کرێکارێکی ئیدارەی ئاو و ئاوەڕۆی شارۆچکەی چاروسا لە پارێزگای کۆهگیلویە و بۆیرئەحمەد کە لەتاوی بێمووچەیی ئاگری لە جەستەی خۆی بەردابوو، بەهۆی قووڵی برینەکانییەوە لە نەخۆشخانەیەکی شاری شیراز گیانی لەدەست دا.
بەگوێرەی هەواڵێکی "ئیسنا"، بەخشداری چاروسا هەواڵەکەی پشتڕاست کردۆتەوە و وتوویەتی: "ئەو کرێکارە ڕۆژی دووشەممە ٢ی جۆزەردان لە بەر دەم ئیدارەی ئاو و ئاوەڕۆی ئەو شارۆچکەیە ئاگری لە جەستەی بەرداوە."
میدیاکانی ناوخۆی ئێران، ناسنامەی ئەو کرێکارەیان بە "سەعید فەرهادی" ڕاگەیاندووە.
سەعید فەرهادی پاش ئەوەی خۆی سووتاندووە چەند کەسێک چوون بە هانایەوە و ئاگرەکەیان کوژاندۆتەوە، پاشان بەمەبەستی چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەیەکی شاری شیرازیان کردووە.
ئەو کرێکارە سەرەنجام نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە ٤ی جۆزەردانی ١٤٠١ بەهۆی قووڵی برینەکانی گیانی لەدەست دا.
دەوترێت کە سەعید فەرهادی بەهۆی بێمووچەیی و ناڕوونیی گرێبەستی کارەکەیەوە خۆی سووتاندووە.
تێبینییەکەت بنووسە