ژمارەیەک لە پارێزەران و چالاکانی مافەکانی ژنان و مافەکانی مرۆڤ بە واژۆ کردنی ڕاگەیاندنێک ڕوو لە لێپرسراوی گشتیی نەتەوە یەکگرتووکان خوازیاری پێکهێنانی کۆمیەتیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕاستییەکانن.
لەم ڕاگەیاندنەدا جگە لە ئاماژەدان بە ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکانی ئەم دوایانە لە ئێران، نووسراوە: "بەپێی ڕاپۆرتەکان و ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی کە لە ئێرانەوە بە دەستیان گەیشتووە، ڕژیم لە ڕێگەی پێشێل کردنی جیدیی مافەکانی مرۆڤ و هێز و زەبری دڕندانەوە ناڕەزایەتییەکان سەرکوت دەکات."
واژۆکارانی ئەم ڕاگەیاندنە بە ئاماژەدان بەمەی کە سەرکوتی بەرین و سیستماتیک بەپێی ڕەگەز پێشێل کردنی پێڕەوی ناوخۆی ڕۆمایە، دەڵێن: "بەکارهێنانی بێسنووری هێزی زەبر و زۆر، تەقەکردنی ڕاستەوخۆ و کوشتنی بە کۆمەڵی هاوڵاتیانی مەدەنی لە پارێزگاکانی کوردستان و سیستان و بەلووچستان کە دژایەتیان هەیە لەگەڵ کۆنڤانسیۆنە نێونەتەوەییەکانی سڕینەوەی هەموو جۆرە هەڵاواردنێکی ڕەگەزی."
لە بەشێکیتری ئەم ڕاگەیاندنەدا پێداگری لەسەر ئەوە کراوە کە بەکارهێنانی "سەرباز- منداڵ بۆ سەرکوتی ناڕازایان"، "تەقەکردن لە منداڵان لە خیابانەکان" و "ڕفاندنی قوتابیانی کچ بە دەستی هێزە لیباس شەخسییەکان" ناکۆکە بە کۆنڤانسیۆنی مافەکانی منداڵان.
واژۆ کارانی ئەم ڕاگەیاندنە لە کۆتاییدا نووسیویانە "ئێمە وەک پارێزەرانی یاسا و بۆ هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی ئێران، سەرەڕای سنوورەکانی دەوڵەت- نەتەوەکان، داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین بە خێرایی کۆمیتەیەکی سەربەخۆ و هەورەها کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی شورای مافەکانی مرۆڤ سەبارەت بە ئێران پێک بهێنێت. ئامانج لەم دوو داواکارییە ساز کردنی مێکانیزمی وڵامدانەوە و لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە دەوڵەت و بەرپرسە ئایینییەکانی ئێرانە تا کار لەسەر جینایەتەکانیان بەپێی یاسا نێونەتەوەییەکان لەوانە جینایەتی جەنگی، مافەکانی مرۆڤ و مافەکانی منداڵان بکرێت."
دەقی تەواوی ئەم ڕاگەیاندنە کە بۆ بڵاو کردنەوە بە تایبەتی دراوە بە "ئێرانوایەر"، لە خواروە بخوێننەوە:
بەڕێز ئانتۆنیۆ گوترەش، لێپرسراوی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان- یەکی خەزەڵوەری ١٤٠١
ڕۆژی ١٣ی سێپتامبەری ٢٠٢٢، گەشتی ئێڕشادی کۆماری ئیسلامیی ئێران ژنێکی ٢٢ ساڵانی بە ناوی مەهسا (ژینا) ئەمینیی بە هۆی حیجابی نەگونجاو دەستگیر و زیندانی کرد. ئەو بۆ هۆی لێدانی بەزەبر و بەردەوام لەسەری لە لایەن پۆلیسەوە لە ڕۆژی ١٦ سێپتامبەری ٢٠٢٢دا گیانی لە دەست دا.
لە کاتی مەرگی ئەوەوە، ناڕەزایەتییە بەرین و بەردەوامەکان لە سەرتاسەری ئێراندا بەردەوامن. پۆلیس دڕندانە ناڕەزایەتییەکان سەرکوت دەکات و زۆربەی ناڕازیانی دەستگیر کردووە، بە تووندی لێیداون یان کوشتوونی. هەروەها هێرشێکی وەحشیانەی کردۆتە سەر زانکۆکان، قوتابخانەکان و ناوەندی پارێزەرانی ئێران.
بەپێی ڕاپۆرتەکان و ئەو گرتنە ڤیدیۆیانەی کە لە ئێرانەوە دەگەن، ڕژیم بەو پەڕی دڕندەییەوە مافەکانی مرۆڤ پێشێل و بە زەبەر و زۆری وەحشیانە ناڕەزایەتییەکان سەرکوت دەکات. نموونەکانی گرینگترین پرسەکان کە لە لایەن هاوڵاتیانەوە بە بەردەامی لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بڵاو کراونەتەوە، دەتوانین ئاماژە بەم نموونانەی خوارەوە بکەین:
- سەرکوتی بەرین و سیستماتیک بەپێی ڕەگەز کە پیشلکردنی مادەی (ئێچ) (١) ٧ی پێڕەوی ڕۆمایە. بەپێی ئەم پێڕەوە، هەر چەشنە سەرکوتێک بەپێی ڕەگەز بە شێوەیەکی دیاری کراو جینایەت بە دژی مرۆڤایەتی دەگرێتەوە. سەرکوت بەپێی ڕەگەز هەروەها پێشێل کردنی کۆنڤانسیۆنی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە بۆ سڕینەوە هەموو جۆرە هەڵاواردنێک بە دژی ژنان (ساڵی ١٩٧٩).
- بەکارهێنانی بێ سنووری هێزی زەبر، تەقەی ڕاستەوخۆ و کوشتنی هاوڵاتیانی مەدەنی لە پارێزگاکانی کوردستان و سیستان و بەلووچستان کە داژیەتیی هەیە لەگەڵ کۆنڤانسیۆنی نێونەتەوەیی سڕینەوەی هەموو چەشنە هەڵاواردنێکی ڕەگەزی (واژۆ کراو لە بەرواری ٣ی مارسی ١٩٦٧، و پەسەندکراوی بەرواری ٢٩ ئووتی ١٩٦٨ لە لایەن ئێرانەوە).
- بەکارهێنانی سەرباز- منداڵ بۆ سەرکوتی ناڕازیان. بەپێی مادەی (۸) (۲) (b) (xxvi) و (e) (vii) مەشووری ١٩٨٨ی دادگای نێونەتەوەیی سزادان، "سەربازگیریی منداڵانی ژێر تەمەن ١٥ ساڵ" بۆ هێزەکان یاخود گرووپە چەکدارەکانیش لە تێکهەڵچوونە چەکدارییە نێونەتەوەییەکان و هەروەها نانێونەتەوەییەکان دەچێتە خانەی جینایەتی جەنگییەوە.
- تەقە کردن لە منداڵان لە خیابانەکان، چ ناڕازی یان ڕێبوار. ئەمە پێشێل کردنی "ماڤی ژیان"ی منداڵانە کە لە کۆنڤانسیۆنی ١٩٨٩ی مافەکانی منداڵاندا گونجێندراوە (واژۆ کراو لە بەرواری ٥٥ سێپتەمبەری ١٩٩١ و پەسەندکراو لە بەرواری ١٣ی ژوویەی ١٩٩٤ لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە).
- بەکارهێنانی ئامبوڵانس بۆ دەستگیر کردنی ناڕازیان و گواستەنەوەی هێزە سەربازی/ پۆلیسییەکان. بەپێی پرۆتۆکۆلی هاوپیچکراوی ١٩٧٧ی کۆنڤانسیۆنی ژێنێڤ، پێڕەوی ناوخۆی ڕۆما دادگای نێونەتەوەیی سازدان و یاسا باوەکانی جەنگ، بەکارهێنانی کەرەستەکان و ئامرازە پزیشکییەکان بۆ مەبەستە ناپزیشکییەکان دەچێتە خانەی جینایەتی جەنگییەوە.
- دەستگیر کردنەدەستەجەمعییەکانی ناڕازیان، چالاکوانان، خوێندکاران، ڕۆژنامەوانان، هونەرمەندان، وەرزشوانان و زیندانیانی سیاسیی پیشوو وەک "دەستگیر کردنی پێشگیرانە" دژایەتیی هەیە لەگەڵ مافە نێونەتەوەییە مەدەنی و سیاسییەکان (مرۆیی) لەوانە ڕێکەوتننامەی مافە مەدەنی و سیاسییەکان (واژۆ٩کراو لە بەرواری ٤ی ئاپریلی ١٩٦٨ و پەسەند کراو لە بەرواری ٢٤ی ژوەنی ١٩٧٥لە لایەن ئێرانەوە) و ڕێکەوتننامەی نێونەتەوەیی مافە ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان (واژۆ کراو لە بەرواری ٤ی ئاپریلی ١٩٦٨ و پەسەند کراو لە بەراوری ٢٤ی ژوەنی ١٩٧٥ لە لایەن ئێرانەوە)یە.
- ڕێزنەرگرتن لە کەرامەت و نەپاراستنی گیان، تەندرووستی و حورمەتی زیندانیانی سیاسی و دەستگیر کراوە تازەکان کە ناکۆکە لەگەڵ "بنەما بنچینەییەکانی ڕەفتار لەگەڵ زیندانیان (پەسەند کراوی بڕیارنامەی ٤٥/١١١ لە بەرواری ١٤ دێسەبەری ١٩٩٠ی کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و "ڕێسا ستانداردە کەمینەییەکانی ڕەفتار لەگەڵ زیندانیان) ڕێساکانی نێلسۆن ماندێلا (پەسەند کراوی بڕیارنامەی ٧٠/١٧٥ی کۆڕی گشتیی نەتوە یەکگرتووەکان لە بەرواری ١٧ی دێسەمبەری ٢٠١٥)دا.
ئەرکی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان برەودان و پارێزگارییە لە مافەکانی مرۆڤ لە هەموو شێوەکانیدا و پیادەکردنی دادپەروەریییە بە نوێنەرایەتیی لە نەتەوەکان. ئەم ئەرکە لەو وڵاتانەی کە دێمۆکراسی تێیاندا بەرقەرار نییە و کەشی دێمۆکراتیک سنووردارە، گرینگییەکی زۆرتر پەیدا دەکات. ئێمە وەک پارێزەرانی یاسا و بۆ هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی ئێران، سەرەڕای سنوورەکانی دەوڵەت- نەتەوەکان، داوا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین کە بە خێرایی کۆمیتەیەکی سەربەخۆ و هەروەها کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی شورای مافەکانی مرۆڤ سەبارەت بە ئێران پێک بهێنێت. ئامانج لەم دوو داواکارییە ساز کردنی مێکانیزمی وڵامدانەوە و لێکۆڵینەوەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە لە دەوڵەت و برپرسانی ئایینیی ئێرانە تا کار بکرێت لەسەر جینایەتەکانیان بەپێی یاسا نێونەتەوەییەکان لەوانە جینایەتی جەنگی، مافەکانی مرۆڤ و مافەکانی منداڵان.
لە جیهانێکدا کە سیاسەت، سەرمایە و بەرژەوەندیی وڵاتان پیش مافەکانی مرۆڤ دەکەون، ئەمە دوایین هیوای ئێمەیە کە بیر و بڕوامان بە مێکانیزمەکانی بەڕێوەبەریی جیهانی و مەبەستە ڕاستەقینەکەی بۆ بەرگریی لە نەتەوەکان، سەرەڕای سنوورە جوگرافیایی، ڕەگەزی، ئایینی، ئێتنیکی، زمانی، جێندەری و چینایەتییە کۆمەڵایەتییە داسەپێنراوەکان سەر لە نوێ بینا بکەینەوە. ئێمە هەموومان مرڤ و ئەندامی یەک پەیکەرین.
لەگەڵ ڕێز
ئێمە، نەتەوە یەکگرتووەکان
ڕوونووس بۆ:
دادوەر پیوتەر هۆفامنسکی، دادگای نێونەتوەیی سزادان، سەرۆک
کەریم ئەسعەد ئەحمەد خان،دادگای نێونەتەوەیی سزادان، داواکاری گشتی
فێدریکۆ ڤیە گاس، شورای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، سەرۆک
وڵکەر تورک، شورای مافەکانی مرۆڤی هەتەوە یەکگرتووەکان، کۆمیساریای باڵای مافەکانی مرۆڤ
مێری ئێلوور، شورای مافەکانی مرۆڤی نەتوە یەکگرتووەکان، ڕێپەرتەری تایبەتی دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا
کاترین ڕاسەل، سندووقی نائاسایی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ منداڵان (یوونیسێف)، بەڕێوەبەری کارگێڕی
ڕابین نەندی، یوونیسێف- ئێران، نوێنەر
سیما سامی باهۆس، ژنانی نەتوە یەکگرتووەکان، بەڕێوەبەری کارگێڕی
سترەنفۆرد مویۆ، ناوەندی نێونەتەوەیی وێکال، سەرۆک
مارک ستیوەن ئێلیس، ناوەندی نێونەتەوەیی وێکال، بەڕێوەبەری کارگێڕی
تێبینییەکەت بنووسە