هاوکات لەگەڵ بەردەوامیی دەستبەسەری ئەمیرشا وەلایەتی، یەکێک لە بریندارانی چاوی ناڕەزایەتییەکانی ژن، ژیان، ئازادی، پارێزەری ئەو بەندکراوە سیاسییە بەرامبەر بە مانەوەی ناوبراو لە زیندانی ئەوین ناڕەزایەتی دەربڕی. دەگوترێت کە ئەمیرشا وەلایەتی ژانی چاوی زۆرە.
پەیامی دەرەفشان، پارێزەری ئەمیرشا وەلایەتی، دەڵێت لە موەکیلەکەی حوکمی گرتووە کە بە دانانی بارمەتە ئازاد بکرێت و دراویشەتە بەشی گشتیی لە زیندانی ئەویندا، کەچی دۆسیەکەی بە ناڕوونی ڕاگیراوە.
ئەو پارێزەرە هەروەها گوتوویەتی: «بە لەبەرچاو گرتنی ئەوەی موەکیلەکەم ساچمەی وە چاوی کەوتووە و هیچ ڕێگایەک بۆ دەرهێنانەوە ئەو ساچمانە نییە، ئازار و ژانێکی زۆری هەیە. بۆیە بەڕێزانی دەستەڵاتی داد بەرپرسیارانه بڕیاریاندا کە بە کەفالەت ئازاد بکرێت».
ئەمیرشا وەلایەتی و مەتین حەسەنی دوو لەو کەسانەن کە سەرەڕای ئەوەی چاویان لە گەرمەی ڕاپەڕینی ژن، ژیان، ئازادیدا فیشەکی ساچمەی بەرکەوتبوو، ڕۆژی ٣ی بەفرانبار لە تاران و بۆکان دەستبەسەرکران.
ئەمیرشا وەلایەتی دووای ئەوەیکە پەلکێشی دادسەرای ئەوینی تاران کرا، گیرا و ڕاگواسترا بۆ زیندانی ئەوین.
لە گەرمەی ڕاپەڕینی ژن، ژیان، ئازادیدا حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستی دایە سەرکووتی توندی خۆپێشاندەران. ناوەندەکانی مافی مرۆڤ باس لە برینداربوونی دەیان هەزار کەس دەکەن. لەو ناوە سەدان کەس چاویان ساچمەی بەرکەوتووە و هەندێکیان بۆ هەمیشە سۆمای چاویان ناماوە.
تێبینییەکەت بنووسە