پاش تێپەڕ بوونی ١٩ ڕۆژ بەسەر دەستگیر کردنی ١٠ ژنی بەهایی کە شاری ئەسفەهان لە سەر بڕیاری لێپرسراوی لقی ١٨ی دادگای شۆڕشی ئەسفەهان، سەجاد پاکدێلنیا و هەشت دەستگیر کراوی دیکە لە ئەسفەهان، لە دۆخێکی سەختدا بەسەر دەبەن و لە ژێر لێپرسینەوەی قورسدان و مافی دیدار لەگەڵ بنەماڵەکانیان لێ زەوت کراوە.
بەپێی گوتەکانی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هاوڵاتیانەی کە دەستگیر کراون دۆخێکی تایبەتیان هەیە لەوانە نەخۆشین، ژێر تەمەنی ٢٠ ساڵ و هەموویان بە هۆی دۆخی نالەباری زیندانەوە نەخۆش کەوتوون و تەنانەت هەندێکیشیان لە ماوەی دوورودرێژی خولی دەستگیرییەکەیاندا لە زیندانەوە بۆ نەخۆشخانە بە مەبەستی چارەسەری پزیشکی گوازراونەتەوە.
شایانی باسە کە ١٠ ژنی بەهایی لە ئۆپێراسیۆنێکی هاوبەش لە ڕۆژی دووشەمە یەکی خەزەڵوەر لە لایەن هێزەکانی سەر بە وەزارەتی ئیتلاعات لە ئەسفەهاندا دەستگیر کراون. ئەم هاوڵاتییە دەستگیر کراوانە هەر لە یەکەم ڕۆژەوە خراونەتە ژێر لێپرسینەوەی سەخت و دوورودرێژەوە. دوو کەس لەم دەستگیر کراوانە بە ناوەکانی نێدا عیمادی و پەرەستوو حەکیم لە ڕۆژی پێنجشەمە هەر کامەیان بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کران بەلام هەشت کەسەکەی دیکە لە زیندانی دەولەت ئاباددا خرانە ژێر لێپرسینەوەوە و لە گرتووخانەدا دەستبەسەر کراون.
ناوی ئەم هەشت ژنە بەهاییەی کە لە گرتووخانەی هێزە ئەمنییەتییەکاندا دەستبەسەرن بریتین لە:
یەگانە ئاگاهی، ئارەزوو سوبحانیان، یەگانە ڕووحبەخش، شانا شەوقیفەڕ، موژگان شاەڕەزایی، بەهارە لوتفی، نێدا بەدەخش (ئاگاە) و نگین خادەمی.
ئەمە لە حاڵێک دایە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ماڵی دەیان هاوڵاتیی بەهایی لە شارەکانی هەمەدان، کەرەج و یەزد لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە پشکنینیان بۆ کراوە و لانیکەم ١٦ هاوڵاتیی بەهایی دەستگیر کراون. هەروەها لە یەک مانگی ڕابردوودا، شەش هاوڵاتیی بەهایی دیکە لە شاری یەزد دەستگیر کراون. پێنج کەس لە دەستگیر کراوەکانی یەزد بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کراون بەلام یەکێک لەم دەستگیر کراوانە بە ناوی "ئیمان ڕەشیدی" چارەنووسی ناڕوونە و هێشتا لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی یەزددا لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێت.
تێبینییەکەت بنووسە