باڵوێزخانەی کۆماری ئازەربایجان کرایە ئامانجی هێرشی چەکدارانە.
هێرشەکە کاتژمێر ٨:٣٠ ی بەیانی ئەنجام دراوە، و لەم هێرشەدا ئۆرخان عەسگەرۆف، سەرۆکی بەشی ئەمنییەتی ئەم باڵوێزخانەیە کوژراوە. میدیاکانی کۆماری ئەزەربایجان دەڵین لەم هێرەشەدا دوو کەس بریندار بووە کە باری تەندورستیان ناجێگیرە.
وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی کۆماری ئازەربایجان ڕایگەیاند فەرمانبەرانی باڵوێزخانەی ئەزەربایجان دەگەڕێننەوە بۆ ئەم وڵاتە و وتوویەتی: "هەر وڵاتێک بەرپرسە لە لە دابین کردنی ئەمنییەتی باڵوێزخانەکانی وڵاتەکەی، حکوومەتی ئازەربایجان بەنیازە بەمزووانە باڵوێزخانەی خۆی لە تاران چۆڵ بکات."
ئێلهام عەلیئۆف، سەرۆکی کۆماری ئازەربایجان وێڕای مەحکووم کردنی ئەم ڕووداوە لە ڕاگەیەندراوێکدا وتوویەتی ئەمە ڕووداوێکی تیرۆریستییە.
مەولود چاوش ئۆغڵوو، وەزیری دەرەوەی تورکیە لە تویتەکدا وێڕای هاوسۆزی دەربڕین لەگەڵ کۆماری ئازەربایجان و مەحکووم کردنی ئەم هێرشە وتوویەتی "ئازەربایجان هەرگیز تەنیا نییە".
میدیاکانی ئازەربایجان لە زمانی میدیاکانی کۆماری ئیسلامییەوە نووسیویانە ئەم هێرشە لە لایەن هاوڵاتییەکی ئەرمەنییەوە ئەنجام دراوە بەڵام میدیا ئێرانییەکان ناسنامەی ناوبراویان بە ئێرانییەکی غەیرە ئەرمەنی ڕاگەیاندووە کە لەگەڵ دوو منداڵەکەیدا چووەتە ناو باڵیۆزخانەکەوە.
ناسنامەی کەسی هێرشبەر لە لایەن میدیا ئێرانییەکانەوە بە یاسین حوسەینزادە ناسێندراوە. بەپێی نووسینی میدیاکانی ئازەبایجان هێرشبەرەکە بە چەک ئۆتۆماتیکی کڵاشینکۆف هێرشی کردووەتە سەر بەشی پاسەوانیکردن.
میدیاکانی ئازەربایجان بە پشتبەستنی گرتە ڤیدیۆی کامێراکانی چادێری باڵوێزخانەی ئەم وڵاتە لە تاران نووسیویانە: "سەرۆکی پۆلیسی تاران ڕاست ناکات و لایەنی ئێرانی هەوڵ دەدات ڕووداوەکە لە بەرژەوەندی خۆی شی بکاتەوە. لە گرتە ڤیدیۆی هێرشەکەدا هێرشبەرەکە تەنیایە بە پێچەوانەی وتەی سەرۆکی پۆلیسی تاران دوو منداڵی لەگەڵدا نەییە."
میدیاکانی کۆماری ئازەربایجان لە زمانی وەزارەتی دەرەوەی ئەم وڵاتە نووسیویانە کە لە ئێستادا باکوو بە خێرایی لە حاڵی ئەنجامدانی توێژینەوەدایە و زانیاری تەواو دەخریتە ڕوو.
بەپێی نووسینی لێنت ئاز ئەو کەسەی هێرشی کردووەتە سەر باڵوێزخانەی ئازەربایجان دەستگیر کراوە و کاربەدەستانی ئیرانی توێژینەوەکانی خۆیان لەسەر ئەم بابەتە دەست پێکردووە.
ئەم ڕاپۆرتە هەواڵییە بەردەوام بەو هەواڵ و ڕاپۆرتانەی لە ئێران و کۆماری ئازەربایجانەوە پێمان دەگات نوێ دەکرێتەوە.
از بخش پاسخگویی دیدن کنید
در این بخش ایران وایر میتوانید با مسوولان تماس بگیرید و کارزار خود را برای مشکلات مختلف راهاندازی کنید
تێبینییەکەت بنووسە