بەهۆی دەستڕێژی گولـلەی هێزەکانی سوپای پاسداران بەرەو ئۆتۆمبێلێک لە کرماشان، دوو هاوڵاتی کە بەریتی بوون لە ژنێکی تەمەن ٧٠ ساڵ و کوڕە تەمەن ٢٤ ساڵەکەی کوژران.
بەپێی هەواڵێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "هەنگاو"، ئەو ڕووداوە شەوی یەکشەممە ٢٢ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ لە دەوروبەری شاری داڵاهوو هاتۆتە ئاراوە.
وەک هەنگاو ئاشکرای کردووە، ناوی ئەو دوو هاوڵاتییە "سوورەت وەیسی" و "عەلی ئەشرەف ڕەزایی"ـە و تەرمەکانیان لە ئێستادا لە نەخۆشخانەی "شوهەدا"ی سەرپێڵ زەهاوە.
لەو هەواڵەدا هاتووە، کە هێزەکانی سوپای پاسداران لە "ملەی سەرانە" کە دەکەوێتە دەوروبەری داڵاهووەوە تەقەیان لە ئۆتۆمبێلی ئەو هاوڵاتیانە کردووە.
تاوەکو کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هۆکاری دەستڕێژی گولـلەی هێزەکانی سوپای پاسداران لەو هاوڵاتیانە دیار نییە.
ناوەندی ئامار و بەڵگەکانی هەنگاو دەڵێت، لەماوەی دوو مانگ و نیوی ڕابردوودا پێنج هاوڵاتیی مەدەنی لە پارێزگای کرماشان بە تەقەی هێزە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی کوژراون.
تێبینییەکەت بنووسە