ئێوارەی ڕۆژی شەممە ۷ی ڕێبەندانی ۱۴۰۲ کۆڵبەرێکی دانیشتووی گوندی "جنیان"ی سەر بە شاری سەقز بە ناوی 'مەنسوور محەممەدنژاد" لەکاتی کۆڵبەریدا لە سنووری "بەستەم"، بە هۆی تەقەی هێزە سنوورپارێزەکانی کۆماری ئیسلامی گیانی لە دەست دا.
بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا بڵاوبووەتەوە، دەردەکەوێت کە دانیشتووانی گوندی جنیان و گوندەکانی دەوروبەر، سەرەڕای ئەوەی کەش و هەوایەکی یەکجار ساردی هەبووە، توانیویانە خۆ بگەیەنە بەرزاییە سنوورییەکان و تەرمی ئەو کۆڵبەرە بهێنە خووار و ڕادەستی تیمی فریاکەوتنی بکەن.
گوندی «بەستەم» ۶۵ کیلۆمەتر لە سەقزەوە دوورە، بەڵام لەم گوندەوە تا سنووری ئێران و عێڕاق تەنها ۸ کیلۆمەتر مەودایە.
سێ مانگ لەمەوبەر بازاڕی سنووریی "سەیف" کە دەکەوێتە دەوروبەری گوندی سنیان دووای بانگەشەیەکی زۆری کۆماری ئیسلامی بە مەبەستی هەناردەکردن و هاوردەکردنی کەلوپەلی "ڕێگەپێدراو" بە شێوەیەکی یەک لایانە کرایەوە، بەڵام تا ئێستا حکومەتی ناوەندی ئێڕاق و حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەنین ئەم دەروازە سنوورییە بکەنەوە.
تێبینییەکەت بنووسە