لە درێژەی تەقە کردن لە کۆڵبەران لە سنوورەکانی کوردستان "فاروق عەلیزاده"، هاوڵاتی خەڵکی بانە، سەر لە بەیانی ڕۆژی یەکشەمە ٥ی سەرماوەزی ١٤٠٢، لە لایە هێزەکانی سەر سنوورەوە بە شێوەی ڕاستەوخۆ تەقەی لێ کرا و گیانی لە دەست دا.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، فاروق عەلیزاده، تەمەن ١٧ ساڵان و خەڵکی گوندی "گەنمان"ی سەر بە بەشی ناوەندی شارۆچکەی ڕەبەتی سەردەشتە و ئەم منداڵە لە کاتی کۆڵبەریدا لە لایەن هێزەکانی سەر سنوور بە فیشەکی ساچمەیی بە شێوەی ڕاستەوخۆ تەقە لە سەری کراوە و بە هۆی سەختیی برینەکانییەوە گیانی لەدەست دا.
هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی ئەم ماڵپەڕە لە هەمان ڕۆژدا گەنجێک بە ناوی "کامران سەعیدزاده" لە لایەن هێزەکانی سەر سنووری "هەنگەژاڵی" بانە بە فیشەکی ساچمەیی تەقەی لێ کراوە و فیشەک بەر دەست و پای کەوتووە و بۆ چارەسەری پزیشکی گوازراوەتەوە بۆ یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شار سەقز.
شایانی باسە تەقە کردن لە کۆڵبەران لە سنوورەکانی کوردستان زیادی کردووە و لە ڕۆژانی ڕابردوودا چەندین هاوڵاتیی کورد بە ناوەکانی "میلاد محەمەدیڕاد"، هاوڵاتی خەڵکی بۆکان لە لایەن هێزەکانی سەرسنوور لە هەنگەژاڵی بانە تەقەی لێ کراوە و بریندار بووە و هەروەها دوو کەسی دیکە بە ناوەکانی "ئاراس" و "ئاروین" خەڵکی شاری جوانڕۆ لە دوای ڕاوەدوونانی هێزەکانی سەر سنوور لە شاخ کەوتوونەتە خوارەوە و بە تووندی بریندار بوون.
بە گوێرەی دوایین هەواڵ کە لە لایەن ماڵپەڕی کۆڵبەر نیوزەوە بڵاو کراوەتەوە شەوی شەمە لە لایەن هێزەکانی سەرسنوورەوە لە ناوچەی "کەلە قەندی" لە سنووری نەسوود بۆسە بۆ کۆڵبەران دانراوە و هەروەها تەقەیان لێ کراو کە بە هۆیەوە چوار کۆڵبەر بریندار بوون کە تا ئێستا ناسنامەکانیان پشتڕاست نەکراوەتەوە.
بەپێی ئامارێک کە کۆڵبەر نیووز بڵاوی کردۆتەوە، لە ٦ مانگی یەکەمی ساڵی ١٤٠٢دا، بە گشتی ٨٥ کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکان و ڕێگاکانی نێوان پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژاوا، کوردستان و کرماشاندا بە هۆی کۆمەڵێک فاکتەری وەک تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئینتزامییەکانی ڕژیم، هەرەسهێنانی بەفر و سەرما، کەوتن بەسەر میناد، کەوتنە خوارەوە لە شاخ و باقیی حاڵەتەکانی دیکە دەکوژرێن یان بریندار دەکرێن.
تێبینییەکەت بنووسە