڕندانە لە لایەن پیاوانی بنەماڵەی خۆیان کوژران کە پێشتر وردەکاری کوشتنەکەیان لە ئێرانوایەر بڵاو کرابووەوە.
چالاکانی مافی ژنان لەو باوەڕەدان کە ئاماری زۆرینەی کوشتنەکان بەپێی ڕەگەز و بەربڵاوی جوگرافیایی شوێنی ڕوودانی ئەم کوشتنانە، دەبێت وەک زەنگێکی ئاگادارکەرەوەی جدی لە بەرچاو بگیرێت. ئەو کوشتنانەی کە بە گشتی ژیانی ئەو ژنانە دەگرنەوە کە مەبەست و ئیرادەی گۆڕینی بارودۆخی ژیانیان هەبووە و لە نەریت و یاسا پیاوسالارییەکانی کۆمەڵگاکەیان یاخی بوون.
یەکێک لە چالاکانی مافی ژنان لە خوزستان سەبارەت بەم بابەتە بە ئێرانوایەر دەڵێت: "بەداخەوە دەبینم کە زۆربەی ئەو ژنانەی بە نیازی جیابوونەوەن دەکوژرێن. چونکە لە خوزستان تێچوویی کوشتنی ژنان لانیکەم لە پێدانی مێهرییە و مافەکانیان لە ئەگەری جیا بوونەوەدا کەمترە".
نەبوونی سزای ڕێگریی لە یاسای ئێراندا، یەکێک لە سەرەکیترین هۆکارەکانی بەردەوامیی کوشتنە نامووسییەکانە. لە ئێران ئەگەر باوکێک منداڵەکەی بکوژێت، سزادانی قورسی بۆ لە بەر چاو نەگیراوە، چونکە بەپێی یاسای کۆماری ئیسلامی، باوک بە سەر منداڵەکەی ویلایەتی هەیە. هەروەها بەپێی بڕگەی ٦٣٠ی یاسای سزادانی ئیسلامی، ئەگەر پیاوێک ژنەکەی بکوژێت و بڵێت ئەو "پێوەندی ناشەرعی" هەبووە، ئەم ژنە بە "مەهدورلدەم" دەناسرێت و کوشتنی لە لایەن پیاوەوە، هیچ سزایەکی نییە.
از بخش پاسخگویی دیدن کنید
در این بخش ایران وایر میتوانید با مسوولان تماس بگیرید و کارزار خود را برای مشکلات مختلف راهاندازی کنید
تێبینییەکەت بنووسە