close button
دەتەوێت بچیتە ناو وەشانی ئێران‌وایەرەوە؟
وادیارە بۆ دانانی ئەم لاپەڕەیە کێشەیەک هاتۆتە ئاراوە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە بچۆ ناو وەشانی ئێران‌وایەرەوە
ژنان

ژینا مودەڕیس گورجی، سزای ٢١ ساڵ بەندکران و دوورخستنەوەی بۆ زیندانی هەمەدانی بەسەردا سەپێندرا

۷ جۆزەردانی ۱۴۰۳
خوێندنەوەی وتارە لە ۳ خولەکدا
ژینا مودەڕیس گورجی
ژینا مودەڕیس گورجی

ژینا مودەڕیس گورجی، ڕۆژنامەوان و چالاکی بواری مافەکانی ژنانی خەڵکی سنە، لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامی ئەم شارەوە بە تۆمەتی "پێکهێنانی گرووپ و دەستەی نایاسایی بە مەبەستی ڕووخاندنی حکومەت" سزای ١٠ ساڵ بەندکران، "هاوکاریکردن لەگەڵ دەوڵەتانی دژبەردا" سزای ١٠ ساڵ بەندکران و  "بانگەشە دژ بە حکومەت" سزای ساڵێک بەندکرانی بەسەردا سەپاوە.

بەپێی ڕاپۆرتی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، دواکۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەم ژنە چالاکە ڕۆژی ٢١ی خاکەلێوەی ١٤٠٣ لە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر کەرەمی بەڕێوە چوو و لە ڕۆژانی ڕابردوودا ئەو حوکمە بە پارێزەرەکانی ڕاگەیەنراوە.

بەپێی مادەی ١٣٤ی یاسای سزادانی ئیسلامی (یاسای کۆکردنەوەی سزاکان) لە کۆی ئەو ٢١ ساڵە، گەورەترین سزاکە واتە ١٠ ساڵ بەندکران لەگەڵ دوورخستنەوەدا بۆ زیندانی هەمەدان دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. پارێزەرەکانی ژینا بە شێوەی فەرمی تانەیان لەو حوکمە داوە و دۆسیەکە بۆ تێهەڵچوونەوە ڕەوانەی بەردەم دادگای پیاچوونەوەی پارێزگای کوردستان دەکرێت.

بەپێی حوکمەکە، "دامەزراندنی ئەنجومەنی ژیوانۆ بە ئایدیۆلۆژیای فێمێنیستییەوە بە مەبەستی ڕووخاندنی حکومەت"، "بەشداریکردنی مەبەستدار لە کۆبوونەوەدا و وتنەوەی دروشمی دژەباو و ڕووخێنەرانە"، "پێوەندی بەردەوام لەگەڵ کەسانی دژەشۆڕش"، "بەشداریکردن لە کۆنفرانس و وۆرکشۆپی فێرکاریی نێودەوڵەتی"، "بڵاوکردنەوەی بابەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا و وتووێژکردن لەگەڵ میدیاکانی دەرەوەی ئێران بە مەبەستی ڕەشکردنی بارودۆخی ئێران و تێکدانی فەزای کۆمەڵگا لە قۆناغی هەستیاری دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی" وەک نموونە بۆ سەلماندنی تۆمەتەکان ڕاگەیەنراوە.

دادگای شۆڕشی ئیسلامی هەروەها ڕایگەیاندووە کە بەرپرسیارێتی لێکۆڵینەوە بۆ تۆمەتی "بڵاوکردنەوەی بابەتی درۆ و هاندانی خەڵک بۆ کرداری توندوتیژ" لە ئەستۆی دادگای کەیفەریدایە و هەر بۆیە دۆسیەکەی ڕەوانەی بەردەم دادگای کەیفەری ٢ی سنە کردووە.

دادگای شۆڕشی ئیسلامی بۆ ڕووبەڕووکردنەوەی ئەو تۆمەتانە و تاوانبارکردنی ژینا مودەڕیس گورجی، پشتی بە ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی ئیتلاعات بەستووە. ئەم دادگایە هەروەها ڕایگەیاندووە کە بەندکردنی ئەم چالاکەی مافەکانی ژنان لە زیندانی سنەدا بە هۆی "ئەگەری چالاکی تێکدەرانەی ئەمنی" وەکوو "خراپەکاری ئەمنی" وایە و بەپێی مادەی ٥١٣ی یاسای دادگاییکردنی کەیفەری، بڕیاری داوە کە سزاکە لە زیندانی هەمەداندا جێبەجێ بکرێت.

ژینا مودەڕیس گورجی، ڕۆژنامەوان و لە چالاکانی ناسراوی بزاڤی ژنانی کوردستان و ئێران، یەکەم جار لە ڕەوتی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی و لە ڕێکەوتی ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠١دا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە شەقامێکی سنەدا بە شێوەیەکی توندوتیژئامێز دەستبەسەر کرا و دوای ٤٢ ڕۆژ دەستبەسەربوون لە بەندی ژنانی زیندانی سنە، لە ڕێکەوتی ١٠ی گەڵاڕێزاندا بە دانانی بارمتەی ١٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا. دواتر تۆمەتی دیکەی ڕووبەڕوو کرایەوە و هەر بۆیە ڕێژەی بارمتەکە بەرز کرایەوە بۆ یەک ملیاڕد تمەن.

ئەم ژنە چالاکە کوردە ڕۆژی ٢١ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ بۆ دووهەم جار لەدوای سەرهەڵدانی سەرانسەریی دژ بە کوشتنی ژینا ئەمینییەوە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و دوای ٨٤ ڕۆژ لە ڕێکەوتی ١٢ی پووشپەڕی ١٤٠٢دا بە بارمتەی قورسی ٥ ملیاڕد تمەنی بە شێوەی کاتی لە بەندی ژنانی کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتی سنە ئازاد کرا. ژینا یەکەم مانگی دەستبەسەربوونی لە ژووری تاکەکەسی ئەم زیندانە و لە دۆخێکی دژواردا تێپەڕاندبوو.

ژینا مودەڕیس گورجی لە مەودای نێوان هەردوو جاری دەستبەسەرکردندا بە شێوەی بەردەوام لەژێر گوشار و چاوەدێری دامودەزگا ئەمنییەکان و دەزگای دادوەریدا بووە. هەروەها خاکەلێوەی ئەمساڵ کتێبفرۆشی "ژیرا" بە سەرپەرشتی ژینا مودەڕیس گورجی، لە لایەن ئیدارەی چاوەدێریکردن بەسەر شوێنە گشتییەکانی سنەوە (ئەماکن) بە بیانووی "ڕەچاو نەکردنی حیجابی ئیسلامی" بۆ ماوەی چەند ڕۆژ داخرا.

یەکەم کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەم ژنە چالاکە لە ڕێکەوتی ٢٣ی ڕێبەندانی ١٤٠١دا لە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر ئەکبەری، دووهەم کۆبوونەوە ڕۆژی ٢٢ی خەرمانانی ١٤٠٢ و سێهەم کۆبوونەوە ڕۆژی ٢١ی خاکەلێوەی ١٤٠٣ لە هەمان دادگا و بە سەرۆکایەتی دادوەر کەرەمی بەڕێوە چوو.

تێبینییەکەت بنووسە

سیاسەت

دادگای نێودەوڵەتی داد داوای لە ئیسرائیل کرد کە دەستبەجێ هێرش بۆ سەر...

۴ جۆزەردانی ۱۴۰۳
خوێندنەوەی وتارە لە ۱ خولەکدا
دادگای نێودەوڵەتی داد داوای لە ئیسرائیل کرد کە دەستبەجێ هێرش بۆ سەر ڕەفەح ڕابگرێت