هەواڵنێری "میزان"، سەر بە دەستەڵاتی دادی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەواڵێکدا ڕایگەیاند کە بەرەبەیانەی ڕۆژی دووشەممە ٩ی بەفرانباری ١٤٠٢، سزای لە سێدارەدانی هەر یەکە لە "وەفا ئازەربار"، "پێژمان فاتحی"، "محەمەد فەرامەرزی" و "مۆحسێن مەزلووم" لە زیندانی قزلحەساری کەرەج جێبەجێکراوە.
جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەدانی ئەم چووار زیندانییە سیاسییە لە کاتێکدایە کە ڕۆژی شەممە ٧ی ڕێبەندان، لقی جێبەجێکردنی سزای دادگای ئینقلابی تاران و ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، پەیوەندییان بە بنەماڵەی ئەو چووار زیندانییەوە کردبوو و پێیان ڕاگەیاندووبوون کە بچنە سەردانی ڕۆڵەکانیان.
لە پاش ئەوە بنەماڵەی ئەو زیندانیانە ڕایانگەیاند کە ڕۆژی یەکشەممە چاویان بە منداڵەکانیان کەوتووە و پێیان ڕاگەیاندوونە کە ئەوە کۆتا دیدار دەبێت.
هەواڵنێری میزان، کە سەر بە دەستەڵاتی دادی کۆماری ئیسلامی ئێرانە جارێکی دیکە تۆمەتەکانی خۆی بەرامبەر بەو چووار زیندانییە لە سێدارە دراوە دووپات کردووەتەوە و نووسیویەتی کە ئەوان "ئەندامانی سەرەکی تیمی جێبەجێکاری پڕۆژەی تێکدەرانەی مۆساد لە کارگەیەکی بەرهەمهێنانی کەرەستەی جەنگی و مووشەکی بوونە". بنەماڵەی ئەو چووار کەسە بە توندی ئەو تۆمەتە ڕەد دەکەنەوە.
پێشتر سەدا و سیمای کۆماری ئیسلامی لانیکەم دوو جار ویدیۆی "دانپێدانان"ی ئەو چووار کەسەی بڵاوکردبووە. چالاکانی ماڤی مرۆڤ دەڵێن کە ئەو "دانپێدانانە" زۆرەملی و لە ژێر ئەشکەنجەدابوونه.
مەسعود شەمسنژاد، پارێزەری ئەو چووار زیندانییە، وەک کاردانەوەیەک بە نیسبەت لە سێدارەدانی ئەوان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (توییتەری جاران) نوسیویەتی: «ئەوان لەگەڵ بانگی ئێعدام، ئێعدام کران».
مەسعوود شەمسنژاد پێشتریش وێرای وێناکردنی پرۆسەی دادگاییکردن و سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر موەکیلەکانی وەک کارێکی نادادپەروەرانە و دوور لە ئینساف، وتبووی: «لە کاتێکەوە ئەرکی پارێزەریی بنەماڵەکانی ئەم چوار زیندانییەم قبووڵ کردووە، بە داخەوە نە پارێزوانەکانم لە مافەکانی خۆیان بەهرەمەند بوون و نە منیش، پارێزەریی من تەنها لەسەر کاغەز بووە و هەموو هەڵات هەڵاتەکانم بێئەنجام ماوەتەوە».
چەند ڕۆژ بەر لە ئێستاش دایکی ئەو چووار زیندانی سیاسییە لە نامەیەکی سەرئاوەڵەدا، داوایان لە "نەدا ئەلشەنیف" نوێنەری کۆمیساری مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان کردبوو کە لە سەردانیدا بۆ ئێران، داوای ڕاگرتنی سزای لە سێدارەدانی منداڵەکانیان لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بکات. هەر یەکە لە ئەفسانه یوسفی (دایکی پێژمان فاتحی)، گەوهەر چاشنیگەر (دایکی وەفا ئازەربار)، بەدیعە شەریفپوور (دایکی محەممەد فەرامەرزی) و مەحموبە نەعلبەندیان (دایکی مۆحسێن مەزلوم) ئەم نامە سەرئاوەڵەیان واژوو کردبوو.
دایکی ئەم چوار زیندانی سیاسییە، لە نامەکەی خۆیاندا گوتبوویان: "ئێمە دایکی چووار زیندانی سیاسی کوردین کە سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە. رۆڵەکانی ئێمە لەسەر ئەساسی تاوانی بێ بنەما و دوور لە ڕاستی لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە دۆسیەیان بۆ کراوەیەوە و دووای ١٨ مانگ لە بێ سەروشوێنبوونیان و وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملی، لە پرۆسەیەکی نا یاسایی و نا دادپەروەرانەدا و هەروەها بە خێرایی و نا ڕوونی ئێعدامیان بەسەردا سەپاوە و هەردەم ئەگەری هەیە ئەو سزایە جێبەجێ بکرێت".
پێژمان فاتیحی، موحسین مەزڵووم، محەممەد فەرامەرزی و وەفا ئازەربار کە لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە تا یەک ڕۆژ بەر لە سێدارەدانیان ڕووبەڕووی سیاسەتی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ ببوونەوە و دیار نەبوو کە لە کوێ بەندکراون. هەروەها ئەوان لە مافی پێوەندیگرتن لەگەڵ بنەماڵە و بەهرەمەندبوون لە پارێزەری دیاریکراوی خۆیان بێبەش کرابوون.
بە گوتەی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ئەم چوار ئەندامەی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستان، ڕۆژی ١ی گەلاوێژی ١٤٠١ (٢٣ی جولایی ٢٠٢٢) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە گوندێکی ورمێ دەستبەسەر کران.
از بخش پاسخگویی دیدن کنید
در این بخش ایران وایر میتوانید با مسوولان تماس بگیرید و کارزار خود را برای مشکلات مختلف راهاندازی کنید
تێبینییەکەت بنووسە