سەر لە بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەمە، ٢٣ی خەزەڵوەری ١٤٠١، سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی لە سەرەتای نۆهەمین حەتووی مانگرتنەکان و ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکان لە ئێراندا، جارێکیتر هیرشی مووشەکی و بالستیکیی کردەسەر ئۆردووگا ناوەندییەکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لەوانە "حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران" و "کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان" لە قووڵایی خاکی هەرێمی کوردستاندا.
سەر لە بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەمە، ٢٣ی خەزەڵوەری ١٤٠١، سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی،هیرشی مووشەکی و بالستیکیی کردە سەر ئۆردووگا ناوەندییەکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە قووڵایی خاکی هەرێمی کوردستاندا.#مهسا_امینی #ناڕەزایەتی_سەراسەری pic.twitter.com/MbmgKKY5Kj
— ئێرانوایەر (@kurdishiranwire) November 14, 2022
بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی کە تاکوو ئێستا لە میدیاکانی باشووری کوردستاندا بڵاو بوونەتەوە، تا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە دوای هێرشەکەی سپای پاسداران بۆسەر ئۆردووگا ناوەندییەکانی ئەم دوو حیزبە، ئەندامێکی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران گیانی بەخت کردووە و زیاتر لە هەشت کەسیش بریندار بوون و بۆ ناوەندە پزیشکییەکان گوازراونەتەوە.
هێڕشە ئاسمانی و بالستیکییەکەی سپای پاسداران بۆسەر ئۆردووگای ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان خەساری گیانیی بەدواوە نەبووە بەڵام خەسارێکی مادیی زۆر بە ئۆردووگاکەیان لەوانە ئۆرگانە حیزبییەکانیان گەیشتووە.
لە دەسپێکی مانگرتنەکان و ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکانەوە لە ئێراندا، ئەمە دووهەم جارە کە سپای پاسداران ئۆردووگا ناوەندییەکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە قووڵایی خاکی هەرێم کوردستان دەکاتە ئامانج.
سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی، شەشەمی ڕەزبەری ١٤٠١ جارێکی دیکە لە ڕێگەی مووشەک و درۆنەوە، ئۆردووگا ناوەندییەکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لەوانە "کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان"، "حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران" و "کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران" و "حیزبی ئازادیی کوردستان"ی لە قووڵایی خاکی هەرێمی کوردستان کرده ئامانجی هێرشەکانی کە زیاتر لە ده کوژراو و پەنجا برینداری لێ کەوتەوە.
شایانی باسە کە پێوەندییە گشتییەکانی سپای پاسداران، دووهەمی ڕەزبەری ١٤٠١، لە ڕێگەی ڕاگەیەندراوێکەوە باسی لە دەست پێکردنی ئۆپێراسیۆنی لەناوبردنی گرووپە تیرۆریستی و دژە ئێرانییەکانی سەر بە ئیستکباری جیهانی لە هەرێمی باشووری عێراق کردبوو.
سپای پاسداران لەم ڕاگەیەندراوەدا داوای لە خەڵک و دانیشتوانی هەرێمی کوردستان کردبوو کە نزیکی مەقەڕ و ئۆردووگاکانی سەر بەم گرووپە تیرۆریستیانە لە ناوچەکە نەکەونەوە و خۆیان لەم ناوچانە بە دوور بگرن.
شایانی باسە کە ئۆردووگا ناوەندییەکانی "کۆمەڵە، ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران"، "کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان" و "کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران" بە ڕیز لە نزیک گوندەکانی "زڕگوێز"، "دێ عەلی" و "زڕگوێزەڵە" لە نزیک شاری سلێمانی هەڵکەوتوون.
هەروەها، حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانیش لە ئۆردووگا ناوەندییەکانی "قەڵای دیموکرات" و "کەمپی ئازادی"دا جێگیرن کە دەوری ١٠ کیلۆمەتر لە شاری کۆیەوە دوورن.
حیزبە ڕۆژهەڵاتییە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران سەرباری ئۆردووگا ناوەندییەکانیان لە قووڵایی خاکی هەرێمی کوردستاندا، ژمارەیەک لە یەکە سەربازییەکانیان لە ناوچە بەرین و شاخاوییەکانی "هەڵگورد"دا جێگیر کردووە.
ناوچەی هەڵگورد بەشێکە لە قەندیل وەک یەکێک لە زنجیرە شاخەکانی زاگرۆس و لە درێژەی خۆیدا دەچێتەوە سەر شارەکانی "شنۆ" و "پیرانشار"ی سەر بە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوا و وەک سنووری هاوبەشی نێوان هەرێمی کوردستان، ئێران و تورکیا دەناسرێتەوە.
ئەم ناوچانە، بە بەشێک لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی "پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق" دادەنرێن.
از بخش پاسخگویی دیدن کنید
در این بخش ایران وایر میتوانید با مسوولان تماس بگیرید و کارزار خود را برای مشکلات مختلف راهاندازی کنید
تێبینییەکەت بنووسە