بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەکان، سوهراب ڕەحمەتی، چالاک و ئەندامی ناوەندی پارێزەرانی هەرێمی کوردستان، پێنجشەمە هەوڵی تیرۆر کردنی درا. سوهراب ڕەحمەتی چاوی بریندار بووە و ئێستا لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی هەولێردا چارەسەری پزیشکیی بۆ دەکرێت.
سوهراب ڕەحمەتی ماوەیەک بەر لەمە وتبووی کە ناوەندە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران "هەڕەشەی تیرۆر کردن"یان لێ کردووە. ئەم پارێزەرە کوردە لەم دوایانەدا دۆسییەی تیرۆری بێهرووز ڕەحیمی، یەکێک لە ئەندامانی پارتی ژیانی ئازاد (پژاک) کە مانگی پووشپەڕی ١٤٠٠ لە سلئـێمانی تیرۆر کرا، گرتبووە ئەستۆ. تۆمەتباری سەرەکیی ئەم دۆسیەیە حەوتووی ڕابردوو لە لایەن دادگایەکەوە لە سلێمانی بە زیندانی هەتاهەتایی سزا درا.
بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوە ئاگادارەکان، تۆمەتبارەکە دانی بەوەدا ناوە کە لە لایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامی و لە بەرامبەر پارەدا بێهرووز ڕەحیمیی تیرۆر کردووە.
لە ساڵی ڕابردووەوە و هاوکات لەگەڵ دەست پێ کردنی ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکان لە ئێران، سپای پاسداران بە بیانووی پێوەندیی ناڕەزایەتییەکانی ئێران لەگەڵ حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە باشووری کوردستان، لەوانە پژاک، پێگەکانی ئەم حیزبانەی لە خاکی باشوور کردۆتە ئامانجی هێرشە تۆپخانەیی و مووشەکییەکانی.
پێشتر ئارش ساڵح، نوێنەری حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران، جگە لە ڕەت کردنەوەی تۆمەتەکانی کۆماری ئیسلامی، وتبووی: "حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران هیچ کات خاکی عێراقی بۆ هیچ جۆرە چالاکییەکی سەربازی بە دژی کۆماری ئیسلامی بەکار نەهـێناوە."
ئەو بە ئاماژەدان بەمەی کە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە خاکی باشووری کوردستاندا "زیاتر بە شێوەی سیاسی و ناسەربازی" ئامادەییان هەیە و وتی دەوڵەتی عێراق بەرپرسی پاراستنی گیانی ئەم چالاکە سیاسییە پەنابەرانە و بنەماڵەکانیانە لە خاکی عێراقدا.
سەلاح بایەزیدی، نوێنەری کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکیشانی کوردستانی ئێران لە ئەمریکایش پێشتر هەر لەم بارەوە وتبووی: "ساڵانێکی زۆرە هێرشە مووشەکییەکان و تیرۆر کردنی چالاکانی مەدەنی و سیاسیی کوردی ڕۆژهەڵات بەردەوامە و ئێستا یەک ساڵ دوای شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەرهەلدانەوەی دووبارەی لە ئێراندا دەترسێت."
تێبینییەکەت بنووسە