ئەمڕۆ هاوکات لەگەڵ ڕاگەیاندنی کۆبوونەوەی نهێنی مەجلیس و دەوڵەت بۆ ڕێکخستنی بازاڕی دراو، دۆلار بوو بە ٥٤ هەزار تمەن و لە کاتژمێر ١٤:٠٠ کە ئەنجامەکە ڕاگەیەندرا نرخی دۆلار ٥٦ هەزار تمەنی تێپەڕاند.
لە درێژەی دابەزینی بەهای تمەنی نیشتمانیی ئێران بەرامبەر بە دراوە بیانییەکان، نرخی هەر دۆلارێکی ئەمریکا لە بازاڕە نافەرمیەکانی تاران بە تۆمارێکی بێوێنە ٥٦ هەزار تمەنی تێپەڕاندووە و لە بەشێک لە ناوچەکاندا بە نرخی ٥٦ هەزار و ٥٠٠ تمەن مامەڵەی پێوە دەکرێت.
هەروەها نرخی یۆرۆ بووە بە ٥٨ هەزار تمەن و نرخی پاوەندی بریتانیا گەیشتووەتە ٦٦ هەزار و ٥٩٠ تمەن.
لە کۆبوونەوەی دەوڵەت و مەجلیس بۆ ڕێکخستنی نرخی دراو لە بازاڕدا، ڕاگەیەندرا دەوڵەت ڕێکەوتووە بۆ جارێکی دیکە ڕێگەی ئاڵوگۆڕی دراو بداتەوە بەسەرافییەکان.
لە سەرەتای ساڵی ١٤٠١ی هەتاوییەوە تا ئێستا پارەی نیشتمانی ئێران لە بەرامبەر پارە بیانییەکاندا زیاتر لە ٧٠٪ بەهای خۆی لەدەست داوە و دەوڵەت توانایی کۆنتڕۆڵ کردنی زیادی بوونی نرخی دراوی نییە. لە ڕۆژان و حەوتووەکانی ڕابردوودا نرخی کاڵا بنەڕەتییەکان زیاد بوونی بیوێنەی بە خۆیەوە بینیوە. بەشێک لە چاودێرانی ئابووری دەڵێن زیاد بوونی نرخەکان لەم چەند حەوتووەدا بەپێی دۆلاری ٤٠ هەزار تمەنی بووە، و لە ڕۆژان و حەوتووەکانی سەرەتای نەورۆزدا لەسەر تەقینەوەی نرخی کاڵا بنەڕەتییەکان هۆشداریان داوە.
تێبینییەکەت بنووسە