ئیبراهیم ڕەیسی، سەرۆک کۆماری ئێران لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕۆژی سێشەمە ٧ی خەرمانان، بە شێوەی ناڕاستەوخۆ پشتگیری شەپۆلی دەرکردنی مامۆستایانی لە زانکۆکانی ئێران کرد.
ڕەیسی بە بۆنەی حەوتوویی دەوڵەتەوە لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان قسەی کرد و هەروەها بانگەشەی کرد:"لە کاتی ئاژاوەگێڕییەکانی ساڵی ڕابردوودا کەسانێک لە ناو زانکۆکاندا توشی کەمتەرخەمی بوون کە دەبێت ئاگادار بکرێنەوە. ئێمە بە ئیلهام وەرگرتن لە لێبوردنی گشتی ڕێبەری شۆڕش، ئەم لێبوردنەمان بۆ ئەو ئەکادیمیستانە جێبەجێ کرد کە هەڵەیان کردبوو."
ئەو بەم حاڵەوە وتی: "ئەگەر کەسانێک بە نیاز بوون نەزمی زانکۆ تێک بدەن و یاسا بشکێنن، نابێت زانکۆ ڕێگە بەمە بدات و دەبێت ڕووبەڕوویان بێتەوە."
هەروەها ڕۆژی ڕابردووش وەزارەتی نێوخۆیی دەوڵەتی ئیبراهیم ڕەیسی لە ڕێگەی بڵاو کردنەوەی ڕاگەیەندراوێکەوە ناڕەزایەتی و ڕەخنەکانی لە مامۆستایانی زانکۆی بە "کەشی ساختەی میدیاکان" وەسف کرد و بۆ دەرکردنی مامۆستایانی ناڕازی ستایشی وەزارەتی زانستی کرد.
ناوەندی میدیایی وەزارەتیی ئێران لەم ڕاگەیەندراوەدا نووسیبووی: "ئەو شتەی وەزارەتی زانستەکان بەرامبەر ژمارەیەکی کەمی ئەو مامۆستایانەی کە ئاستی زانستیان دابەزیبوو، بەڵام دەوری گرینگیان لە نمایش کردنە میدیاییەکاندا گێڕاوە، بەپێی پێڕەوە یاسایی و ئیدارییەکان و هەڵبەت ئەرکی شۆڕشگێڕانەی ئەم وەزارەتخانەیە بۆ بزووتنی زانستی و کلتووری زانکۆکان بووە کە شایستەی ڕێز لێنانە."
ڕادەی دەرکردنی مامۆستایان لە زانکۆکانی ئێراندا لە حاڵی پەرەسەندن دایە و ڕۆژی ٦ی خەرمانان شورای پیشەیی خوێندکارانی ئێران ڕایگەیاند شەپۆلی هەڵپەسێران و دەرکردنی مامۆستایان گەیشتۆتە زانکۆکانی شیراز و "عەزیز شەفیعی زەرقانی"، مامۆستای بەشێ ئەندازیاری مەوادی زانکۆی شیراز، لەم زانکۆیە دەرکراوە.
لە یەکێک لە کاردانەوکان بەرامبەر دەرکردنی مامۆستایانی زانکۆ، ناوەندی نووسەرانی ئێران لە ڕاگەیەندراویکدا بە ئاماژە کردن بە "دووپات بوونەوەی کارەساتی پاکتاوکردنی دەیەی ٦٠ی زانکۆکان"، هۆشداری داوە.
ئەم ناوەندە لە ڕاگەیەندراوەکەیاندا کە ڕۆژی دووشەمە ٦ی خەرمانان بڵاویان کردۆتەوە ئاماژەیان بەوەی کردووە کە فەرمانی پاکتاوکردن لە زانکۆ جیاوازەکاندا لەوانە زانکۆ تاران، زانکۆی شەریف، زانکۆی هونەر و زانکۆی عەلامە جێبەجێ کراوە و ناڕەزایەتی زۆربەی ڕێکخراوە پیشەییەکانی خوێندکاران و ئاکادمیسییەکانی لێکەوتەوە.
لە ڕاگەیەندراوی ناوەندی نووسەرانی ئێراندا هاتووە: لە ڕۆژە سەرەتاییەکانی دەمەزراندنی ئەم حکوومەتە، ڕۆشنبیران و مامۆستایانی ناڕازی بەرامبەر کوشت و بڕی فەرهەنگی بە ناو "شۆڕشی فەرهەنگی" "پاکتاو" کران و "ئەوەی سەر بە خۆیان" بوو لە شەوێکدا زانکۆکان و کەشی زانستی و فەرهەنگیان داگیر کرد. لە ئێستادا بازنەی سەرکوتەکان تەنگتر بۆتەوە و کەسانێک لە نێوان سەرکوتکراواندا هەن کە شایەتی بێدەنگ کراوی سەرکوتەکانی پێشوون.
ناوەندی نووسەرانی ئێران لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەیاندا هۆشداریان دا کە ئەگەر کۆمەڵگا بەرامبەر ئەوەی ئەمڕۆ لە زانکۆکاندا ڕوو دەدات بێدەنگ بن، گومان دەکرێت کە کارەساتی پاکتاوکردنی زانکۆکان لە دەیەی ٦٠ لە ڕەهەندگەلی دیکە دووپات ببێتەوە و "یەکێک لە گرینگترین ناوەندەکانی ناڕەزایەتی و پێداگریی لەسەر خواستی ئازادی" لە یاد بکرێت.
تێبینییەکەت بنووسە