ڕۆژیک دوای ئەوەی ئیبراهیم ڕەئیسی بەڵێنی دا بە عەلی خامنەیی کە هەڵاوسان و نرخی دراو کەم دەبێتەوە، نرخی دۆلار لە بازاڕی ئازادی ئێران گەیشتە ٤٩ هەزار تمەن.
ماڵپەڕی "بونبەست" کە لە بازاڕی ئازادی ئێراندا چاودێری نرخی دراوە بیانییەکان دەکات، دوانیوەڕۆی یەکشەمە ٣٠ی ڕێبەندان، نرخی دۆلاری ئەمریکای ٤٨٩٨٠ تمەن ڕاگەیەندراوە.
ئەم ژمارەیە بە بەراورد لەگەڵ حەوتووی ڕابردوودا ٣ هەزار تمەن زیادی کردووە.
هەروەها ئەو ماڵپەڕانەی لە دەرەوەی ئێران نرخی دراوەکان ڕادەگەیێنن و لەسەر ئەو بنەمایە ئاڵوگۆڕ دەکەن نرخی دۆلاریان زیاتر لە ٥٠ هەزار تمەنیان ڕاگەیاندووە.
شایانی باسە نرخی یۆرۆ تا کاتی نووسینی ئەم هەواڵە بوو بە ٥٢٥٠٠ تمەن و نرخی پاوەند بریتانیا گەیشتووەتە نزیکەی ٥٩ هەزار تمەن.
لە سەرەتای ساڵی ١٤٠١، نرخی دۆلار بە بەراورد لەگەڵ ڕیالی ئێران زیاتر لە ٥٠٪ زیادبوونی بەخۆیەوە بینیوە.
پسپۆڕان بنبەستی دانوستانەکانی زیندوو کردنەوەی بەرجام و خراپتر بوونی پێوەندییەکانی ڕۆژئاوا لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بەتایبەت دوای ناڕەزایەتییە سەراەرییەکانیان بە یەکێک لە هۆکارەکانی بەردەوامی تێپەڕینی ڕکودی دۆلار دەزانن.
گوشارەکانی ئەمریکا بۆ سنووردار کردنی پێوەندییە دراوییەکانی دراوسێکانی ئێران- لەوانە عێراق-لەگەڵ ئێران لەسەر زیادبوونی نرخی دراو کاریگەرییەکی بەرچاوی داناوە.
تێبینییەکەت بنووسە